خەبات: تریفە ئازاد
پاش ئەوەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد. لە 12ی6ی2019 نێچیرڤان بارزانی یەكەم فەرمانی سەرۆكایەتی دەركرد بە راسپاردنی بەرێز مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان. هەڵبەت نێچیرڤان بارزانی وەكو قوتابییەكی چالاكی سەرۆك مسعود بارزانی و دڵسۆزی رێبازی بارزانی و خەباتگێرێكی بە ئەزموون لە بواری سیاسەت و دەوڵەتداری و حوكمڕانیدا، لەتوانایدایە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكاتە چەترێكی كۆكەرەوەی ناوماڵی كوردستان بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان و هەموو نەتەوە و ئایین و ئاینزا كانی كوردستان بۆ ئەوەی كوردستان بە دەستەجەمعی و ئاراستەیەكی هاوبەش، بەهێزەوە بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاوبینێت. هەروەها بە راسپاردنی بەرێز مسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خەڵكی كوردستان دڵنیادەكرێنەوە كە پارتی دەخوازێ كوردستانێكی بەهێز بونیاد بنێت بۆ ئەوەی هێمنی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بەرجەستە ببێت. بەم شێوەیە پڕۆسەی سیاسی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەم، یەكەم هەنگاوی خۆی نا. لەم رووەوە رۆژنامەی خەبات لەم تەوەرەدا راو بۆچوون و خواست و داواكارییەكانی شارەزا و پسپۆڕ و هاووڵاتیانی كوردستان بۆ حكوومەت و كوردستانیان دەخاتەروو:
ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەرچووە، بەشێكیان پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە
خەدیجە عومەر مزوری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسۆنی پارتی لە لیژنەی كاروباری یاسایی لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتی: یەكێك لە گرینگترین دەسەڵاتەكان لە هەموو وڵاتێك بریتی یە لە دەسەڵاتی یاسادانان پەرلەمان باڵاترین مەرجەعی یاسایی و سیاسییە كە لە كۆمەڵێك خەڵك پێك دێت بە سیتەمی نوێنەرایەتی خەڵك هەڵدەبژێردێت لە لایەن هاوڵاتیانە كە مافی دەنگدانیان هەیە ئەم دامەزراوەیە هەندێك ئەرك و دەسەڵاتی هەیە یەكێك لەوانە دەسەڵاتی یاسادانانە بێگۆمان یاساش بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵگا و بەرژەوندییەكانی هاوڵاتیان دەردەچێت، پەرلەمانی كوردستانیش دوای هەڵبژاردنی گشتیی هەڵبژێردرا لە لە ساڵی 1992 سازكرد كۆمەڵێك یاساو بڕیاری دەركرد، بێگومان هیچ كاتێك پەرلەمان یاسایەك دانارێژێت كە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان دانەبێت و هیچ یاسایەكیش و مادەیەكیش هەموار ناكاتەوە كە لە بەرژەوەندی خەڵك نەبێت وە ئەو یاسانەی پەسەندی دەكات یاخوود هەمواری دەكاتەوە بە پێ گۆڕانكاریی ژیانی هاوڵاتیان دەبێت ئەو یاسانەی كە لە پەرلەمانی كوردستانیش دەرچوونە ژمارەیەكی زۆریان پێویستی بە هەموار كردنەوە و پێداچوونەوە هەیە پێویستە پەرلەمان كاری لەسەر بكات لە داهاتوو، یاسای هەڵبژاردن كوردستان ژمار 1 ساڵی 1992 بە تایبەت ئێستا لە بۆشاییەكی دەستوری داین ئەم یاسایەش ڕەهەندێكی دەستوری یاسایی هەیە، وە یاسای لێبوردنی گشتی كە تاوەكو ئێستا سێ جار لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە دەبێت سنور دار بێت چونكە بە پێ ئەنجامی لێكۆڵینەوەی كە لە لایەن دەستەی مافی مرۆڤ دەرچووە زیاتر لە %70 ئەم تاوانبارانە كە بەر ئەم یاسایە دەكەون دووبارە تاوان دەكەنەوە یاسا ئیمتیازاتی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان ژمارە 9 ساڵی 2007 هەموار كردنەوەی دەبێـ ئاراستەیەك بێت بۆ زیاتر خزمەت كردن بە كەس و كاری شەهیدان و هەندێك لە یاسی تر كە گرینگن كاریان لە سەر بكرێت و هەوار بكرێنەوە لەوانەش یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بە ژمار 35 یاسای وەزارتی خوێندنی باڵا یاسای خراپ بەكار هێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن بە ژمارە 6 ساڵی 2008 وە یاسای چاكسازی و موچە و دەرماڵەی بەخشین و ئیمتیازات لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك بۆشایی یاسایی هەیە كە پێویستە حكوومەت و پەرلەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر ئەم بۆشایانە پڕ بكەنەوە یاسای پێویست دەربكەن لە گرینگترینیان نوسینەوەی دەستور .
پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی ئایندە هەماهەنگی باشی هەبێت لەگەڵ حكوومەتی ناوەند
دكتۆر شاری نانەكەلی مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە بواری یاساو دەستور لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: گومان لەوەدا نیە كە چەندین كێشەی یاسایی هەیە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە تاوەكوو ئێستا كە چارەسەریان تەنیا بەرێگەی یاسایی دەبێت كە ئەویش خوی دەنوێنێ پەیڕەوكردنی دەقەكانی دەستوور وەكوو خۆی واتە دەتوانین بلێین ئەگەر بێت و ماددەكانی دەستوور جێبەجێ بكرێت لە ڕووی كرداریەوە لەسەر ئەرزی واقع ئەوا ئەگەر هەموو كێشەكان چارەسەر نەبێت ئەوا زۆربەی زۆری كێشەكان چارەسەردەبێت، وە ئەوە كێشانەی كە ئەمێنێتەوە ئەوانەن كە پێویستی بەدەركردنی یاسا هەیە لە پەرلەمانی عێراقی كە تاكوو ئێستا یاسای بۆدەرنەكراوە بۆ جێبەجێكردنیان. جێگای باسە یەكێك لە كێشە هەرەگەورەكان نێوان بەغدا و هەولێر بریتیە لە جێبەجێ نەكردنی مادەی 140ی دەستوور كە تایبەتە بەم ناوچەو شار و شارۆچكانەی كە تائێستا نەگەڕێندراونەتەوە سەر هەرێم كوردستان یاخود ناوچە كێشە لەسەركان یان ناوچەدابراوەكان لە هەرێمی كوردستان، وە جێگای ئاماژە پێكردنە تاوەكوو ئێستا چەندین جار لیژنە پێكهێنراوە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 بەڵام بەهۆی نەبوونی سەروەری یاسا لە دەوڵەتی عێراقی لەبەر ئەم هۆكارە نەتوانراوە ئەم مادەیە جێبەجێ بكرێت چونكە لە دەوڵەتێك ئەگەر یاسا سەروەر بێت ئەوا هیچ هێزێك ناتوانێ ببێتە ڕێگر لە پەیرەوكردن و جێبەجێكردنی دەقەكانی دەستوور و یاساكان، بۆیە كاری ئەم لێژنانەی تاوەكوو ئێستا پێكهێنراون هەرهەمووی بێ هوودە بووە و نەیانتوانیوە بگەنە هیچ ئەنجامێك، ئەو ئاستەنگانەی كە بونەتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێنەكردنی مادەی 140 هەروەك باسمان كرد لەسەرەوە نەبوونی سەروەری یاسایە ئەمە بەپلەی یەكەم وە بە پلەی دووەم بریتیە لە نەبوونی یەك دەنگیی كورد لە بەغدا واتا نەبوونی یەكڕیزی ناوماڵی كورد هەرلەدەچوونی دەستوور تاوەكوو ئێستا ئەمەش ئاستەنگێكی ترە كە نەیهێشتووە تاوەكوو ئێستا ئەم ماددەیەو زیاتر لە پەنجا مادەی تری دەستووری جێبەجێ بكرێت.باشترین ڕیگا ئەوەیە كە ناوماڵی كورد رێك بخرێتەوە وە دوای ئەمە وە حیزبە سیاسیەكان واز لە حیزبایەتی تەسك بهێنن وئەوكەسانەی كە كاندیدیان دەكەن بۆ پەرلەمانی عێراقی كەسی شیاو خاوەن بروانامەی برواپێكراوبن و شیاو بن بۆ كاری ئەندام پەرلەمانی نەوەك كاریان تەنیا دەست بەرز كردنەوە بێت یان دەچوون بێت لەهۆلی پەرلەمان بەمەبەستی نارەزایی دەربرین. وە باشتر وایە زۆرینەی ئەوكەسانەی كە كاندید دەكرین بۆ پەرلەمانی بەغدا یاساناس بن، لەبەر ئەوەی پەرلەمان بە پلەی یەكەم كاری دەركردنی یاساكانە دوای ئەمە كاری چاودێری كارەكانی حكوومەت.
