شێركۆ حەبیب
لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی رابڕدوو، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بە شانازی و لەخۆبوردەیی، دروشمی بەرەو كوردستانێكی بەهێزی بەرز كردەوە، پارتی بە متمانە بوون بە خەباتی زیاتر لە 70 ساڵ و رێبازی پیرۆزی جەنابی مەلامستەفا بارزانی نەمر و زیاتر لە نیو سەدە خەبات و تێكۆشانی رابەری كورد جەنابی سەرۆك بارزانی، و متمانە بوون بە كادیر و لایەنگرانی ئەو دروشمەی بەرزكردەوە، چونكە دروشمێكی سادە نییە بەڵكو دروشمێكە كە دەبێ خەبات و تێكۆشانی بۆ بكرێت، هەر بۆیە لە دوای راگەیاندنی كۆتا ئەنجامی هەڵبژاردن پارتی یەكەم هەنگاوی سەركەتووانە بەدەست هێن بە دابینكردنی 45 كورسی پەرلەمان كە ئەمە هەنگاوێكی سەرەكی متمانەی جەماوەری كوردستان بوو، لەم روانگەوە پارتی مافی خۆیەتی كە بۆ هەردوو پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كاندیدی هەبێت، ئەوە بوو سەركردایەتی پارتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم و رێزدار مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵبژارد، بێگومان ئەگەر كاندید كردنی ئەو دوو بەرێزە كارێكی ئاسایی و سروشتی پارتی بێت، بەڵام لە هەمان كاتدا تێروانینی پارتی نیشان دەدات بۆ جێ بەجێكردنی ئەو دروشمە كە بونیادنانی كوردستانێكی بەهێزە، ئەگەرچی ئەو دوو بەرێزە پێگە و سەنگی تایبەتیان لە ناو پارتی هەیە، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین كەوا لە لایەن زۆربەی كوردستانیان و حزبەكان خاوەن پێگە و رێزی تایبەتن، نەك هەر ئەوە بەڵكو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش جێگای رێزن و پێشوازی گەرمیان لێكرا.
لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەی تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم یا سەرۆكایەتی حكوومەت، كارەكان ئاسان نین بەڵكو زۆر لەمپەر و كۆسپ هەن كە دەبێ بەژیری و بایەخەوە كاری بۆ بكرێت بۆ بونیادنانی كوردستانێكی بەهێزتر، بێگومان پاڵپشتی رابەری كورد جەنابی سەرۆك بارزانی و كارامەیی و شارەزایی هەردوو بەرێزان كاك نێچیرڤان و كاك مسرور، سەركەتوو دەبن بەسەر هەر كۆسپ و تەگەرەیەك.
لەم كات و ساتەدا ئەوەی گرنگە یەكریزی نێوماڵی كورد و موزایەداتی حزبی نەكردن، گرفت و كێشەكانی نێوخۆی هەندی لایەن نەبێتە هۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و ئەو لایەنەی كە هەژموونی دەرەكی یا باڵ باڵێن زاڵە بەسەریاندا دەبێ بەیەك بریار و هەڵوێست بۆ چوونەكانیان بخەنەروو، چونكە كاریگەری سلبی دەبێت لەسەر سەرجەم بوارەكانی نێوماڵی كوردستانیان، هەروەها نابێ بابەتەكان تێكەڵ بەیەكدی بكەن و دڵەڕاوەكێ بخەنە نێو كوردستان، یا موزایەدەی ئەم شار و ئەو شار بكەن سەرتاپای كوردستان بۆ هەموو لایەكە، هەروەها یەكێك لە كارەكان حكوومەتی هەرێم چارەسەركردنی گرفت و ئاڵۆزییەكان لە نێوان بەغدا و هەرێمە لەسەر بنەمای بڕگەكانی دەستور، بەتایبەتی ئیستا لە كابینەی بەرێز عادل عبدوالمهدی بارێكی گونجاو رەخساوە، هێور كردنەوەی بارودۆخی كەركوك بۆ پێش كارە خیانەتكارەكەی 16 ئەكتۆبەری 2017، لەسەر ئاستی كوردستانیش دەبێ هەوڵێكی زۆر بدرێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و دوو موچەیی و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی بێ یاسا بەتایبەتی پلە سەربازییەكان.
میللەت چاوەڕوانی ئایندەیەكی گەشە بۆ گەیشتن بەكوردستانێكی بەهێزتر و ئازاد.










