خهبات: هاوار مورتكەیی
مۆنیكا گیدفلایت Monika Gedvilaite كچە شەترەنجزانی لیتوانیایە و چەندین جار بووەتە پاڵەوانی وڵاتەكەی، بەڵام دواتر روو دەكاتە وڵاتی ئێرلەندا و ئەوێ بەدەرفەتێك دەزانی بۆ ئەوەی خەونەكانی بێنەدی و لەوێ نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە دەكات، چونكە بۆی دەردەكەوێ لەو وڵاتە یاریزانی هێندە باشی لێ نییە، بۆیە چەندین نازناو بەدەست دەهێنێت، دواتریش بەهۆی ئاست بەرزییەوە لە ریزی هەڵبژاردەی ئێرلەندا وەردەگیریت و بەشداری چەندین پاڵەوانێتی دەكات، دیارترین ئەو نازناوەی بەدەستی هێناون بڕوانامەی ماستەری فیدای ئافرەتان بووە لەگەڵ ئەوەی دوو جاریش بووەتە پاڵەوانی ئێرلەندا، لەم دیمانەیەدا زیانیاری زیاتر لەسەر ئەو كچە شەترەنجزانە دەبیستی.
چەند جارێك پاڵەوان لە ئاستی لاوان
مۆنیكا گیدفلایت كە لە 16ی نۆڤێمبەری 1984 لە شاری پلونگی لە لێتوانیا لەدەای بووە دەڵێت: لەبیرمە كاتێك تەمەنم تەنها 4 ساڵ بوو باوكم فێری یاری شەترەنجی دەكردم، دانی پێدادەنێم كە من حەزم لێنەبوو شەترەنج بكەم، بەڵام باوكم زۆر هەوڵی لەگەڵ دەداین بەتایبەتیش لەگەڵ من و سیمۆنی خوشكم، خەونی باوكم ئەوەبوو ببینە شەترەنجزانێكی پیشەگەر لە داهاتوودا، رۆژانە چەند كاتژمێرێك فێری شەترەنجی دەكردین، لەماوەی دوو ساڵدا باش فێری شەترەنج بووم، لەگەڵ سیمۆنای خوشكەكەم بەشداری چەندین پاڵەوانێتیمان كرد و چەندین پاڵەوانێتیمان لەسەر ئاستی تەمەنی خۆمان هەم لە قوتابخانە و هەم لەسەر ئاستی شارەكەمان بەدەستهێنا، كاتیك تەمەنم گەورەتر بوو توانیم لەسەر ئاستی لیتوانیا دوو جار ببمە پاڵەوان لە خوار 12 و 14 ساڵی كچاندا، هەروەها لە ئۆڵۆمپیادی وەرزشی لیتوانیا لە كچانی خوار 14 ساڵ پلەی یەكەمم بەدەست هێنا.
بۆچی وازی لەشەترەنج هێنا؟
مۆنیكای كچە شەترەنجزان زیاتر باسی لەدەسكەوتەكانی دەكات و دەڵێت: لە ساڵی 1994 بەشداری پاڵەوانێتی ئەورووپام كرد لە رۆمانیا، پلەی نۆیەمم بەدەستهێنا كە دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسابوو كە زیاتر پێش بكەوم بەڵام لە راوندێكدا باوكم وایزانی رۆژی پشووە و یاری ناروات، بۆیە خاڵەكانی ئەو راوندەم لەدەستدا، كاتێك تەمەنم بووە 14 ساڵ و رێك لە ساڵی 1998 بۆ ماوەی 13 ساڵ لەیاریكردن و بەشداریكردنی پاڵەوانێتییەكان لە شەترەنج دووركەوتینەوە، ئەویش بەبریاری باوكم كە نەیتوانی زیاتر فێرمان بكات و لەگەلمان بەردەوام بێت، چونكە هیچ سەرچاوەیەكی دارایی نەبوو لە پاڵەوانێتییەكانی جیهانیدا سپۆنسەرمان بێت، كە ئەوكات پاڵەوانێتی جیهانی لە مایۆركا هەبوو بەهۆی نەبوونی سپۆنسەر نەمانتوانی بەشداری بكەین بۆیە وازمان لە شەترەنج هێنا.
سەركەوتووترین ئۆڵۆمپیاد
هەورەها دەڵێت: بەهۆی باری خراپی داراییەوە لەگەڵ خانەوادەكەمان روومان كردە ئێرلەندا و ئەوە بۆ 12 ساڵ دەبێت لەوێ دەژین، لەوێ بڕیارمدا جاریكی تر بگەڕێمەوە بۆ یاریكردنی شەترەنج، چونكە هەمیشە هەستم بەوەدەكرد كە شتێكم لە ژیاندا ون كردووە، بۆیە گەڕامەوە و بەتایبەتیش كە بۆم دەركەوت لە ئێرلەندا شەترەنجزانی وابەهیزی نییە و ئەمەش بۆ من دەرفەتە كە بتوانم بەخەونەكانم بگەم، ئەوەبوو خۆم خزاندە ژێر یەكێتی شەترەنجی ئێرلەندا، دوای ساڵێك لەگەڕانەوەم بۆ نێو شەترەنج بەیاوەری هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێرلەندا بەشداریم لە ئۆڵۆمپیادی جیهانی كرد لە ساڵی 2012 لە ئیستەنبۆل، بەلای منەوە ئۆڵۆمپیادیكی سەركەوتوو بوو، لە 9 یاریدا توانیم 7 یاری ببەمەوە، كە لە تاولەی یەكەمیش بووم، ئەوەبوو خۆشبەختانە لەوێ نازناوی WFM م بەدەستهێنا، بەڵام گەورەترین دەسكەوتم تا ئێستا ئەوەبووە لە ساڵانی 2015 و 2016 لەسەریەكتری بوومە پاڵەوانی ئێرلەندا.
هەندێ داهات بەڕێوەیە
لەلایەكی دیكەوە مۆنیكا دەڵێت: شەترەنج بەلای منەوە وەك ئارەزوویەك بووە، زەحمەتە لەرێگای ئەم یارییەوە لوقمەی ژیان پەیدابكەین، بەڵام لەماوەی 5 ساڵی رابردووەوە هەندێ داهاتم هەبووە و ئێستاش بەردەوامم، ئەویش بە گوتنەوەی وانەی شەترەنج لە سایتی www.chess.com، هەروەها دەتوانم ئاماژە بۆ ئەوەش بكەم كە یەكێ لە قوتابیەكانم داوەتی بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكی ئەڵمانیا بۆ كردم و ئەمەش بۆ من گرنگ بوو.
پێم وایە شەترەنج یارییەكی زۆر گرنگە، چەندین سوود بە مرۆڤ دەگەیەنێت، مێشك چالاك دەكات، دان بەخۆداگرتن، چۆنیتی چارەسەر كردنی كێشەكان، سەرنج خستنە سەر كێشەكان، بۆیە دەتوانم بڵێم كە شەترەنج لە ژیانی مندا زۆر سوودی پیگەیاندووم و گەشتی جوانم بەهۆی شەترەنجەوە ئەنجام داوە.









