خهبات: هەندرێن شێرزاد :-
رۆژی 27 ی شوباتی رابردوو، هەموو میدیاكانی جیهان روویان وەرچەرخاندە ئاراستەی ئەو لوتكەیەی كە لە نێوان سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی كۆریای باكوور لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام ئەنجام درا، بەو پێیەی لەوێ سەرۆكی دوو وڵاتی زۆر ناكۆك بەیەك گەیشتن . ئەگەرچیش زۆربەی چاوەكان لەسەر رووداوە سیاسیەكە بوون، بەڵام بەشێكی ئەو چاوانە چوونە سەر ئەو پێشكەوتنە دیبلۆماسیەی ساڵانێكە ڤێتنام لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەخۆیەوە دەیبینێ .زۆربەی بۆچوونەكان پێیان وایە ئەم وڵاتە خەریكی كێشانی وێنەیەكی دیكەی جیاوازە بۆ خۆی، وێنەیەك كە تیایدا ئەوە بە جیهان دەوترێ ئیدی ئێمە یەكێك نین لە هەژارترین وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
هانۆی رازییە
ئەگەرچی كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان ترامپ و كیم لە هانۆی ئەنجامی ئەوتۆی لێ نەكەوتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڤێتنام رەزامەندیەكی بەرچاوی پێوە دیارە، رەزامەندیی بەرامبەر بە دەستەبەركردنی نزیكبوونەوەی زیاتر لە واشنتۆن و سەردانی كیم جۆنگ بۆ كۆمپانیای سامسۆنگ لە ڤێتنام.
ساڵی 2008 كۆمپانیای زلهێزی سامسۆنگ بە سەرمایەی 670 ملیۆن دۆلار لە ڤێتنام كەوتە سەرمایەگوزاریی و ئەمەش بووە هۆی بەرزكردنەوەی رێژەی داهاتی نەتەوەیی لەم وڵاتەدا، بە جۆرێك تەنیا پارساڵ ئەو رێژەیە 58 ملیار دۆلاری تێپەڕاند . لە لایەكی دیكە، ئەم كۆمپانیایە بۆتە یەكێك لە كۆڵەگە ئابووریە گرنگەكانی ڤێتنام . لە راستیدا ئەگەر ڤێتنام لە ساڵانی داهاتوودا بتوانێ گەشەی زیاتر وەدەست بێنێ، ئەو كاتە دەكرێ بوترێ ئەم وڵاتە بە رێگاوەیە بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە گرنگترین ئابووریەكانی جیهان.
ئابوورییەكی لاواز و داخراو
زۆربەی شارەزایان گەشەكردنی باری ئابووری ڤێتنام بە خولی شەشەمی ساڵی 1986 ی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە گرێ دەدەن، بەڵام لە راستیدا سەرەتای ئەم گەشەكردنە بۆ دە ساڵ پێش ئەم رێكەوتە دەگەڕێتەوە، واتە لەگەڵ كشانەوەی هێزە سەربازیەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 1974، دوای مۆركردنی رێككەوتنی پاریس لە 1973 . لەو قۆناغەدا ئابووری ڤێتنام پشتی بە چاندن و ناردنەدەرەوەی برنج دەبەست، هەر ئەمەش سەرچاوەی سەرەكی داهات بوو و زیاتر لە 70% ی دەستی كاریش لەو بوارە كاری دەكرد، بەڵام دواتر شەڕ بەشی هەرەزۆری ئەو بوارەی لەناوبرد، بە جۆرێك وای لێهات چاندنی برنج بەشی پێویستی ناوخۆیی نەكات .لە سەرەتای هەشتاكاندا، تەنگژەی ئابووری گەیشتە لووتكە، بە تایبەتی دوای ئەو ئابڵۆقە ئابووری و سەربازیەی لەلایەن واشنتۆنەوە خرایە سەر هانۆی بەهۆی داگیركردنی كەمبۆدیا لە ساڵی 1978 و لەناوبردنی دەسەڵاتی خەمیرە سوورەكان .ئەو كات ڤێتنام لەسەر ئاستی ناوخۆیی دووچاری گۆشەگیریەكی توند بووەوە، دواتر سزا ئەمەریكیەكانیشی هاتە سەر، حزبی شیوعیش هۆكاری سەرەكی ئەو تەنگژەیە بوو، بەو پێیەی هەمیشە هەوڵی دەدا لەسەر حیسابی شیوعیەتی چینی لە ئەزموونی سۆڤیەت نزیك ببێتەوە، لەلایەكی دیكە ئەو سیاسەتە چەوتانەی كە لی دوان پیادەی دەكرد، بەشێكی دیكەی كێشەكە بوو، ناوبراو دژی هەموو جۆرە كرانەوەیەكی بازرگانی بوو، هەروەها رازی نەبوو بە بونیادنانی بازاڕی ئازاد.
