نەوەرس رەشید
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، دروشمی: بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزی بەرز كردەوە، ئەو دروشمە لە ناوەرۆكی پەیام و بەرنامەی سیاسیی پارتیدا، وەك نەخشەرێگای كاری داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دانراوە.
لەڕووی فەلسەفییەوە ئەوە لەخۆیدا مانای هێز دەگەیەنێ كە سەركردایەتیی سیاسی پارتی، وەك ئەرك دەركی بەوێنەی پیلان و شەڕەكان كردووە. دوای پێنج ساڵ لە تێكچوونی بەڵانسی هێز، حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستان، بەرابەرایەتی مەرجەعی نەتەوە جەنابی كاك مەسعود بارزانی، توانی بەڵانسەكە بە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان راست بكاتەوە . بیرمەندانی قوتابخانەی ریالیستی، لە پەیوەندی سیاسی نێودەوڵەتیدا، لەو بروایەدان كە هاوسەنگیی هێز، تاكە رێگەی شیاوە لە گەمەی سیاسیدا بۆ سەركەوتن و كەمكردنەوەی مەترسیەكان و زاڵبوون، بەسەر پیلانەكان وپاراستنی دەسەڵاتدا . دەسەڵاتی سیاسی پارتی توانی زاڵبێ بەسەر پیلان و شەڕەكانی بڕینی مووچە و بودجە و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و لێشاوی ئاوارە و پەنابەر بۆ كوردستان و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر. وڵات وحكوومەت ودەسەڵاتی بەهێز، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، دژایەتی دەكرێت . لەبەر ئەوە هاوسەنگی هێز پێویستە بۆ لەخۆ گرتنی ئەو چاو تێبڕین و دژایەتیكردنەو زاڵبوون بەسەریدا . لەوبارەیەوە ( هانس مۆرگانسۆ)وتوویە :(سیاسەت بوار و دەرفەتە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، كاری سیاسی خەباتكردنە لە پێناو بەدەستهێنانی هێزدا، بناغەی سیاسەت پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانییە بەشێوەیەكی رەها . بەڵام سیاسەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بابەتێكی رێژەییە كە بەهۆ و رێگەی دیپلۆماسیەتەوە، دەتوانرێت رێككەووتن و هاكوفی لەنێوان هەردوو سیاسەتەكەدا بكرێت). هێنری كێسنجەر ئەڵێ :(لەدوا ویستگەدا ئاشتی لەسەر زەمینەی هاوسەنگی هێز دروست دەبێ، كە مەرج نیە هاوكووف و لێكچووی داد پەروەری بێ). ماكس ویبەر پێی وایە : دەوڵەت، دەسەڵات پێویستی بە زەبری شەرعی هەیە)،بەمانا تووندوتۆڵ و بەبڕشت و چاوسوركەرەوە بێ . لەم سەردەمەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەو باوەڕەدایە كە هێز ئەتوانێ هەموو شتێك بكات وبەدی بێنێ، بەڵام ناتوانێ دادپەروەری بەدی بێنێ، چونكە كێبركێ و ململانێی لایەنەكان بۆ بەدەستهێنانی هێزو دەسەڵاتە. ئێمە لە كوردستان لەو دۆخەداین كەململانێ بۆتە كۆسپ وتەگەرە لەبەردەم پرۆسەی سیاسی وگەشەكردنی كوردستان بەشێوەیەكی هاوسەنگ و دادپەروەرانە. هەر ئەوەش هۆكاری جیاوازی ژیاری و چۆنیەتی بەرێوەبردنی پارێزگاكانی هەرێمە، بەتایبەتی لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا. چەمكی هێز مانا و فاكتەر و پێوەری تایبەت بەخۆی هەیە، كەسێ ئاڕاستە لەئارادان بۆ پێناسەكردنی.
