خهبات: سەید فاتیح بەرزنجی:-
زیاتر لە یەك مانگە هاوردەكردنی هێلكە بۆ كوردستان و عێراق ڕاگیراوەو هەرێمی كوردستانیش پابەندی بڕیارەكەی حكومەتی عێراقە، بۆیە نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی كوردستان بەرز بۆتەوەو گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا سەبارەت بەو بابەتە وەك ڕۆژنامەی خەبات ئەو ڕاپۆۆرتەمان ئامادەكرد.
هاووڵاتیان: كێ لەگرانبوونی نرخی هێلكە بەرپرسیارە
دوای گرانبوونی نرخی هێلكە لە بازاڕ، هاووڵاتیان گلەیی و گازاندەی زۆریان هەبوو لەحكومەت كە بۆچی چارەسەری ئەو كێشەیە ناكات. لەمبارەیەوە ژمارەیەك لە هاووڵاتیان دەربارەی گرانبوونی هێلكە قسەی خۆیان هەبوو.
ساڵح كەریم لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر خەریكی كڕینی هێلكەبوو گوتی: ماوەی چەند هەفتەیەكە نرخی هێلكە لەبازاڕ زۆر گرانبووەو جاران نرخی یەك تەبەقە هێلكە بە 3 هەزار دیناربوو، كەچی لەئێستادا نرخەكە بۆتە دوو هێندە. مام محەمەد گوتی: داوا لەحكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵدەكەین كە سنورێك بۆ گران بوونی نرخی هێلكە دابنێت. هەروەها كامەران عەلی گوتی: هێلكە لە بازاڕەكان كەم بۆتەوەو نرخەكەشی گران بووە ئومێدەوارم حكومەتی هەرێم چارەسەری ئەو گران بوونە بكات. مام شاكری هێلكە فرۆشیش گوتی: ئێمە هێلكە بە كۆدەكڕین و چەندین دەكاندار دێنە لای ئێمە بۆ هێلكە كڕین و لە ئێستادا حكومەتی عێراق وای كردووە كە نرخی هێلكە لەبازاڕدا گران بێت، خەریكە لەلایەن حكوتی هەرێم ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت و بەدوا داچوونی بۆ دەكرێت.
بەكری هێلكە فرۆشیش لە بازاڕی شێخەڵڵا گوتی: گرانبوونی نرخی هێلكە بە هۆی بڕیارێكی حكومەتی عێراقەوەیەو هاوردەكردنی لە دەروارزە سنوریەكان قەدەغەكراوە بۆیە نرخەكەی گران بووە.
بەهۆی قەدەغەكردنی هاوردەكردنەوە نرخی هێلكە گران بووە
دیارە بەهۆی بڕیارێكی حكومەتی عێراق كە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و پابەندە پێیەوە، بۆیە نرخی هێلكە لە بازاڕەكان گران بووە و پاساوی ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستی هاووڵاتیان دەكات ودوای ئەو بڕیارە نرخەكەی بەرزبۆوە.
دەربارەی ئەو بابەتە جەمال ئاكرەیی بەڕێوەبەری كەرەنتینەی ڤێتەرنەری گوتی: لە كوردستان 10 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكە هەیەو یەكیان لەشاری دهۆكەو ئەوانی دیكەیش لەشاری هەولێرەو ساڵانە نزیكەی یەك ملیارو 200 ملیۆن هێلكە بەرهەم دەهێنرێتو لە95% هێلكەی بەرهەم هاتوو ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت و هێلكەش لە بازاڕەكانی كوردستان كەمیان كردووەو نرخەكەشی گران بووە. دواتر ئاماژەی بەوەداو گوتی: بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكە لە وڵاتانی توركیاو ئێران بە بڕیاری بەغدایە و هەرێمی كوردستانیش پابەندە بەو بڕیارەوە، هەر بۆیە نرخەكەشی لەبازاڕەكاندا گران بووە ئەگەرچی جاران نرخی یەك تەبەقە هێلكە لە بازاڕ بە سێ هەزار دیناربووەو لە ئێستادا بۆتە سەرووی پێنج هەزار دینارو ئاماژەی بەوەشداو گوتی: لە 11 پڕۆژەی پەلەوەری بەرهەم هێنانی هێلكە ئێستا پێنج پڕۆژەیان بەرهەمیان هەیەو چاوەڕوان دەكرێت پڕۆژەكانی دیكە بكەنەوە كاركردن.
وەزارەتی كشتوكاڵ سێ بڕیاری دەربارەی هێلكە دەركرد
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت ڕوونیكردەوە: سێ بڕیار دەربارەی هێلكە دەركران بۆ ڕێكخستنی بازاڕو نرخی هێلكە، بۆیە وەزارەتی كشتوكاڵ پێویستە بایەخی زیاتر بەو بابەتە بدات و یەكەم بڕیاریش دەربارەی ڕێكخستنی بازاڕو نرخی هێلكە هاتووەو كۆبوونەوەیەك لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەنی سامانی ئاژەڵ لە شارەكان و خاوەنی كێلگەكان بۆ تاوتووكردنی بابەتی بەرهەمی هێلكە و ڕێكخستنی بازاڕو دابینكردنی پێداویستی خاوەن كێڵگەكان و دیاریكردنی نرخی هێلكەو بڕیاری دووەمیش بریتیە لە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری بە ئامانجی سەردانی كردنی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ ڕێكخستنی ڕێنماییەكانی هاوردەكردنی هێلكەو لەبەرچاوگرتنی پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆو بڕیاری سێیەمیش بڕیاریش هاتووە كە وەزارەتی ناوخۆو لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكرێتەوە تا خاڵە سنوریەكان توند بكەن و ڕێگری لە هاوردەكردنی هێلكە بگرن لە ڕێگەی نایاسایی بۆئەوەی مەترسی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان دروست نەكات.









