راپۆرت: سەنگەر حوسێن
دوای بەڕێوەچوونی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، زۆربەی ئاژانسە جیهانییەكان رووماڵی مەراسیمەكەیان كرد چ راستەوخۆ لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، یاخود وەك راپۆرت گرنگیان پێدا.
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی هەواڵەكەی بە بایەخەوە بڵاوكردەوەو چەند پەرەگرافێكی لە وتارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەخش كردو نووسیویەتی: نێچیرڤان بارزانی وەك كەسایەتییەكی لێهاتوو بووە دووەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە هەمان كاتدا كوڕی برای بەرێز مسعود بارزانییە. هەروەها چاوەروان دەكرێ مەسرور بارزانی تەكلیف بكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان.
هەروەها كەناڵی رووسیا ئەلیەوم راپۆرتێكی لەسەر مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەخش كردو لە سایتی تایبەت بەخۆی ژیاننامەی سەرۆكی نوێی كوردستانی بڵاوكردۆتەوە كە بە دەنگی68 پەرلەمانتار لە كۆی81 پەرلەمانتار پۆستەكەی وەرگرتبوو.
كەناڵی سۆمەرییەی عێراقی گرنگی بە رێورەسمەكە دابوو، تێیدا لە سایتی فەرمی كەناڵەكە نووسیویەتی: بە ئامادەبوونی بەرپرسانی عێراقی و میوانی دەرەوە كە نزیكەی1200 كەس دەبوون، لە پێشەوەی ئامادەبووانیش مسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی كوردستان و بەرهەم ساڵح سەرۆكی عێراق دەبینران، رێورەسمێكی شایستە بۆ سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێوەچوو.
لای خۆیەوە، سایتی (الخلیج اون لاین) راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەسەر مەراسیمەكە بڵاوكردۆتەوە.
كەناڵی DW ی ئەڵمانیش نووسیویەتی: دوای ماوەیەك چۆل بوونی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.
كەناڵی (العربیە) لە رێی پەیامنێرەكەی لە نێو هۆڵی شەهید سەعد عەبدولڵا راپۆرتێكی تێروتەسەلی سەبارەت بە بەرێوەچوونی مەراسیمەكە بە بەشداری چەندین بەرپرسانی ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.
هەروەها كەناڵی (الحرە)ی ئەمەریكی باسی لە رێورەسمەكە كردو چەند دیمەنێكی نێو هۆڵەكەی گواستەوەو دیمانەی لەگەڵ چەندین میوانیش كردو بەبایەخەوە هەواڵەكەی بڵاكردەوە.
سایتی رۆژنامەی (الحیاە)ی لەندەنی بە ناونیشانی: نێچیرڤان بارزانی بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەواڵی رێورەسمەكەی بڵاوكردەوە.
ئەمەو چەندین كەناڵ و سایت و پەیجی دەزگا راگەیاندنە بەناوبانگەكان هەر دوای تەواو بوونی رێورەسمەكە، وێنەو وتەی میوانانی رێورەسمەكەی گواستەوە لەوانەش: كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی، كەناڵی ئەلشەرقیەی عێراقی، ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، ئاژانسی (كل العراق)ی تایبەت بە هەواڵ، سایتیBBC بەهەردوو بەشی ئینگلیزی و عەرەبی، سایتی ئیلاف، رۆژنامەی (البیان)ی ئیماراتی.
سهرهتا بهدواداچوون سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئاژانسە جیهانییەكاندا









