خهبات: ڕۆشنا عەلی
تاقیكردنەوە گشتی و وزارییەكانی پۆلەكانی نۆو دوانزەی ئامادەیی ئەمساڵی خوێندن لە 26-5-2019 بەڕێوە چوون و ئەمساڵیش وەك ساڵان تاقیكردنەوەكان كەوتنە بەر لێشاوی دەنگۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەنگۆكانیش خۆی لە هەڵەی پرسیارو دەقی ناڕوون و پرسیاری فرە وەڵام و پرسیاری بێ وەڵام و خراپی لە تایپی پرسیارو هەڵەی ئیمللاو پرسیاری دەرەكیدا بینیوەتەوە ، ئەمە لە كاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان لە دوو كاتی جیاوازدا دوو ڕونكردنەوەی بڵاو كردەوە ، كە لە كورتترین تێگەشتندا ئەوەبوو كە مافی هیچ قوتابییەك نافەوتێ و لە بوونی هەڵەی لەو جۆرە قوتابییان قەرەبوو دەكرێنەوە ، لاپەڕەی پەروەردە بۆ ئەم مەبەستە بەدواداچونێكی مەیدانی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان لە گەڵ قوتابییان ئەنجامدا.
ڕێگەیان نەدا بەشداری تاقیكردنەوە بكەم
سەرەتا لەگەڵ چونمان بۆ یەكێك لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە قوتابییەك لەدەرەوەی هۆڵەكە وەستابوو لێم پرسی چۆن بووی لە تاقیكردنەوەكە؟ بەڵام ڕێگایان پێنەدابوو بەشداری تاقیكردنەوەكە بكات وریا نەجات سەلیم بۆ خەبات وتی ” تەنها چارەكێك دواكەوتم ، بەڵام بەڕێوەبەری هۆڵەكە ڕێگای پێنەدام بچمە تاقیكردنەوەكە و لە كاتێكدا عوزرم هەبوو دایكم لە نەخۆشخانە بوو لە دەرەوەی هەولێرەوە بە ماتۆڕ هاتم و لە ڕێگاش ماتۆڕەكەم عاتڵ بووخێرا تەكسیم گرت ، بەڵام بەڕێوەبەری هۆڵەكە ڕێگای نەدام تاقیكردنەوەكە ئەنجام بدەم ناچارم تاقیكردنەوەكە بخەمە خولی دووەم كە زۆر باش خوێندبووم و خۆم هیلاك كردبوو خۆت دەزانی هەر وانەیەك بكەوێتە دەوری دووەم كۆی نمرەكان دادەبەزێنێت لە كاتێكدا لە تاقیكردنەوەكانی پێشوودا زۆر باش بووم و دەردەچووم ئێمە قوتابی دەرەكین لە دەرەوەی هەولێرەوە دێین دەبێت حسابی ئەوەمان بۆ بكەن.
كاریگەری دەنگۆكان
دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی كە گوایە پرسیارەكان كەشف بوون و قوتابی سارد كردۆتەوە ئایا ئەوان هیچ هەواڵێكی لەو جۆرەیان بیستووە و تاچەند كاریگەری لەسەر دروستكردوون؟
لەمبارەیەوە قوتابی دوانزەی ئامادەیی یاسین بارام ئاماژەی بەوەدا كە ئەو هیچ دەنگۆیەكی پرسیار كەشف بوونی بۆ تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ نەبیستووە ئەو وتی ” ئەمساڵ ئاگادار نیم ، بەڵام پار دەنگۆكە زۆر بوو چەندین بەڵگەش هەبوو. دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هیچ پرسیارێكتان بۆ هاتۆتەوە لە ناو مەلزەمەی مامۆستایەكدا هەبێت و لە كتێبەكەی خۆتانا نەبێت یاسین وتی ” لەكوردی دوو پرسیارمان بۆهاتبۆوە لە كتێب نەبوو بەڵام وتیان لە مەلزەمە هەبووە ، بەڵام پرسیارەكەمان بۆ حساب كرا تا ئێستا هیچ كێشەیەكمان نەبووە جگە لە عەرەبی. ئەحمەد وەهاب دەربارەی شێوازی تاقیكردنەوەكان وتی: واهەست ئەكەم غەدرێكی گەورەمان لێكراوە لە تاقیكردنەوەكان ڕۆژانە حەوت كاتژمێر دەخوێنم خۆمان زۆر ماندوو دەكەین كە دێینە سەر تاقیكردنەوەكان دەبینی زۆری پرسیارەكان پەیوەندی بە كتێبەكەوە نییە.
