فارس قادر فەقێ عەبدوڵلا❊
ئەم دەستەواژەیە قسەی برادەرێكمانە خوالێخۆش بێت كە كەسایەتییەكی شاری هەولێر بوو، ساڵی 1996 لەوكاتەی رووداوە نەخوازراوەكانی ناوەخۆ روویدابوو، باری ئەمنی شاری هەولێر ئارام نەبوو، ئەم دۆستەمان دەیفەرموو “پێویستە شەوانە سەیارەیەكی نەجدە لەبەر دەرگای فەرمانگەی ئاماری هەولێر بوەستێت و پاسەوانی لێبكات چونكە دائیرەی ئیحسا ئامار زۆر گرنگە”. ئەو سەردەم هەڤاڵان لە مەبەستی خوا لێخۆشبوو تێنەدەگەیشتن و هەركەسێك باسی شوێنێكی ناو هەولێری بكردبا وەك بگوترابا زانكۆ گرنگە ئەو دەیگوت “ئیحسا گرنگ ترە” یان پەروەردە یان شارەوانی ئەو دەیگوت “ئیحسا گرنگ ترە” تا وایلێهات بگوترابا كارەبا و ئاوی ماڵان و نەخۆشخانە گرنگە ئەو دەیگوت “ئیحساش گرنگە و كورینە لە یادتان نەچێ”، تا وایلێهات ئەم بابەتە كەوتە گفتوگۆ لە نێوانمان منیش بە پێكەنینەوە گووتم بەلێ قسەی هەڤاڵمان راستە، ئیحسا لە هەمووی گرنگترە لە نەخۆشخانەش گرنگترە، هەڤالان رووی پرسیاریان لە من كرد و گوتیان چۆن وا دەبێ و مەبەستتان چیە؟!! وە چۆن دەبێ ئیحسا لە سەروی هەموو شوێنەكانە تری خزمەتگوزاری بێت، زۆر سەیرە!.. گوتم هەڤاڵینە ئێوە مەبەستی ئەم هەڤاڵەمان تێناگەن، ئەو بۆیە وا دەڵێت چونكە ماڵی خۆی بەرامبەر دائیرەی ئیحسایە و ئەو مەبەستی ئەوەیە حیمایە بۆخۆیی و ماڵ و منداڵی خۆی دابین بكات نەك بۆ ئیحسا!.
ئەوەبوو ئەو هەڤاڵەمان خوالێیخۆش بێت گوتی “خوا شاهێدە راست دەكات و بەس ئەو، ئەوەی ناو دڵی منی زانی”، هەڤاڵمان پیاوێكی دڵساف و راستگۆ بوو هەزار رەحمەت لە گۆری نەیدەتوانی ئەوەی دڵی خۆی بشارێتەوە.
تا ئێرە گێرانەوەی حیكایەتێكی خۆشبوو ئەوەی لە دوای ئەو حیكایەتە مەبەستمە بیلێم ئەو سەردەمە لە دانانی كابینەی وەزارەتەكان لە حكومەتی خۆمان، خەریكە هەمووی وەك هەڤاڵەكەمان بكەن و یەكێك دەڵێت نەفت گرنگە؟!! یەكێك دەڵێت شارەوانی گرنگە لە بیرمەكەن !! یەكێك دەلێ پەروەردە ئەوی تر دەڵێت دارایی بەهەرحال هەركەسەو گوێز لە هەمبانەی خۆی دەژمێرێ و بە مەرامی خۆی قسە دەكات، دەبا بپرسین كامیان گرنگ نین؟!! ئایا وەزارەتی خوێندنی باڵا چی كەمترە لەوانەی كە گوتراون و دەگوترێن؟ لە واقیعدا خەریكە ئەم وەزارەتە لە بەر كەسانی بەرژەوەندی خوازی تایبەت ئەوەی تێدا نەمینێ ئەویش زانستە، باشە با بزانین لە پەروەردە چیمان زیاد كردووە دەكرێ دەستكەوتەكان باس بكەین چین؟!! قوتابخانەی ئەهلی و تیجارەت و تێكەلاوكردنی پەروەردە لە گەل بیرۆكەی سەرمایەداری زیاتر چی كراوە؟ جا جیاوازی چیە لە نێوان وەزارەتی پەروەردە یان خوێندنی باڵا، كامیان باشترن و گەر حوكم دەدرێ بە چ پێوەرێك پێوانەی بۆ دەكرێ كۆمپانیا و خاوەن زانكۆ و قوتابخانە ئەهلیەكان بازرگانی بێ بروانامەن ئەی شارەوانی كە دەگووترێ باشە بە چی باشە! بە ملك و سەروەت و سامانی باب و باپیران! كە تەخشان و پەخشان كراوە و دەكرێ؟ یان وەزارەتی كار كە هاوكاری مەزاجی بۆ گروپێك دەكا وە نەدانی بە گروپێكی تر بە بیانووی جۆراو جۆر.
