خهبات: سەید فاتیح بەرزنجی:-
لەوەتەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان كراوەتەوە، بەشێوەیەكی بەرچاو دەرمانی ساختە ڕووی لە كەمبوونەوە كردووە ئەویش بە هەوڵ و كۆششی ئەو دەزگایەو وەزارەتی تەندروستی كاربۆ نەهێشتن و قەدەغەكردنی دەرمانی ساختە كراوە و ڕۆژانە كاركردن بۆ ئەو مەبەستە درێژەی هەیە و سەبارەت بەو بابەتە وەك ڕۆژنامەی خەبات ئەو ڕاپۆرتەمان ئامادەكرد.
هاووڵاتیان: هیوادارین لە گرانیی نرخیش لێپرسینەوە هەبێت، كەریم عوسمان لە شەقامی باتا خەریكی كڕینی دەرمان بوو گوتی: دەستخۆشی لە دەزگای كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان دەكەین كە ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ قەدەغەكردنی دەرمانی قاچاغ و ساختە دەكات هیوادارین كارەكانیان هێشتا چڕتر بكەنەوە. مام سابیر هەر لە شەقامی باتاو بەردەمی دەرمانخانەیەك خەریكی كڕینی دەرمان بوو گوتی: لەوەتەی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لە كوردستان دامەزراوە دەرمانی ساختە ڕووی لە كەم بوونەوە كردووەو هیوادارین لە گرانیی نرخیش لێپرسینەوە هەبێت. خالید نەخۆشێك بوو لە شەقامی پزیشكان داوای لە ئێمە كرد كە دەنگی بگەیەنینە بەرپرسان بۆئەوەی چیتر دەرمانی ساختە نەمێنێ.
بەڕێوەبەری كوالیتی كۆنتڕڵی جۆریی دەرمان: چەندین بازرگانی دەرمانی ساختە دراونەتە دادگا
هەر سەبارەت بە دەرمانی ساختەو لێپرسینەوە لەو كەسانەی كە دەرمانی ساختە دەهێننە كوردستان، دكتۆر گۆران ڕۆژبەیانی بەڕێوەبەری كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ڕوونیكردەوە: لە وەتەی ئەو دەزگایە دامەزراوە، توانراوە تا ڕادەیەكی بەرچاو دەرمانی ساختە ڕوو لە كەم بوونەوە بكات و ڕۆژانە تیمە هاوبەشەكان خەریكی پشكنین و بەدواداچوونن بۆ دەرمانی ساختەو قاچاغ و چەندین دەرمانخانەو كۆگای دەرمان داخراون، جگە لەوەش لەو ماوەیەدا ژمارەیەك بازرگانی دەرمانی قاچاغ و ساختە دەستگیركراون و دراونەتە دادگا، كە بریتی بوو لە 33 كەس، دیارە ئەو كەسانە بازرگانی دەرمانی قاچاغ بوون كە بەشێوەی نایاسایی دەرمان بۆ ناو كوردستان دەهێنن، دوای بەدواداچوونی بەردەوام و بە هاوكاریی دەزگا تەندروستییەكان و ئاسایش و پۆلیس ئەو كەسانە دەستگیر كران و كەیسەكانیان لە داگایەو باندێكیشی تێدایە. هەروەها ئەوانەی كە دۆسیەكانیان لە دادگایەو كەسانی دیكەیش لەگەل ئەوانن بەشێوەی باند كاریان كردووەو ڕێككاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەرو لەناو ئەو ژمارە كەسەی كە دەستگیركراون خەڵكی بیانیشی تێدایە وەك عەرەب و تورك و فارس و هەموو ئەو كەسانەی كاری دەرمانی ساختەو قاچاغ دەكەن دەستگیردەكرێن و دەدرێنە دەست دادگاو یاسا.