? ئاراستەی یەكەم: هەریەك لە، ماكس ویبەر، رۆبەرت داڵ وهانس مۆرگانسۆ، بەم شێوەیە پێناسەی هێزیان كردووە: هێز توانای كاریگەركردنە لەسەر ئەوانی تر، توانای بەگەڕ خستنی بەرامبەرە بۆ ئەو كارەی كەتۆ ئەتەوێت بكرێت. هەروەها بەمانای كۆنتڕۆڵكردنی بیركردنەوە و رەفتار و كار و كردەوەی ئەوانی تر. بەكورتی هێز بریتییە لەتوانا و چۆنیەتی كاریگەریكردن لەسەر بیركردنەوە و رەفتاری بەرامبەر، بۆئەوەی خزمەتی ئامانجەكانت بكات .
ئاراستەی دووەم : هێز بەمانای بەشداریكردن لە دروستكردنی، بریارە گرنگەكاندا لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.
ئاراستەی سێیەم : بریتیە لە یەكانگیری وتێكەڵكردنی هەردوو ئاراستەكەی تر. بە خوێندنەوە و تێگەشتن لەو تێگانە و بەراوورد كردنی لەگەڵ واقیعی كوردستان و دەسەڵاتی هەرێم، بۆمان دەردەكەوێت كە تا رادەیەك خاوەنی هێزین، بەڵام بەو رەهاییە نیە كە پێویستە و دەمانەوێت و دەبێ ببێ، چ لەروی فاكتەری سروشتی و ماددی، یان فاكتەری كۆمەڵایەتی بەگوێرەی پێوەرەكانی هێز.
فاكتەری سروشتی و مادی: بریتیە لە رووبەر و سنووری جوگرافیاو دیمۆگرافیا، كە وەك پێوەری هێز رۆڵی سەرەكی دەبینن، لەرووی پاراستن و بەكارهێنان و وەبەرهێنانی سەرچاوە سروشتیەكان. ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كەركووك،لەو مێژووەوەی دەوڵەتی عێراق دروستكراوە، جێگەی ململانێ و شەڕە لەنێوان كورد و حكوومەتی عێراقدا. كورد دەیەوێت ئەو ناوچانە وەك بەشێك لە جوگرافیای سروشتی و مێژووی كوردستان، ئەو ناوچانە بگەرێنێتەوە ژێر ركێف و دەسەڵاتی خۆی بۆ دیاریكردنی سنوری كوردستان، كەپرسێكی نەتەوەیی مێژوویی نیشتمانی و ستراتیژییە، هەروەها لەرووی دیمۆگرافیاوە، كە دەوڵەتی عیراق بەرنامەرێژی درێژخایەنی بۆ گۆرینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە كردووە، كە تا ئەمرۆ بە شێوەیەكی چڕوپڕ بەردەوامە. مادەی 140 ی دەستوری فیدراڵی بەبێ ناوهێنان ئاماژەی بە گرنگی دیمۆگرافیای كەركوك داوە لە خاڵی راپرسیدا، كەرۆڵی یەكاڵاكەرەوە دەبینێ لە چارەنووسی كەركوكدا. لەلایەكی تر ئەزموونی تاڵی دوو ئیدارەیی و دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ دوو زۆن، كۆسپ و تەگەرەی گەورەیە لە بەردەم ئەوفاكتە رەدا، كە لاوازی هەرێم پیشان ئەدات .
