سەلام عەبدوڵڵا
دوێنێ لە رێوڕەسمێكی شایستەدا سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی سوێندی یاسایی خواردو لە وتارەكەیدا جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی كردەوە كە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا پابەندی دەبێ بۆ خزمەت و پێشەوەچوونی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا، هەروەك جارێكی تر پابەندبوونی خۆی بە چەسپاندنی دیموكراسی و یەكڕیزی گەلەكەمان كردەوەو سوپاسی هەموو لایەنەكانی كرد كە بەشداری پڕۆسەی دەنگدانیان كرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و تەنانەت ئەوانەی دەنگیشیان پێنەداوەو بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ ئەو مەبەستە نەبوون.
ئەمەش خودی بڕوابوونە بە پرەنسیپی سیستەمی دیموكراتی كە هەموو لایەنەكان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان دەنگ بە كێ بدەن یان نەدەن كە ئەوەش جەوهەری سیستەمی دیموكراتییە، چونكە تەنیا لە سیستەمە شمولییەكان و وڵاتانی نادیموكراتی و دیكتاتۆری رێژەی لە سەداسەد یان نەوەدو نۆ و كۆما نۆ دەبینرێ وەك لەژێر سێبەری رژێمی دیكتاتۆری سەددامداو لە میسرو لە لیبیاو هەندێ وڵاتانی عەرەبی تر دەبینران.
سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی دوورودرێژی حوكمڕانی و پەیوەندی دیبلۆماسی هەیە كە دەتوانێ سەركەوتووانە لە داهاتوودا سوودی لێوەربگرێ، چونكە بە بڕوای زۆرینەی گەلەكەمان دیپلۆماتی كارامە و سەركەوتوو بووەو لە تەنگ و چەڵەمە گەورەكاندا توانیویەتی زۆر شارەزا و لێهاتووانە سوودی لێ وەربگرێ و بیخاتە خزمەت دۆزی ڕەوای گەلەكەمان، هەروەك هێمنی و میانڕەوی لە گفتوگۆی نێوان حزبە كوردییەكان و عێراقییەكانیشدا هەمیشە ئاسانكاری بۆ لێكتێگەیشتن و نزیككردنەوەیان لە یەكتری كردووەو بە بڕوای سیاسەتمەدارانیش تێیدا سەركەوتوو بووە.
پاراستنی پارسەنگی لە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەدا بە شاهێدی هەمووان سەركەوتوو بووە، چونكە هەموو ئەو وڵاتانە وەك دۆست تەماشای دەكەن نەك نەیارو ئەوەش هەر بۆ ئەزموونی دوورودرێژی خۆی لە حوكمڕانیداو ئەزموونی خەباتی دوورودرێژی بنەماڵەكەی دەگەڕێتەوە كە ئەمڕۆ دەتوانێت ئەو هەموو ئەزموونە بخاتە خزمەت ئەم چوار ساڵی سەرۆكایەتییەوەو هەرێمی كوردستان جارێكی تر بەرەو خۆشگوزەرانی و تەبایی نێو لایەنەكان و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو ئاسایشی كوردستان ببات و قۆناغێكی نوێ لەبەرقەراركردنی ئاشتی و دادی كۆمەڵایەتی و داهاتوویەكی گەش بۆ ئەم هەرێمە بنیات بنێت.
بۆیە دەبێت هەموو لایەكمان وەك سەرۆك مسعود بارزانی لە وتارەكەیدا فەرمووی، تواناكانمان بخەینە خزمەتی سەرۆكی نوێی هەرێم و پشتیوانی بین لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی داهاتوودا، سەركەوتنی بەڕێزیان سەركەوتنی گەلەكەمانە.