هەروەها پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی ئایندە هاماهەنگی باشی هەبێت لەگەڵ حكوومەتی ناوەند لەڕێگەی دۆزینەوەی فۆرمێكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان جیاوازتر لەم ڕێوشوینانەی كە پێشتر دەیگرتەبەر بێگومان ئەمەش لەرێگەی ڕاوێژ كردن لەگەڵ كەسانی پسپۆر و شارەزا لە بواری یاسا و سیاسەت، كە بەڕاستی شارەزابن و نەوەك لەبەر خاتری حزبایەتی و كەسایەتی كرابن بەڕاوێژكار ، ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ئەو عێراقەی كە بەبەردەوام ووڵاتان جەخت لەسەر یەكگرتووی دەكەنەوە هەرگیز یەكگرتوو نابێت لەبەر ئەوەی هیچ تاكێكی عێراقی ئینتمای نیە بۆ عێراقێك كە بەهی خۆی نەزانێ بەواتایەكی تر عەرەبی شیعە ئەوەندە ئینتمای بۆ مەزهەبكەی خۆی هەیە بۆ دەوڵەتی عێراقی نیە وەهەروەها بەهەمان شێوە عەرەبی سوونەش وە تاكی كوردیش بەهەمان شێوە ئەوندە ئینتمای بۆ كوردبوون و خاكی كوردستان هەیە ئەوەندەئینتمای بۆ دەوڵەتی عێراقی نیە، وە ئەگەر تاكەكانی هەرووڵاتێكی ئەم دوونیایەش لە پێش هەموو شتێك ئەگەر ئینتمای بۆڵاتەكەی نەبێت ئەوا ئەم ووڵاتە هەرگیز یەكگرتوو نابێت ئەگەرچی لەڕووكەشەوە خۆی بەیەكگرتوو نیشان بدات هەروەك دەوڵەتی عێراق. وەئەم خاڵەش یارمەتیدەرە بۆ جێبەجێكردنی مادە دەستووریەكان ئەگەر كورد بتوانێ كاری لەسەر بكات بە هەستیاری و بە زانایی.
كاری ئیدارەدان بەیاسا
رێك دەخرێ كە سەرجەمی لەسایەی دەستور دەبێ
تاریق نامق مافپەروەرە و یاسا ناس لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: سەروەری یاسا ئاماژەیە بۆ رێزگرتن لەیاسا و رێنماییەكان لەرێگای جێبەجێكردنی دەقەكانی و رێگەگرتن لەپێشێلكردنی بەند و مادەكانی، ئەمەش بایەخی بەرێوەبردنی ڕاست ودروست و رێكخراوە لەهەر وڵاتێك و دەتوانین ئەوە بڵێین كە بەبێ سەروەربوونی یاسا زۆر شت ناتەواو و ناكام دەبێ و هەڵەی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێ، هەرچەندە ئەم دەستەواژەیە زۆر بەرگوێمان دەكەوێ و زۆر دەیبیستین و دروشمی زۆری لەسەر دەوترێت وەكو ئەوەی “یاسا سەروەرە” و ” یاسا لەسەرووی هەمووانە” و “نا بۆ پێشێلكردنی یاسا” و هتد، بەڵام تەنها دروشم ڕۆلی نابێ لەسەروەربوونی یاسا و بگرە زۆرجار كەتەنها دروشم وتنەوە بێ زیانی زۆریشی پێ دەگەیێنێ .سەروەری یاسا لەهەموو بوارەكاندا ڕەنگدانەوەی دەبێ و بنەمای سەرەكی سەركەوتنی كاری دامەزراوەییە و بێ ئەمەش دەكەوینە بەردەم ژیانێكی هەڕەمەكی نادروست و شێواو و دوور لەشارستانی ، لە ڕووی دەقە یاساییەكانەوە وڵاتی ئێمە لەدێر زەمانەوە پێشەنگ بووە، لێرە بەگرنگی دەزانم كە ئاماژە بەوە بدەین كەوا بەتەنها زۆربوونی دەقی یاسایی و داڕشتنی بەلێشاوی یاسا و دەركردنی رێنمایی لەهیچ شوێنێك نابێتە هۆكارێك بۆ سەروەری یاسا، بگرە ئەوە نییەتی جێبەجێكردن و پەیڕەوكردنێتی ئەم سەروەرییە دەردەخات.