بەراستی ئەم هاش و هیشە فلان شوێن باشترە لە فلان شوێن شتێكی بێ مانایە، هەموو شوێنەكان گرنگن، بەلێ وەزارەتی پەروەردە زۆر گرنگە، ناوەخۆ گرنگ ترە، خوێندنی بالاش پیرۆزە، دارایش ئەساسە و داینەمۆی هەمووانە، تەندروستیش پێداویستیەكی ژیانە، پێشمەرگەش شەرەف و كەرامەتمانە، شارەوانیش دوارۆژ و ئایندەمانە، ئەوقافیش رەوشت و رێنمایی و رێ نیشاندەرمانە و عەدلیش رێكخەری ژیان و بە دیهێنانی ئارامی و مافی هەموومانە. بەلێ هەمویان گرنگن هیچیان كەم نین یەك لە یەك گرنگترن پۆلین ناكرێن و لە دووتایی تەرازوودا وەك یەك نین، بەڵكو ئەركەكان، جیاوازن بەڵام هەمووی ئەندامی یەك جەستەن بەلێ هەریەكێكی لەنگ بێ جەستەی كورد هەمووی لەنگ دەبێ.
بەلێ دەبێ ئەم دەستەواژەیە بگۆرین فلان وەزارەت باشترە لە فلان! نەخێر وانیە و بەئاگاین لە نییەتەكان و كارەساتە وابگوترێ هەمووی گرنگن، بەلام گەر بگوترێ لە كاری گرنگتر دەگەرێین بیكەین ئەوكات دەبێ پیاوی گرنگ بۆ وەزارەتەكان دابنێین نەك وەزارەتی گرنگ بۆ پیاوەكان ببینینەوە، بەلێ دەبێ پیاو بۆ شوێن ببیننەوە، شوێن بۆ پیاو نەبینینەوە وەك بابەتی مەسەلەی دائیرەی ئیحسا تەنها بەردەرگەی ماڵی خۆمان نەبینین، ئەگینا ئەوەی ماوەش تێكی دەدەین وەك ئەوەی ئێستا كردمانە و دەیكەین زانكۆی ئەهلی و قوتابخانەی ئەهلی بەكرێ دانی نادی كۆلیج حانوتی قوتابخانە بازارەكانمان دەكەین بە بازاری دەلال خانە. بەلێ تكایە هەمووی، بەلێ دائیرەی ئیحسا گرنگە، بەڵام ئەوانیتریش كامیان لە ئیحسا كەمترن!. هەر ناونیشانەو شوێنێك پیاوی خۆی بۆ پەیدا بكەین نەك بۆ كۆمەلێك پیاوێكی دیاریكراو. بەلێ هەمووی گرنگە و بە دەستی پیاوی گەورە و گرنگ جوانتری دەكەین دەبا پیاوی پیس لەسەر حسابی خێر و خێراتی ئەو میللەتە جوان نەكەین هەمووی بە جوانان جوانتر بكەین!! چونكە ئەوەی جوان نیە جوانكاری بۆ دەكەین هەر هێندە جوانن تا لە شوێنە جوانەكان لایان دەدەین.
❊ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر پ.د.ك.









