خهبات: رەمزی میرەكانی:-
ئەلان لیلان، یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، باسی راهێنەری پێشووی یانەكەی، ماوریسیۆ ساری، كرد كە ئێستا بووەتە راهێنەری یانەی یۆڤانتس. لە سایەی ركابەری و پەیوەندی خراپی نێوان جەماوەری یۆڤانتس و ناپۆلیدا، چوونی ساری بۆ یۆڤی، بووەتە هۆی تووڕەبوونی جەماوەری یانەكەی باشووری ئیتاڵیا. لەمبارەیەوە ئەلان لێدوانی بۆ ماڵپەڕی كالچیۆ میركاتۆ دا و وتی:” ساری ئازادە لە هەڵبژاردەكانی، ئەو یۆڤانتسی هەڵبژارد، ئەوەش ویستی خۆیەتی”. هەروەها وتی:”هەموو هەوڵێك دەدەین، بۆ ئەوەی لێی ببەینەوە، چونكە ئەو ئێستا ركابەری ئێمەیە”. ئەلان لە بارەی ئەگەری چوونی خامیس رۆدریگز، یاریزانی ریال مەدرید بۆ ریزەكانی ناپۆلی وتی:”خامیس یاریزانێكی نایابە، هیوا خوازم بێتە لامان. ئەو بەهۆی ئەو ئەزموونەی هەیەتی، سوودی زۆری بۆ ناپۆلی دەبێت، چونكە یاری بۆ گەورەترین یانەكانی جیهان كردووە، وەكو ریال مەدرید و بایرن میونخ”. شیاوی باسكردنە، ناپۆلی، لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەر، كارلۆ ئەنچیلۆتی دا، پارەكە لە پلەی دووەمی خولی ئیتاڵیا گیرسایەوە، بەمەش بەشداریی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای وەرزی داهاتوو دەكات.









