خهبات: هێمن ئاری:-
لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆماندا، وای لێهاتووە لەزۆربەی كاتدا زۆرێكمان خۆزگە بە شێت بخوازین بۆ دەربازبوون لەجەنجاڵییەكانی ژیان و سەختی ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا!.
شێت، یاخود بڵێین بێنازەكان، ئەوانەن لەجیهانی پڕ ئاشوبی ئێمە دابڕاون و ، لەدنیایەكی تایبەت بەخۆیان دەژین كە پڕە لە جوانی و پاكی، پڕە لەڕاستگۆیی و دوورلەهەموو ئەو كردارانەی مڕۆڤەكانی دی لەژیانی رۆژانەیاندا ئەنجامی دەدەن.
ئەوان پێچەوانەی دنیای ئێمە هیچ ڕق و قینێكیان لەدڵدا نییە، نەڕاستییەكان، نە بەها جوانەكانی ژیان ناشێوێنن.
هەر ئەوەش وایكردووە لە جیهانی ئێمە داببڕێن و لە جیهانێكی تایبەت بەخۆیان بژین.
هەر ئەوەش وایكردووە زۆرجار ، هەندێك لە مرۆڤەكان خۆزگە بەجیهانی ئەوان بخوازن تاوەك ئەوا لەئاڵۆزی و سەختییەكانی ژیانی دووربكەونەوە و بەئاسوودەیی بژین، كەچی ئەمەش ئەستەمە، جگە لەخەیاڵ لەهیچی دیكە ناچێت.
بێنازەكانی شار
ئەگەر سەیرێكی ساڵانی ڕابردوو بكەین، لەهەرشارو و ناوەیەكی جیادا كۆمەڵێك بێناز هەبوون ، بگرە زۆرجارانیش ناوی هەندێكیان وەك هەر بوارێكی دیكە لەبوارەكانی ژیان كە مرۆڤی تێدا بەبەهرەمەند یاخود هونەرمەند تیایدا دەناسرێت ، ئەو بێنازانە لەو بەهرەیە كە خودا پێیداون بوون بەناوێكی دیار و چەندین پشت ناوییان ون نابێت لەو نێوەندەدا.
بۆ نموونە، ئەگە ئاوڕێك لە ساڵانی زووی شاری هەولێر بدەینەوە دەبینین كۆمەڵە شێتێك، یان بڵێین بێنازێك هەبوون تاهەنووكەشی لەگەڵدابێت خەڵك وەك نموونەیەكی جوانی ئەم شارە باس لە هەڵسوكەوت و سیفەتە جوانەكانیان دەكەن.
وەك حەمە شێت، هەیاس، بەرخۆكە، شەهابە شێت،بەیان، فاتە شێت، حەسەن پەنجاو پێنج، حەمۆ جەلیل،جومعە، كانەبی، ………
ناوی ئەمانە بوون بەناوێكی دیار لەجوانییەكانی ئەم شارە لەكۆتایی ساڵانی حەفتاكان تا كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو .
نووسەر د.مەحەمەد عەلی عوزێری، وەك نووسەرێكی شاری هەولێر و لەڕوانگەی هەستكردن بەجوانییەكانی دنیای ئەو بێنازانە لەسەردەمی ئەوكاتدا لەشاری هەولێرو، بۆ ون نەبوونی مێژووی جوانی بێنازەكانی شارەكەی، ژیانی ئەوان دەكات بەڕۆمانێك بەناوی ئیپڕاتۆرییەتی هەیاس و لەنێو ئەو ڕۆمانەدا ژیان و چەندین چیرۆكی ڕاستەقینەی بێنازەكان لە ساڵانی حەفتاكان تاكۆتایی نەوەدەكان دەخاتەڕوو.
دنیایەكی جیاواز
مەحەمەد عەلی عوزێری ڕۆماننووس ئەمجارەیان لە نووسینی ڕۆمانێكدا باس لەژیانی ئەو كەسانەدەكات كە لەڕووی دەروونیەوە ناجێگیربوون لەشاری هەولێردا.
ئەو ڕۆمانەشی ناو ناوە ئیمپڕاتۆریەتی هەیاس، هەریەك لە كارەكتەرەكان ناو ئەو ڕۆمانەش پێكهاتوون لە هەیاس ، جومعە ، شەهاب ، كسۆك ، بەرخۆكەو تەواوی شێتەكانی ئەو سەردەمە.