بازرگانی بە قوتابییەوە
عەلی فەرهاد یەكەم ساڵێتی بەشداری لە تاقیكردنەوەكان دەكات لە قوتابخانەیەكی تر تاقیكردنەوەی ئەنجامدا بوو ئەو دەربارەی پرسیارەكان و خوێندن لەسەر مەلزەمە وتی ” ئێمە لەبەر ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی وەڵام دەدەینەوە هەندێك وەرگێڕان جیاوازی هەبوو لەگەڵ كتێبەكە ، بەڵام باشتر بوو لە ساڵەكانی دیكە، بە گشتی پرسیارەكان ئاسان بوو ، بەڵام ورد بوو من ئەمڕۆ تاقیكردنەوەی كیمیام هەبوو.
هیچ پرسیارێكتان بۆ هاتبۆوە لە مەلزەمە هەبێت و لە كتێبەكانی خۆتانا نەبێت ، چونكە هەر مامۆستایەو ئەڵێت پرسیاری مەلزەمەكەی من هاتۆتەوە ؟ بەداخەوە پۆلی دوانزە كراوە بە بازرگانی بە قوتابییەوە هەر مامۆستایەك مەلزەمەی هەیە و مونافەسەی پێئەكات ، شتی وا نەهاتووە ڕەنگە تەنها ڕیكلام بێت بۆ مەلزەمەكانییان.
تۆ بۆ خوێندن مەلزەمە یان كتێب بەكار هێنا ؟ لەراستییا بۆ تێگەشتن لە خوول بووم لەسەر مەلزەمە ئەمخوێند بەڵام پێویستە هەموو قوتابییەك لەسەر كتێب بخوێنێت ، چونكە دڵنیام ئەوەی پرسیار دادەنێت كتێبی لایە نەك مەلزەمە.
لەبارەی ئەوەشی ئایا پرسیاری هەڵە لە تاقیكردنەوەكان هەبووە ؟ ئەو قوتابییە ئاماژەی بەوەكرد كە بەو جۆرە نەبووە و ئەگەر پرسیاری هەڵە هەبێت نمرەی خۆت پێدەدرێتەوە .
جولیان غانم ساڵی یەكەمە كە بەشداری تاقیكردنەوە گشتییەكان دەكات و قوتابی قوتابخانەی هەولێری نموونەییە ئەو دەربارەی ئەوەی كە سیستەمییان ئینگلیزییە تاچەند كێشەی وەرگێڕانییان لە شێوازی پرسیار بۆ دروستبووە ئەو قوتابییە وتی: تا ئێستا زۆر باش بووە هیچ كێشەیەكی وامان نەبووە ، دەربارەی ئەو پرسیارانەشی كەلە كتێب نەبووە ئەو قوتابییە وتی : تەنها یەك دوو پرسیاری دەرەكی بوو ئەوانەی تر هەمووی ئاسایی بوو بۆنموونە زیندەوەرزانی گران بوو، بەڵام دەرەكی و پرسیاری دەرەكی تێدا نەبوو ، من لەسەر كتێب دەخوێنم زانیاریم نییە ئەگەر لەسەر مەلزەمەی مامۆستایەك هەبووبێت بە تایبەتی زیندەوەرزانی ، وانەكانی تر بەپێی وانەكان كیمیاو فیزیا مەلزەمە باشترە ڕونكردنەوەی زیاتری تێدایە دەربارەی ئەوەشی ئایا لەم تاقیكردنەوەیەی ئەمڕۆ چەند دەهێنی ئەو قوتابییە وتی: بەتەمای 98 نمرەم.
خوێندن لە نێوان مەلزەمەو كتێبدا
مستەفا بەكر قوتابی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەربارەی شێوازی تاقیكردنەوەكان وتی : بە نیازی 100 نمرەم لە تاقیكردنەوەكەی ئەمڕۆ زۆربەی وانەكان لەسەرەتاوە لەسەر مەلزەمە دەمخوێند ، چونكە ڕونترە دواتریش دەچوومە سەر كتێب بە بۆچوونی من هەندێ وانە لە مەلزەمە باشترە و هەندێك لەسەر كتێب.
كەمی دەنگۆكان
شاد زیاد قوتابی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بۆ خەبات دەربارەی ڕاستیو ناڕاستی دەنگۆكان و كاریگەریان لەسەر قوتابی وتی : خەڵكێك بە پارەیەكی زۆر پرسیارەكان بە دەست دەهێنێت و پرسیارەكانیش بۆ منداڵی فەقیر قورسە جاری واهەیە لەسەر دوو نمرە ناگەیتە ئەو شوێنەی كە خۆت ئەتەوێ من بەو پێیەی سالێ دووەممە بەشداری لە تاقیكردنەوەگشتییەكان دەكەم پار ساڵ زۆر بوو دەنگۆی پرسیار كەشف بوون و فرۆشتن، بەڵام ئەمساڵ كەمترە پار پرسیار هاتبۆوە بایی 8 نمرە لە مەلزەمەی مامۆستا یا هەبوو لە كتێب نەبوو وەڵامی مەلزەمەی مامۆستاكەش هەڵە بوو كە مامۆستای بە ناوبانگیشە.
دەربارەی كاتی تاقیكردنەوەكان كە تاچەند گونجاو بوو لە كاتێكا كەوتە جەژن و ڕەمەزان؟ لەمبارەیەوە ئەو قوتابییە وتی: تاڕادەیەك بۆ قوتابی باش بوو هەرچەن جەژنەكە بۆ ئێمە نەبوو ، بەڵام بۆ خوێندن باش بوو.
شاد زیاد لە درێژەی قسەكانیدا وتی: كێشەی سەرەكی تاقیكردنەوەكان زمانی عەرەبی بوو كە قوتابی عەرەب ئەبوو بۆی تەرجومە بكرایە ئەگەرنا هیچی لێ تێنەدەگەشت ، كەس نازانێ ئەم پرسیارانەیان لە كوێ دانابوو ئێستا هەموو قوتابیان بە نیازن ڕێپێوان بكەن پاش تەوابوونی تاقیكردنەوەكان لەسەر هەردوو وانەی عەرەبی و كوردی من نازانم وەزارەتی پەروەردە بە قوتابببان دەڵێت لەسەر مەلزەمە مەخوێنن كەچی ڕێگا بە مامۆستا دەدات مەلزەمە دانێت و مامۆستاش لە پۆلا قوتابی ناچار دەكات مەلزەمە بكڕێت مامۆستا هەیە وتویەتی مەلزەمەی من پێنەبوو مەیەرە پۆلەوە و پرسیار مەكە.
چەند قوتابییەك لە گفتوگۆیەكی كراوەدا ئاماژەیان بەوەدا كە ڕێنماییەكانی پڕۆگرامەكانی خوێندن بۆ ئیزافەكردنی هەندێك بابەت لە ڕێگای سەرپەرشتیارانەوە نەگەشتۆتە قوتابیان ، بەڵام لە تاقیكردنەوەكاندا پرسیاری تێدا هاتۆتەوە ئەوەش كێشەیەكی تربوو كە هەندێك پێیان وابوو پرسیاری خاریجییە، زۆربەی ڕێنماییەكانی 2018 بوو ئەمانە ئەگەر لە هەندێك قوتابخانەش بە قوتابی وترا بێت، بەڵام قوتابی دەرەكی نەیبیستبوو لە هەندێك قوتابخانە درابوو بە قوتابییان و لە هەندێكیش بەقوتابییان نەوترابوو.
گومان لە كردنەوەی پرسیارەكان
قوتابییەك ئاماژەی بەوەدا كە ئەو گومانی هەیە لە تاقیكردنەوەی كیمیاو ئابووری زەرفی پرسیارەكان كرابێتەوە ئەو لەمبارەیەوە بۆ خەبات وتی: موسلیم خەلیل ئەمڕۆ زەرفی پرسیارەكان تیپی پێوە بوو چەند ڕۆژە تەماشامان دەكرد وانەبوو ئەمڕۆ تیپی پێوە كرابوو ئەگەر بۆیان بهێنامایە ئیمزام نەدەكرد ، چونكە دڵنیام كرابۆوە من دەخوێنم و خۆم هیلاك دەكەم یەكێكی كە دەیكڕێت نمرەی لەمن باشترە ئەوە كەی مەعقولە بە چاوی خۆم بینیم پشتەكەی تیپی پێوە بوو.
