خهبات: هاوار مورتكەیی –
میرۆسلاڤا هراببینسكا Myroslava Hrabinska خانمە شەترەنجزان و راهێنەری ئۆكرانی كە هەڵگری بڕوانامەی گراند ماستەرە WGM، خاوەنی نازناوی چەندین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتییە و لەسەر ئاستی وڵاتەكەشی خاوەن میدالیای بڕۆنزی ئۆكرانیایە بۆ خوار 20 ساڵی، ئێستاش راهێنەری یانەی دوبەی ئیماراتیە، میرۆسلاڤا لە دیمانەیەكی لاپەرەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات باس لە كاروانی وەرزشی و دەسكەوتەكانی دەكات.
سێیەمی ئۆكرانیا بووم
میرۆسلاڤا كە لە ساڵی 1984 لە شاری لڤیڤی ئۆكرانی لەدایك بووە گوتی: باوكم دەستی گرتم بۆ نێو ئەو یارییە، بەخێرایی فێربووم و زۆر یارییم لە ئاست گروپەكەی خۆم دەبردەوە، دەتوانم بڵێم باوكم یەكەم راهێنەرم بوو، هەر زوو دركم بەوەكرد كە شەترەنج ئەو یارییەیە كە تێكەڵی ناخم بووە و لەگەڵی هەلدەكەم، بۆ یەكەمجار لە پاڵەوانێتی لۆهانسك لە ساڵی 1993 بۆ خوار 10 ساڵی بەشداریم كرد ، لە ئاستی دەرەوەش لە ساڵی 1988 بەشداری پاڵەوانێتی باردیێسم كرد لە پاریس، بەڵام باشترین دەسكەوتم بەدەستهێنانی میدالیای بڕۆنزی بوو لە پاڵەوانێتی ئۆكرانیای خوار 20 ساڵی لە ساڵی 2004، كە ئەوكات بەهێزترین شەترەنجزانانی ئۆكرانی بەشدارببوون لەنێویاندا ئانا مۆزیشۆك.
شەترەنجزانێكی تەماحكار نەبوویمە
دواتر خانمە شەترەنجزانی ئۆكرانی كە هەڵگری ریتینگی 2240ی یەكیتی نێودەولەتی شەترەنجە گوتی: لە ئاستی بەشدارییەكانی دەرەوە چەندین ئەنجامی باشم بەدەستهێناوە لەوانە Infineon Young Masters لە دردسن لە ساڵی 2003? هەروەها پاڵەوانێتی Breizh Masters لە فەرنسا ساڵی 2006، لەگەڵ دوو پاڵەوانێتی لەسەریەكی 2006 و 2007ی Vasylyshyn Memorial in Lviv، هەروەها گوتی من كەسیكی بەتەماح نەبوویمە، بۆیە كاتێك بڕوانامەی WGMم بەدەستهێنا نەمویست ویاتر بڕۆم، ئەگەرچی نازناوی IMم بەدەستهێنابوو لە پاڵەوانێتی بەناوبانگی كراوەی Capelle la Grande.
بەرهەمی راهێنان لە پاڵەوانێتییەكاندا دەردەكەوێ
دواجار راهێنەر و گراند ماستەری ئۆكرانی گوتی: شەترەنج لەژیانمدا زۆر شتی پێشكەش كردووم، كە لەهەموویان گرینگتر گەشت بەدەوری جیهان، لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم كە هاوسەرەكەم لەراستیدا راهێنەرمە، ئەو بوو ئەو پیشەیەی بۆ فەراهەم كردم كە 4 ساڵە راهێنەری یەكیك لە باشترین یانەكانی جیهانم ئەویش یانەی دوبەی بۆ شەترەنج، ئێستاش بەردەوامم لەگەڵ ئەو یانەیە و رۆژانە لەرێگای ئینتەرنێتەوە ئەركی راهێنەرایەتی جێبەجێ دەكەم، لەكۆتاییدا وەك راهێنەرێكی شەترەنج حەزەكەم بڵێم هیچ كات لە ناو پاڵەوانێتی نیگەران مەبە، باشترین رێگا ئەوەیە سەرنجی تەواوت بخەیتە سەر و بە گروتینەوە راهێنان بكەیت، چونكە ئەوەی فێر دەبیت تەنها لە پاڵەوانێتییەكاندا دەتوانی تواناكانت دەربخەی.