ئەم دەستەواژەیە لەسەر ئاستی جیهانیش باس دەكرێ و بایەخی پێ دەدرێت و لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەكەم جار لەكۆنگرەی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ لەڤییەننا كە لەساڵی 1993 سازدرا بەكارهات كە لەدوای ئەوەوە ساڵانە بڕیاری پەیوەست بەو بوارە لەلایەن زۆرێك لەئۆرگانەكانی ئەو رێكخراوە دەردەكرێت و لەزۆرێك لەبوارەكانی كاری ئەو رێكخراوە رەنگدانەوەی هەیە ، لەوانە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە 1040 كە پاڵپشت بوو بۆ هەوڵەكانی ئەمینداری گشتی لەپتەوكردنی ئاشتی نیشتیمانی و دیموكراسی و سەروەری یاسا لەبوروندی ، هەرچەندە سەروەری یاسا بەتەنها ئەركی حكوومەت نییە لەوڵات و بەپێی سیستەمی حوكمڕانی و دەستووری هەر وڵاتێك دامەزراوەكان و هەمووان وەكو تاك لەكۆمەڵگە ئەركیان دەكەوێتە ئەستۆ، بەڵام حكوومەت ئەركی گەورەی بەسەرەوەیە لەجێبەجێكردن و سەروەربوونی یاسا هەروەها توانای پێشكەشكردنی پرۆژە یاساو دەركردنی رێنمایی هەیە، ئەركی حكوومەتی هەرێم وەكو هەر حكوومەت و دامەزراوەیەك لەهەر وڵاتێك قورسە بەڵام قورستر لەهەموو شوێنێك ئەركی لەم كابینەیە چونكە لەڕووی سیستەماتیكەوە كاری ئیدارەدان بەیاسا رێك دەخرێ كەسەرجەمی لەسایەی دەستور دەبێ، وهەر دامەزراوەیەكی ئیداری لەحاڵەتی نەخوازراودا بۆی هەیە حاڵەتی نائاسایی رابگەیێنێت ، بەپوختی دەڵێین ئێمە ئەگەر ئیدارەیەكی نمونەیمان بوێت ئەوە كارێكی سانا نییە و هیممەتی قورسی دەوێ بەڵام گەر بمانەوێ ئیدارەیەكی باشمان هەبێ وگلەیی لەسەر نەبێ ئەوا دیسان ئەركەكە قورسە بەڵام دەتوانرێ ئەویش بەپیادەكردنی هەندێ هەنگاو لەوانە :
دوركەوتنەوە لەدانانی كەسەكان بە پێی نزیكی و پێوەری تر، كاربەدەست كار و ئەركەكەی خۆی لاپیرۆز بێ و بەواتایەكی تر كەس لەكارو پلەكەی پیرۆزتر نەكرێت و لێپێچینەوە هەبێت . چاودێری كاری دامەزراوەیی بە بەردەوامی و وەرگرتنی ئیجرائاتی پەلە لەكاتی پێویست و دوركەوتنەوە لەهەڵسەنگاندن بەپێی راپۆرت و دەرخستنەكانی هۆیەكانی راگەیاندن.
داواكردنی هەماهەنگی هاووڵاتی و چوون بەدەم راوبۆچوون و گازەندەكانیان و چارە دۆزینەوە بۆیان دووركەوتنەوە لەهەر هەنگاوێك كە لەچوارچێوەی یاسا جێگای نەبێت
جێبەجێكردنی ئەو بڕگە یاساییانەی كەرتی گشتتی دوردەخاتەوە لەبەرژەوەندی تایبەت وبەرجەستەكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و رێگەگرتن لەقۆرغكردنی كار و ماندوكردنی هاوڵاتی رێگەگرتن لەدەستێوەردان لەكاری دادوەری لەدادگا و لەفەرمانگەكانیش بەهەر شێواز و رێگایەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دیار و نادیار شاراوە یان ئاشكرا.
لێرە پێویستە دەرك بەوە بكەین كە لە دۆخی پاش ململانێ و قەیرانی كاری ئەم كابینەیە قورس دەبێت چونكە كارامەیی و ژێرخانی دامەزراوەكان لە ئاستێكی دڵخۆشكەر نییە و كاریگەری بارودۆخەكانی پێشوتر لەسەر دامەزراوەكان زۆر بووە، بۆیە هیممەتی زۆر گەورە لەم كابینەیە چاوەڕوان دەكرێت.
سهرهتا بهدواداچوون خواست و داواكاریی كوردستانیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان









