مەیدانی دارەكەی سلێمانی مێژوویەكی كۆنی لە شارەكەدا هەیە و لەسەرەتای بنیاتنانی سلێمانییەوە كاسبكاران لە شوێنێكی تایبەتدا كاری كڕین و فرۆشتنی داریان كردووە، بەپێی بەرفراوانبوونی شارەكەش تا ئێستا چەند جارێك شوێنی مەیدانی دارەكە گواستراوەتەوە.
لەئێستادا لە دەرەوەی شاری سلێمانی و لە ناوچەیەكی نێوان سلێمانی و شارۆچكەی عەربەت، شوێنێكی تایبەت بۆ كاسبكارانی ئەم بوارە دیاری كراوە و نزیكەی250 كاسبكار ڕۆژانە لەم جێگایەوە سەرقاڵی مامەڵەكردنی كڕین و فرۆشتنی دارن.
كاسبكارێكی مەیدانەكە ڕۆستەم ساڵح لە بارەی مێژووی مەیدانەكە و كڕین و فرۆشتنی دار لە سلێمانی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: كاتی خۆی ئەم كارە لە ڕێگەی وڵاغەوە كراوە و چەند دارێكیان دەهێنایە سلێمانی بە تایبەتی داری بەڕوو بۆ سووتاندن و خەڵووز و لە شوێنێكدا كۆیان دەكردەوە بەتایبەت لە گومركە سووتاوەی سلێمانی كە خان بوو، دواتر دەخرایە مەزادەوە و كڕیارێك ئەو دارانەی دەكڕی بۆ سووتاندن و خەڵووز بۆ كەبابخانەكان بەكاریان
ئەو گوتی: لە كاتی كۆندا زۆربەی دارەكان لە ناوچەی شارباژێڕەوە و بە وڵاغ بەیانییان زوو دەهێنرایە سلێمانی، بەڵام ئێستا ئەو دارانەی دەهێنرێتە ئەم مەیدانە زیاتر لە توركیا و ئێرانەوە دەهێنرێت.
بەشی زۆری ئەو دارانەی لەم جێگایەوە مامەڵەیان پێوە دەكرێت ڕەوانەی دەرەوەی شاری سلێمانی و شارەكانی تری عێراق دەكرێن لە بواری جۆراوجۆردا بەكار دەهێنرێن.
مەحمود حسێن كەریم پیاوێكی بەتەمەنی كاسبكاری مەیدانەكەیە، ئەو لە بارەی بیرەوەری خۆیەوە باسی لەو مەیدانە كرد و گوتی: ئەوەی من بیرم بێت كاتی خۆی لە نزیك مزگەوتی گەورە كە ئێستا دارە سووتاوەكەی پێدەڵێن كاری كڕین و فرۆشتنی دار دەكرا، دواتر چووە دەباشان و نزیكەی20 ساڵ لەوێ ئەو كارەمان كرد، پاشان بۆ جادەی قەیوان و ماوەی هەشت ساڵیشە گوازراوینەتەوە بۆ ئەم جێگایەی ئێستا.
ئەو هەروەها گوتی: دارەكانی نێو مەیدانەكە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە دەهێنرێن بە تایبەت توركیا كە خواستی زیاتری لەسەرە، بەڵام بڕی گومركەكەی زۆرە و بۆ هەر بارێك نزیكەی هەزار و600 دۆلارمان لێوەردەگرن، لێرەش نرخی جووتێك دار لە دوو هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات بۆ30 هەزار دینار.