سیاسەتەكانی ئەندازیاری جەنگ
لی دوان، ئەو كەسەی لە ماوەی خولی سێیەمی پەرلەمان لە ساڵی 1968 تا كاتی مردنی لە ساڵی 1986 سەركردایەتی حزبی شیوعی ڤێتنامی گرتە دەست، یەكێك بوو لە گرنگترین ئەو سەركردانەی كاریگەریی زۆریان هەبوو لەسەر سیاسەت و ئابووریی ڤێتنام لەو قۆناغەدا، نەوەك لەبەر ئەوەی دوان ئەندازیاری ئەو جەنگە بوو كە سوپای ئەمەریكای لە وڵات وەدەرنا بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەو خاوەنی تیۆرێكی تایبەت بوو سەبارەت بە گەشەكردنی بواری ئابووری و باشتركردنی گوزەرانی خەڵك لە رێگەی داڕشتنی پلانێكی ناوەندیی تۆكمە و درێژخایەن . بەڵام پشتگیریی لە رادەبەدەری دوان بۆ ناوەندیی دەسەڵات و كۆكردنەوەی هەموو بڕیارە سیاسی و ئابووریەكان لە دەستی پارتی دەسەڵاتدار بووە هۆی لەباربردنی ئەزموونی ئابووری، بە جۆرێك لە نیوەی هەشتاكان ئابووری ڤێتنام رووبەڕووی توندترین گرفت بوەوە و ئاستەكانی هەڵاوسان گەیشتە 770% . ئەم بارودۆخە تا ساڵی 1986 درێژەی كێشا، ئەو ساڵە نیجوین ڤان لین سەركردایەتی حزبی شیوعی گرتەدەست . ناوبراو شارەزاییەكی تەواوی لەبواری ئابووری هەبوو و سەرەتا نەخشەیەكی نوێی داڕشت، لەو كاتەشەوە ئابووری وڵات رووی لە گەشانەوە كرد.
پلانی دوی موی
ئەو پلانەی لە لایەن نیجوین ڤان لین راگەیەنرا بە دوی موی ناونرا و لەلایەن حزبی شیوعیەوە پشتگیری لێ كرا، پلانەكە بریتی بوو لە:
ئەنجامدانی چاكسازیی لەو بڕیارانەی تایبەت بوون بە موڵكدارێتی زەوی كشتوكاڵی، بۆ یەكەم جار رێگە بە ڤێتنامیەكان درا بە گوێرەی خواستی خۆیان زەویوزارەكانیان بۆ كشتوكاڵ بەكار بێنن، بەڵام هەر كاتێك جوتیار زەوی خۆی بەجێ بێڵێ، حكوومەت دەتوانێ زەویەكە وەربگرێتەوە.
ساڵی 1990 قۆناغی كێڵگە بەكۆمەڵەكان دەستی پێكرد، حكوموەت دەیویست باجی زیاتر دەستەبەر بكات، ئەوەبوو جوتیاران لە كێڵگەی بە كۆمەڵ كۆكرانەوە كە موڵكی دەوڵەت بوون، بەمەش رێژەی باج گەیشتە 40٪.
ساڵی 1989 ڤێتنام لە رووی هەناردەكردنی برنج بووە سێیەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان.
دەست كرا بە هەوڵدان بۆ پەلكێشكردنی سەرمایەی بیانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڤێتنام نەیتوانی بەسەر سزا ئەمەریكیەكاندا زاڵ بێ.
گەڕانەوە بۆ نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
ساڵی 1989 ڤێتنام لە كەمبۆدیا كشایەوە و لە بەرامبەردا ئەمەریكا سزای گەشتكردنی بۆ ڤێتنام لادا و دواتر سزای ئابووری و سەربازیش لادرا و ڤێتنام گەڕایەوە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی .هانۆی هەوڵی دا ببێتە ئەندامی رێكخراوی بازرگانی جیهانی، ئەمەش بووە هۆی بەرزكردنەوەی بەهای سەرمایەگوزاریی.
ساڵی 1992 زیاتر لە 17 هەزار كۆمپانیای تایبەت دامەزرێنرا . ژمارەیەك یاسا داڕێژران سەبارەت بە داننان بە رۆڵی كەرتی تایبەت لە ئابووری وڵات.
ساڵی 1995 ڤێتنام بوە ئەندام لە رێكخراوی ئاسیان.
ساڵی 2001 رێككەوتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ واشنتۆن مۆر كرد.
دوژمنی دوێنێ و دۆستی ئەمڕۆ
ساڵی 1995 ئیدارەی بیل كلینتۆن رایگەیاند كە پەیوەندیەكانی نێوان واشنتۆن و هانۆی ئاسایی بوونەتەوە، ئەمە هەنگاوێك بوو بۆ ئەوەی ساڵی 2007 ڤێتنام ببێتە ئەندامی رێكخراوی بازرگانی جیهانی.
ساڵی 2016 ئیدارەی ئۆباما ئابڵۆقەی بازرگانیكردنی چەكی لەگەڵ ڤێتنام لادا.
دەسەڵاتدارانی ڤێتنام 16 رێككەوتنی تایبەت بە بازرگانی نێودەوڵەتیان مۆر كرد، ئەمە بووە هۆی دابەزاندنی تەعریفەی گومرگی لەسەر هەناردە و هاوردە.
هاوكات بە یارمەتی بانكی نێودەوڵەتی و چەندین دامودەزگای نێودەوڵەتی دیكە دەست كرا بە جێبەجێكردنی هەڵمەتێكی بوژانەوەی نێوخۆیی. ساڵی 2010 چەندین كۆمپانیای گەورەی وەك سامسۆنگ و ئەنتل و هی دیكە خۆیان خزاندە نێو بازاڕەكانی ڤێتنام.









