یونس حەمەد – ئۆسلۆ
هەر لەگەڵ بوونی مرۆڤایەتی لەسەر ڕووی زەمیندا ، چەمكێك هاتە ئاراوە بەناوی گەل ونیشتمان مەبەستیش لێی ڕێكخستن و لەیەكتر نزیككردنەوەی مرۆڤ و گرووپەكان بوو تاوەكو بەشێوازێكی شارستانی و ئازادانە و دوور لە داگیركردن كاری ڕێكخستنەكان بەڕێوەبچن لەسەر خاك و نیشتمانی ئەو گەلەی بەبڕوا بە خۆبوون توانای بەڕێوەبردنی هەیە ، ئەو چەمكە ناوی لێنرا دەوڵەت كە چوارچێوەیەكی بنیاتنەری هەبێت بۆ مافی گەلان بەمافی چارەنووسیشەوە، ئەگەرچی پێش جەنگی یەكەمی جیهان بەشێوازێكی دیكە وڵاتان مامەڵەیان دەكرد، هەر بۆیەش دەبینرێت وڵات و دەوڵەتە زلهێزەكانی ئەوكات زۆربەیان جگە لە وولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆلۆنیزم بوون ،بەو واتایە كە بەریتانیا ، ئەڵمانیا، یۆنانستان، هۆڵەندی،و پورتوگالییەكان ، ئیتالیا كۆی زەوییان داگیركردبوو ، ئەگەر چی بۆ ئەوكات و دواتر چەند كۆلۆنیزمی نوێی ناوخۆیی ( لۆكاڵ)ی وەك سەفەوی و عوسمانی هاتنە نێو بابەتی داگیركاری ، بەڵام ئەوان سەرەتا بەرانبەر هێزە گەورەگان بێ دەسەڵات بوون ، كەچی دواتر بە هۆی فراوانبوونی جیهان ئەو هێزانە كە جاران لۆكاڵی بوون توانییان هەنگاو بە هەنگاو خۆیان ڕێكبخەن ،لێرەدا توانای ئەوەیان پەیدا كرد خاك داگیربكەن و گەلانی دیكەی ناوچەكە بخەنە ژێر ڕكێڤی خۆیان. دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم لە دەیەكانی سەدەی بیستەمدا، جیهان لە چەمكی دەوڵەوتبوون فراوانتر بینرا، ئەوەبوو چەندین دەوڵەت و قەوارە بەهۆی وڵاتانی كۆڵۆنیزم دامەزران ، كە هەندێكیان لە نزمترین ئاستی دەوڵەتدا بوون بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، كە هیچ خەسڵەت و سیستەمێكی خۆبەڕێوەبردنیان لێ بەدی نەدەكرا ،لە سەرەتای بیستەكاندا عێڕاق بە پاڵشتی كۆلۆنیزمی بەریتانیا وەك دەوڵەت ناسێنرا، هەر لەسەرەتای درووستبوون یاخوود دامەزراندنی ئەو بە ناو دەوڵەتە بە هۆی نەبوونی خەسڵەتەكانی بوون بەدەوڵەت نەبوو ،وەك بە زۆر لكاندنی خاك ونیشتمان و گەل ئەوە دووچاری كێشە و قەیران بۆوە ، بەتایبەت بە زۆر لكاندنی باشووری كوردستان بەو دەوڵەتەوە هەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە نەتوانرا نە بەكردەوە یان بە زۆر بە ناو یەكپارچەیی بەپارێزێت، چونكە لە بنەڕەتدا لكاندنەكە بێ پرس و ڕای كورد بوو، هەروەها زیاتر ڕووی لە داگیركاری دەكرد ، بۆیە لە سەرەتادا تاوەكو ئێستا بە تایبەت لە سیپتەمبەری ساڵی 1961 دا كە شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر هەڵگیرسا ، ئەوە یەكپارچەیەكە بوونی نەما ، بەهۆكاری ئەوەی گەلی كورد ئەگەرچی تەواوی باشووری كوردستان ( هەرێمی كوردستان)ی ئێستایان لەدەستدا نەبوو، بەڵام ناوچەیەكی بەرفراوان و ستراتیژییان ڕزگار كردبوو ،وێڕای ئەمەش تەواوی گەلی كوردستان لە باشوور پاڵپشتی شۆڕشی كورد بوون ، كە بە شۆڕشی دەوڵەت بۆ كوردستان ناوی دەركردبوو ، ئەمە بەڵگەی سەلمێنراوە بەوەی گەلی كورد هەمیشە چاوەڕێی ئەوە دەكات كورد بگاتە ئامانجە ڕاستەقینەكەی خۆی . دوای1975 كورد كۆڵی نەدا ، ڕاستە ڕژێم شارەكانی بە زۆر خستە ژێر ڕكێڤی خۆی ، بەڵام دەرەوەی شار و ناوچەیەكی بەرفراوان بەردەوام لەبەر دەستی كورد دا بوون تا ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 كە بەشێوەیەكی سیاسی و یاسایی بەناو یەكپارچەیی عێڕاق بوونیان نەما ، نە سووپای ڕژێم لە زۆر خاكی كوردستاندا بوونی هەبوو نە فەرمانگە ،هەروەها سنوورێك ئەگەر تەواویش نەبوو نێوان ڕژێم و كورد دیاری كرابوو ، بەمەش بە بڕیاری نێودەوڵەتی زۆربەی خاكی باشووری كوردستان كەوتە بەردەستی خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی كە ئەویش گەلی كورد بوو. ئەوەی زۆر لە پێناسەكانی گۆڕی لە 25ی سیپتەمبەری 2017دا گەلی كوردستان بۆ یەكەم جار لە مێژوودا بە تایبەتی مێژووی هاوچەرخ لە ریفڕاندۆمێكی ئازاد و سیاسی و یاساییدا خۆی یەكلاكردەوە، لێرەدا نزیك 92.7 بە بەڵێ دەنگی خۆیان ئاراستەی ناوچەكە و جیهان كرد بەوەی گەلی كورد وەك چۆن پێشتر بە جۆرەكانی دیكە بەرگری لە خاك و گەلی كوردستان دەكرد ئەمجارەیان بە دەنگی ئازاد و سەندوقی دەنگدان و بە شێوەیەكی دیموكراتی و شارستانی و یاسایی سەلماندنی بەوەی كوردستان بۆ گەلی كورد و ئەو نەتەوە و ئایین و مەزهەبانەیە كە لەسەریدا دەژین .جا ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكرێت یەكپارچەیی هەر دەوڵەتێك بە زۆر لكاندن نابێت ، چونكە سەروەریی خاك لای گەل و میللەتە ، نەوەك لەلای سیستەم و ڕژێمەكان بێت ، بۆیە گەلی كورد هەر لەگەڵ درووستبوونی مرۆڤایەتی و تا ئەمڕۆ بیری لەوە نەكردۆتەوە خاكی هیچ كەسێكی دیكە بە زۆر بە كوردستانەوە بلكێنێ ، لەبەرانبەردا بە هیچ جۆر و شێوازێك ئەوەی قبوول نەكردووە گەلێك یان سیستەمێكی دیكە زاڵ بێت بەسەری و خاكی داگیر بكات، چ بە خەباتكردن یا ئەوەتا بە خۆشەویستی بۆ وڵاتەكەی سەلماندوویەتی كە چەمكی دەوڵەتبوونی بەزۆر تەنیا خەیاڵە و هیچیتر.









