سەربەست مەنمی
بوونی سەرۆكێكی بە ئەزموون، تەوەری سەرەكی گفتوگۆی ناوەندە سیاسی و میدیاییەكانە، هاوكات هاووڵاتیان و تەواوی چین و پێكهاتەكانی كۆمەڵگای كوردستانیش لەم باسە دەدوێن، بە گشتی پرسەكە لەسەر ئاستی شەقامی كوردی گەنگەشە دەكرێت، رووناكی گەورەش بۆ سەر كەسایەتی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانییە، وەك گەورە ئەستێرەی سیاسی و كاندیدی گەورەترین پارتی كوردستان. رۆژی یەكشەممە ١٩-٥-٢٠١٩ لە هەولێر ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو پانێلێكی رێكخست لەبارەی پەیوەندییەكانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی داهاتوو، بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك شارەزا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و عێراقی و ناوخۆی كوردستان.
لە پانێلەكەدا بەشداربووان باسیان لە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان كرد، كە رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەر دا، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕووی نێودەوڵەتی و نێوخۆییەوە. دیاردەیەكی جوان و سەرەنج ڕاكێشە، ناوەندێكی لێكۆڵینەوە (ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو) لە كوردستان بەوپەڕی جدیەت و خەمخۆری و هەستی بەرپرسیاریەتییەوە، تەورێك دەستنیشان بكات بۆ ڕووناكی خستنەسەر و گفتوگۆ و بنكۆڵكاری، تەوەری (پەیوەندییەكانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی داهاتوو) بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە دەستەبژێری ئەكادیمیست و توێژەر و سیاسەتمەداری كوردستانی و بیانی، ئەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە پێمان دەڵێت: ئەزموونی حكومڕانی هەرێمی كوردستان خەمڵیوە و دامودەزگا دەوڵەتی و ئۆرگانەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و لە كوردستان پێشكەووتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئیدی ڕووداوە گەورە و سیاسییەكان دەبێتە تەوەری لێكۆڵینەوە و لێكۆڵیارانیش بەوردی شەن و كەوی رووداوەكان و لێكەوتەكانی دەكەن.
ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە دید و ئەندێشەی كۆمەڵگەی كوردستاندا ناو و ئەستێرەیەكی گەش و پڕشنگدارە، بە ئەندازیاری ئاوەدانی و بونیاتنانی ژێرخان و سەرخانی هەرێمی كوردستان دەناسرێتەوە، لە پرسی گەشەپێدان و وەرچەرخانی كۆمەڵایەتی و كرانەوەی كۆمەڵگای كوردستانیش بەڕووی ناوچەكە و جیهاندا، كاتێك گفتوگۆ لەبارەی سەربەخۆیی دارایی و پرسی وزە دەكرێت، ئەو دەمەی مشتومڕ و قسەوباسمان لە بارەی دیپلۆماسییەت و پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانە، ناوی نێچیرڤان بارزانی وەك خولقێنەر و كاپتن و پێشڕەوی گۆڕانكاری و پێشكەوتن دەهێنرێت. بە وردی لە گفتوگۆ و بۆچوون و ڕوئیایی بەشدارابوانی پانێڵەكەم ڕووانی، پانێڵی (پەیوەندییەكانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی داهاتوو)دا، بەشداربوان سەر بە توێژ و فیئەو ڕەگەز و نەتەوەی جیاوازبوون، لە ڕووی فیكریی و فەلسەفی سەر بە قوتابخانە و ڕێبازی فیكریی جیاوازبوون، لێ لە متمانەكردن بە توانا و قودرەتی داهێنەرانەی نێچیرڤان بارزانی دا كۆك و تەباو هاوبۆچوونبوون. هەربۆیە كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی وەك “سەرۆكێكی بە ئەزموون” بە خوێندنەوەی ئەزموونی ڕابردووی و ئەو ئامادەییە زیندو و كاریگەرەی لە ناوەندی حكومڕانی كوردی بەرجستەی كردوە، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكاتە ئەو ناوەندەی تەواوی هێز و پێكهاتە جیاوازەكان لە دەوری بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانیەكان كۆبكاتەوە، هاوكاتیش ئومێد و هیوا بە ئایندیەكی گەشتر بەسیما و ڕوخساری شەقامی كوردی و ڕایگشتی خەڵكی كوردستانەوە دەبینرێت.