یسرا فەرهاد وتی: ئەو پرسیارانەی دانرابوون لەسەر شێوازی كۆن هاتبۆوە بە تایبەتی لە زمانی عەرەبی ئەبوو پرسیارەكان لەسەر هەمان شێوازی كتێبەكەی ئێستا بێت.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا ڕەنگە قوتابی خۆی خراپ بێت و بیانوو بە پرسیارەكان بگرێت خۆ قوتابی هەیە من قسەم لەگەڵ كرد وتی پرسیارەكان زۆر دەرەكی نەبووە ئێوە بۆچی ئەم بۆچونەتان هەیە ؟ ئاخر %90 ی قوتابی خراپی وەڵام داوەتەوە خۆ بۆ گشت قوتابییانە مەگەر تاك تاك قوتابی باش بوو بێت هەمووی زەربی لێدا تەنها بە هۆی عەرەبی یەك دوو پرسیاری لە مەلزەمەی مامۆستایەكدا هەبوو من بە نیازم 58 م بۆ بێتەوە بۆ 80 نمرە چوومە تاقیكردنەوەوە.
سۆزیاردەربارەی نمرەكەی كە ئایا چۆن بووە وتی ” تا ئێستا نەموێراوە نمرەكان لێكبدەمەوە بۆ ئەوەی سارد نەبمەوە بۆ تاقیكردنەوەكانی دیكە، دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی كە گوایە پرسیار فرۆشراوە تاچەند ئاگادارن ئایا ئەم دەنگۆیانە ساردتان ئەكەنەوە كاریگەری دەبێت لەسەرتان و ئاگاداری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن ئەو قوتابییە وتی : من تۆڕی كۆمەڵایەتی بە كار ناهێنم ماوەی پێنچ مانگە نەمكردۆتەوە بێگومان ئەگەر ئەو شتانە ببیستی زۆر كاریگەری ئەبێت و سارد ئەبیتەوە لەو بەرنامەیەی كە بەنیازی بۆ تاقیكردنەوەكان پەیڕەوی بكەیت من قوتابی هەبوو پرسیارەكانی پێبوو وتی ئەمە پرسیارەكانی بیركارییە كڕیومە وەرن بیخوێنن تەماشامان كرد پرسیاری تاقیكردنەوەو نوێ بوو دواتر چوینە تاقیكردنەوە ئەو پرسیارانەی هاتبۆوە ئەوە نەبوو وتیان دیارە زانراوە كە پرسیارەكان كەشف بووە دوایی گۆڕیویانە. سەما من تەماشای سۆشیاڵ میدیا ئەكەم، بەڵام ناتوانم باوەڕ بەو دەنگۆیانە بكەم كە لەبارەی كەشف بوونی پرسیارەوە بڵاو دەبێتەوە وە ئەمساڵ كەمترین دەنگۆی ئاشكرابوونی پرسیار هەبوو بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ، بەڵام پرسیارەكان زەحمەت بوون و سیغەی پرسیار هەڵەی زۆری تێدا بوو.
باوكی قوتابییەك
دەربارەی شێوازی گشتی پرسیارەكان و رەوشی تاقیكردنەوەكان و دەنگۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باوكی قوتابییەك وتی : ئێمەش گوێمان لەو دەنگۆیانە دەبێت دەڵێن پرسیار هەیەو بە 10000 دۆلار دەیكڕیت بەڵام كە دێیتە سەر ڕاستی و پرسیار ئەكەیت هیچ بنەمایەكی نییە و ئەمساڵیش لە ساڵەكانی دیكە باشترە و تەنها دەنگۆیەو بەڵگە نییە ، ئەوەنەی من ئاگادار بم وەك باوكێك كێشە لە بیركاری هەبوو وەرقەیان پێنەداون بۆ ئەوەی شیكاری پرسیارەكانی لەسەر بكەن ، كە دەبوو هەبێت تاقیكردنەوەی عەرەبیش ئاینەكە نەبێت زۆربەی پرسیارەكان لە كتێبا نەبووە.
پرسیارەكانی پۆلی نۆ
دەربارەی پرسیارەكانی پۆلی نۆی بنەڕەتی مامۆستا سەلام ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە پرسیارەكانی نیشتیمانی لە ڕووی هەبونی وەڵامی دروست و جۆری نوسین و كوالیتی پرینت بەهێز بن تا دەرفەت بۆ قوتابی نەهێڵیتەوە پرسیارو پێشنیارو تێبینی هەبێت لەسەر پرسیارەكان
چونكە لەكاتی بونی كێشەیەك لەپرسیارەكان ئەوە كۆنتڕۆڵی قاعە لاواز ئەبێت متمانەی قوتابی لاواز ئەبێت بەرامبەر بە پڕۆسەكە.