سەرەتا د.مەحەمەد عەلی عوزێری بۆ ڕۆژنامەی خەبات باسی لەبیرۆكە و چۆنیەتی دەستكەوتنی زانیاری لەسەر ژیان و بەسەرهاتەكانی ئەوان كرد وگوتی: لەم ڕۆمانەمدا باس لەو شێت یاخود بڵێین ئەو بێنازانە دەكەم لە نێوەڕاستی ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان لەژیاندابوون.خۆشی و ناخۆشی و بەسەرهاتەكانی ئەوانم كۆكردۆتەوە كەبەنەوەی ڕەش و سپی یان نەوەی جاران ناومان دەبەن. لەو سەردەمدا لەشاری هەولێر كەسانێكی پەپولە ئاسا هەبوون لەگەڵ ئێمە ژیانیان بەسەردەبرد، بەڵام لە دنیایەكی جیاوازتر لە ئێمە دەژیان، ئەوانیش بێنازەكان بوون. ئەوان ژیانێكی تایبەت بەخۆیان هەبوو كە زۆرجاران سەرەنجی دەوروو بەرەكانیان بەو هەڵسوكەوتانە بۆ خۆیان ڕادەكێشا كەتا هەنووكەش كردەوەكانی ئەوكاتیان جێگە سەرەنجن. هەموو ئەو بەسەرهات و هەڵسوكەوتانەیانم كۆكردۆتەوە و لە چوارچێوەی ڕۆمانێكدا دامڕشتووە.
ئێمە لەدیدی ئەوان ونبوو بووین
هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانی ڕۆمان نووس دەڵێت : هەموو ئەوان لە شوێنێكدا كۆدەبنەوە و بەهۆی بێزاری و نامۆیان بە ئێمە، ئێمەیان پێ ونبووە و ئێمە بەونبوون و سەرلێشێواو دەزانن. لەم نێوەندەدا دیالۆگێك لەنێوان ئێمە و ئەوان دروست دەبێت. ئەوان بە ئێمە دەڵێن ونبووەكان ئێمەش بەوان دەڵێین بێنازەكان. لەگێڕانەوە ئەم ڕۆمانەدا هیچ كاممان ئاگامان لە چۆنیەتی ژیانكردن و گوزەرانی یەكتردا نەبووە.
هەروەها باسی لە هەڵبژاردنی ناوی ئیمڕاتۆریەتی هەیاسكرد بۆ ڕۆمانەكەی و گوتی: لەهەولێر بەرخۆكە یەكێك بوو لە بێنازە جوانەكانی ئەم شارە،جاشەكان بۆ سێ هەزار سەریان بڕیو سەرەكەیان بەناوی پێشمەرگە دابەحكوومەت! بەرخۆكە، ئەگەر سەد فلست پێبدابووا ناوی سەد شێتی بەتەسبیحەكەی دەستی بۆ دەژماردی، تەسبیحێكی 101دەنكی بەدەستەوەبوو،كە دانەیەك لەتەسبیحەكەی ئاوا دەكرد دەیگوت مەلیكمە هەیاس ئەوان لەناو خۆیاندا هەیاسیان بە مەلیكی خۆیاندانابوو، دانە دانە ناوی شێتەكانی لەدوای یەك دەژمارد ، كە دەگەیشەتە كۆتا دەنك دەیگوت ئەوەش بەخۆم بەرخۆكە شێتەكەكەمە! بەرخۆكە بەناوی ژماردنی شێتەكان نانی ڕۆژانەی خۆی پەیدا دەكرد، لەپاڵ ئەوەشدا خەڵك یارمەتی دەدا.
ژیانی ئەوسام بۆ نەوەكانی داهاتوو گواستۆتەوە
هەروەها لە دڕێژەی قسەكانیدا عوزێری ڕۆمان نووس ئاماژە بەوەدەكات هەندێك شێت یان بێناز هەبوون لای هەندێك خەڵك بە شێت دانراوە، بەڵام لای هەندێك لەخەڵكی دی وەلییەوڵا بووە و پێیانگوتووە سەید یان پیاو چاك ،منداڵی نەخۆشیان دەبرد بۆ لای تا لەڕێگەی ئەو پیاو چاكەوە خودا شیفای بۆ بنێرێت، یان ئافرەت هەمبوو منداڵی نەدەبوو دەچوو ئاوی بەردەمی ئەوی دەخواردەوە دەیگوت بەڵكو منداڵم ببێت. یان كچیان دەبرد بۆ لای دوعایان بۆ بكات تا قسمەتیان هەڵبستێت و شوبكەن … هتد
دەشڵێت : هەموو چیرۆك و ئەو بەسەرهاتانەی ئەوانم لەڕێگەی ئەو ڕۆمانەوە وگواستۆتەوە بۆ نەوەی ئێستا و دوای خۆمان.
سەردەم و ساددەیی ژیانی ئەو سەردەمم خستۆتەڕوو كەخەڵك چۆن چۆنی ژیاوە، لەگەڕەكێك تەنها یەك ماڵ تەلەڤزیۆنێكی لەمپای ڕەش و سپی هەبووەو خەڵكی گەڕەك وون بەدیارییەوە سەیرییانكردووە.
