سەروەت مستەفا
رۆژی 12/6/2019 رێزدار مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی كوردستان هەڵبژێردرا، بۆ ئەمجارە كابینەی نوێ لە چاو كابینەكانی دیكەدا جیاواز دەبێت، چوونكە بەڕێز كاك مسروور بارزانی لە بواری ئەمنیدا بە ئەندازیاری هێمنی و ئارامی و ئاوەدانی و خێرخوازی ناسراوە، هیوادارین لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە خزمەت بە چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەماندا بكات.
بەڕێزییان لە دامودەزگای ئەمنیدا ئەزمونێكی زۆر زۆر باشی هەیە، بێگومان لەڕووی ئاوەدانیشەوە كاریگەری خۆی دەبێت، دەتوانێت لە زۆر بواردا چاكسازی بكات، هیوادارم لەكابینەی نوێ ڕێژەی ئافرەتان لە پێگە ئیدارییەكان لەبەرچاو بگرێت، دەرفەت و هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕەخسێنێت.
ماوەی چەند ساڵێك بوو بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكان بەگشتی پەكیان كەوتبوون، ئەو پرۆژانەی تاوەكو ئێستا قسەی لەسەرنەكراوە چارەسەر كێشەكانیان بكرێت. هیوادارم لە كابینەی نوێ و بەسەرۆكایەتی جەنابیان گرینگی زیاتر بە دامەزراندنی قوتابیانی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان بدرێت، هەروەها كەرتەكانی كشتوكاڵ، نەوت، گەشتوگوزار یەكێكن لە گرنگترین كەرتەكانی هەرێمی كوردستان و پێویستە گرینگی زیاتریان پێ بدرێت.
ئاوەدانكردنەوەی لادێكان و پێشینەی خانووبەرە و زەوی و دەستی كار بۆ گەنجانمان لە پێشینەی كارەكانی حكوومەت بێت، بۆ ئەوەی گەنجان چیتر كۆچ نەكەن و لێرەوە خزمەتی كۆمەڵگاكەمان بكەن، هەوڵی گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، هەروەك جەنابی سەرۆك بارزانی دەڵێ “مساوەمە لەسەر نفووسی كەركووك ناكرێت”، دڵنیاشین وەك چۆن لە ڕابردوودا بەرێز مەسروور بارزانی لەلایەنی ئەمنی سەركەوتوو بووە بێگومان لەم پۆستەی ئێستاشیدا سەركەوتوو دەبێت و كەسێكی كارێزما و لێهاتوو دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان.









