ئیدارەی ترەمپ گەڕاندنەوەی هەموو سزاکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند، کە لەسەر بنەمای رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ـدا لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگیرابوون.
رۆژی هەینی 2-11-2018، ئیدارەی ترەمپ گەڕاندنەوەی قۆناخی دووەم و کۆتایی سزاکانی سەر ئێرانی راگەیاند و گوتیشی، لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، سزاکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سزاکان بوارەکانی بازرگانی کەشتیوانی و دارایی و وەرزش دەگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا هەشت وڵات لە سزاکانی بۆ سەر ئیران ئاوارتە دەکات و رێگەیان پێدەدات تا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی کاتی و سنووردار بەردەوام بن و سزاکانی ئەمریکا ئەوان نەگرێتەوە.
چەند بەرپرسێكی حکومەتی ئەمریکاش کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت، ناوی چوار لەو وڵاتەیان ئاشکراکردوون کە ئەوانیش، ئیتاڵیا، هیندستان، کۆریای باشوور و ژاپۆنن.
لەلایەکی دیکەوە، ستیڤان منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، 700 کەسایەتی و کۆمپانیای دیکەی ئێرانی دەخرێنە لیستی سزاکانەوە.
دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تەنیا چەند رۆژێکی ماوە. بەڵام بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، واشنتن ئەوەی کە دەبوو بیکات پێشتر کردوویەتی و لە رۆژی 4ـی مانگی 11ـدا شتێکی تایبەت روونادات.
ترەمپ لەدوایین قسەیدا دەڵێت، ئەمریکا لە رۆژی 5-11-2018ـەوە قۆناخی دووەمی گەمارۆکانی دەخاتە سەر ئێران، کە کەرتی نەوت و سیستەمی دراوی و بانکی دەگرێتەوە. ئیدارەی ترەمپ دەیەوێ هەناردەی نەوتی تاران کەمبکاتەوە بەجۆرێک بگاتە سفر.
رووداو