لەبەردەوامی قسەكانیدا باس لەژیانی هەندێكیان دەكات بەكورتی، بۆ نمونە هەیاس ، دەڵێت : مام كانەبی هەبوو خەڵكی كوران بوو، حەزی بەحەیران دەكرد ،زووزووش توڕەدبوو، بەڵام حەقی بەسەر هیچ كەسێكەوە نەبوو. هەیاس كەسێكی بەتوانا بوو. ئافرەتێك هەبوو ناوی بەیان بوو ،مامۆستابوو ، دوای ئەوەی لەپیاوەكەی جیابووە منداڵەكانی لێ سەندەوەباری دەروونی تێكچوو. دوای ئەوە شویكردەوە لەبازاڕ دەسوڕایەوە بۆ دواجار بەداخەوە بەهۆی سەرماو بێ شوێنیەوە كۆچیكرد. هەروەها جومعە بێنازێكی دیكە بوو بەڵام قەت بەبێ جلوبەرگی جوان و كەشخە نەدەبینرا ، قسەكانیشی لەقەدەر خۆی نەبوو قسەی گەورەی دەكرد. شەهاب هەبوو كارگوزاری شارەوانی بوو ، زۆرجاریش لە نورینگە پزیشكییەكان كاری دەكرد.
حەمەشێت هەبوو بەوەلی ناوییان دەبرد ، هیوایەتی ئاسن كۆكردنەوەبوو ، هەر ئاسنێكی دەستكەوت بووایە دەیخستە سەرشانی خۆی.
ئازاردان و چێژ وەرگرتنی خەڵك
هەروەها لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باس ڕۆماننووس لەوەدەكات كەزۆر جاران لەلایەن منداڵ یان كەسانی هەست نزم بۆ خۆشی خۆیان و پێكەنین ئازار دەدران، حەسەن پەنجاوپێنج هەبوو ،تەنها لەبەرئەوەی چاوی خڕ بوو گاڵتەیان پێدەكرد لەتەیراوە، ئەگەر پێتگوتبووا كاك حەسەن قسەی خۆش و حەیران و لاویكی بۆ دەگوتی، بەس پێتگوتبووا پەنجاوپێنج دەبوو بەئاگر. جومعە قۆزترین بێنازبوو ، شتێك جوان بووا وەرینەدەگرت.
بڕیاری بێنازەكان لەقشڵەی هەولێر
ڕۆمانووس لەتەمەنی ئێستایدا و هەڵبژاردنی ئەم بابەتە خۆزگە بەژیانی ساددە و ڕەش سپی ئەو كات دەخوازێت بەبەراورد لەگەڵ ئێستادا.دەڵێت: جەژن بۆ جەژن پێڵاو و كراسێكمان دەكڕی لەبەرمان دەكرد . جل هەبوو سێ برای دوای خۆم كە بچوك بوون لەبەرییان دەكرد . ژیانی ئەوكات بەسادەییەكەوە خۆشبوو، لەگەڵ ئەوەش هێشتاكە لەو سەردەمدا بێنازەكان ئێمەیان پێ ونبووبوو. بۆ دواجار لەكۆتایی ڕۆمانەكەدا بێنازەكان بەیەكەوە كۆدەبنەوە دەچن بۆ قشڵەی هەولێر ، ئەویش قشڵەیەكی مێژووی بێنازە تا ئێستا واماوەتەوە كەیەكێكە لە مێژووە جوانەكانی ئەم شارە تەمەنی زێتر لە سێ سەد ساڵ دەبێت لەگەڕەكی عارەبان بەبڵۆك دەرگای گیراوە!
هەموو بێنازەكان لەوێ كۆدەبنەوە ، واز لەئێمە دێنن و دەڵێن ئەوانە دوورن لەئێمە ، هەموو بڕیاردەدەن ئیمڕاتۆریەتەك بۆخۆیان هەڵببژێرن بەناوی ئیمڕاتۆرییەتی هەیاس و هەیاس دەكە بەسرۆكی خۆیان، جومعە دەكەن بوەزیری رۆشنبیری ، حەمەشێت بەوەزیری ئەوقاف هەڵدەبژێرن ، بەیان و كسۆك .. دوای هەڵدەبژێرن ، ژیانی ڕابردووی خۆیان دەگێڕنەوە.ئاماژەی بەوەشكرد ڕۆمانەكە لەمانگی ئابی ئەمساڵ دەكەوێتە بەر دەستی خوێنەران، بەو هیوایەم توانیبێتم هەم خزمەتێك بەخوێنەران هەمیش بە ون نەبوونی ژیان و گوزەران و پاكی بێنازەكان بكەم كە لەژیاندا نەماون.