فاكتەری كۆمەڵایەتی: بریتیەلەو بەهایەی كە دەسەڵات و هاونیشتمانیان پەیرەوی دەكەن و كۆیان دەكاتەوە، لەگەڵ كوالیتی پەروەردە و خوێندن وئاستی ئابووری و سەربازی و مەعریفی وەك پێوەرەكانی هێز،كە رۆڵ دەبینێ لە سەقامگیریی سیاسی و پارستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پەرەسەندن و بەهێز بوونی كوردستان. ئەو بەهایەی كە دەسەڵاتداران بڕوایان پێیەتی و پەیرەوی دەكەن، لە بیركردنەوە و تواناو دڵسۆزیاندا، لە چۆنیەتی بە جێگەیاندنی ئەرك و كارەكانیاندا و مامەڵەكردنیان لە گەڵ هاونیشتمانیان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندی گشتیدا رەنگ ئەداتەوە، كە وێنە و ماناكان لەژیانی گەلی كوردستاندا بەرەو باشتر دەگۆرێن. هاو كات تێروانین و هەڵوێستی جەماوەر و لایەنە سیاسیەكان دەگۆرێت. ئەو بەهایە دەبێتە هۆی فراوانبوونی بنكەی جەماوەری و كۆ دەنگی لەسەر سیستەمی سیاسی و كۆبوونەوە لەدەوری دەسەڵات. لەودارەتەدا دەرفەتی یەكسان دەرەخسێ، تواناو لێهاتوویی و دڵسۆزی دەبێتە پێوەر لە وەرگرتن وپێدانی ئەرك و بەرپرسیاریەتیدا، لەهەموو ئاستەكاندا، رای گشتی رۆڵ دەبینێ . بەهێزی وسەركەوتن و بنیاتنانی كوردستانێكی بە هێز بەو شێوەیە مسۆگەر دەبێ و هاوسەنگی و كوالیتی ستاندارد هێزێكی گەورە بە كوردستان دەبەخشێ . نكۆڵی لەوە ناكرێت، كە ناوەندە سیاسیە نێودەوڵەتییەكان، لەسەر ئاستی باڵا، جەخت لەسەر تواناو لێهاتوویی و كارامەیی سێ كوچكەی دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان دەكەنەوە، كە پێكهاتوون لە: مەرجەع و رابەری نەتەوە جەنابی كاك مەسعود بارزانی و سەرۆكی هەڵبژێراوی هەرێم جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی دیاریكراو بۆ كابینەی حكومەتی هەرێم جەنابی كاك مەسرور بارزانی، كەزادەی مێژووی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەی كوردو قاڵبووی ناو ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتین، لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی جێگەی برواو متمانەن، كەتوانیان گەلی كوردستان و قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی لە دژوارترین بارو دۆخدا بپارێزن و گەورەترین بەڵێن نامەی سیاسی كە ریفراندۆمە لە مێژووی كورد دا تۆمار بكەن. ئەو سێ كوچكەیە لە سەر شانۆی سیاسی ناوخۆیی وناوچەیی و نێو دەوڵەتیدا نوێنەرایەتی دۆزی رەوای كورد دەكەن، رەگەزی ئاشتی وسەقامگیریی سیاسی و پێكەوە ژیان و گەشە سەندنن.
بەسەركردایەتی ئەوان هەرێمی كوردستان وەك كاراكتەرێكی چالاكی بەشدارو هاوبەشی سیاسی باوەر پێكراو، رەفتارو مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت . بروسكە و نامەوپەیام و لێدوانی ناوەندو بەرپرسە باڵاكانی ناوەندە نێو دەوڵەتیەكان، بۆ پیرۆزباییكردن لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی كابینەی حكومەت، بەروونی جەختیان لەسەر رۆڵ و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمدا كردوتەوە، بەروون و ئاشكرا داوای كوردستانێكی بەهێز دەكەن. رەگەزێكی گرنگی پێوەری هێز مەعریفەیە ئەو رەگەزە لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا چەق نابەستێ، بەڵكو سنورو كۆتایی نیە. بەهێزیی وڵات لەوەدایە هوڵی رێكخستنی سەرچاوە زەینیەكان بدات و سوودیان لێ وەرگرێت. ئاڵڤن تۆڤلە جەخت دەكاتەوە كە سەدەی بیست ویەك، هێز لەسەر پێوەری ئابوری و سەربازی راناوەستێ، بەڵكومەعریفە رۆڵی سەرەكی دەبینێ. بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز پێویستمان بە فیكرو مەعریفەیە، بایەخ بەتوانای داهێنان بدرێت. لەم قۆناغەداكە گرژی و ئاڵۆزیومەترسی شەڕێكی گەورە لەئارادایە،حزب و لایەنە سیاسی و مەدەنی و جەماوەری كوردستان، لەبەردەم ئەرك و بەرپرسیاریەتی مێژوویی وسیاسی و نیشتمانی وئەخلاقیدان، كەیارمەتیدەر و هاوكار و پاڵپشتی حكوومەتی هەرێم بن، بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز.









