پیران ئەمیر
دوای هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێم، ئیدی بەمزووانە دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش دوای ماوەیەك لە ڕاگرتنی بەشێك لە كارەكانی، خۆشبەختانە كارا دەكرێتەوە، ئەمەش پێش هەر شت و لایەنێك، سوودی بۆ پێگە و ئایندەی سیاسی و دیپلۆماسییەتی كوردستان هەیە، بەوپێیەی كورد پێویستی بەو دامەزراوە گرنگە سیاسییە هەیە تا تەعبیر لە خواست و بەرژەوەندی و شووناسی كوردبوونی هەموو پارچەكان بكات.
وەك ئاشكرایە نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوو كە سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە قۆناغە سەختەكان كردووە، دەیان و بگرە هەزاران دەستكەوتی گرنگیشی بۆ كوردستان و خەڵكەكەی بەدەستهێناوە، هاوكات كارەكتەری سەرەكی بووژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بووە، ئەمە جگە لەوەی كوردستانی خستە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و بۆیەش هەمیشە كورد دەبێت شانازی بەو هەوڵەی نێچیرڤان بارزانی بكات كە بە بڕیاری بوێرانە و بەوپەڕی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ ئایندەی كوردستان و ئابوورییەكی بەهێز، نەوتی دۆزییەوە دەریهێنا و دواتر خستیە بازاڕەكانی نەوتی جیهانی كە ئەمە مایەی شانازییە و دەبێت میلللەتی كورد لە ئێستا و ئایندە شانازی بە نێچیرڤان بارزانی بكات كە هەموو ئەو بەربەستە ناوخۆیی و دەرەكییەی تێپەڕاند و لە پێناو ئایندەی كوردستاندا نەوتی هەناردە كرد كە ئێستا بە داهاتەكەی كوردستان ئاوەدان دەكرێتەوە و مووچەی پێ دابیندەكرێت، ئەمە جگە لەوەی توانی بەرژەوەندی زلهێزەكانیش بهێنێتە كوردستانەوە، ئەم كارەش لە ئێستای سیاسەتی جیهانیدا حیسابی گەورەی بۆ دەكرێت، چونكە وڵاتان بەشی زۆری پرۆژە و ئەجێندا و روئیایان لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەوە دادەڕێژن لەگەڵ هەر نەتەوە و وڵاتێكدا، ئەوەتا نێچیرڤان بارزانی توانی بەرژەوەندی زۆر زلهێز راكێشێتە كوردستان كە ئەمە بۆ ئایندەی كوردستان خاڵی بەهێز دەبێت، بەوپێیەی سیاسەتی وڵاتان لەسەر بەرژەوەندی دادەڕێژرێت.
لەم وتارەدا ناتوانین مافی تەواو بە هەوڵ و كارەكانی نێچیرڤان بارزانی لە حكوومەت بدەین، بەڵام مێژوو ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنێت كە ئەو پیاوی ئاوەدانكردنەوە و دروستكەری پێگەی كوردستان بووە لە هەموو رووێكەوە، ئێستاش كە دەچێتە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردسان، بێشك كارەكانی، روئیا و پڕۆژە سیاسییەكانی بەشێوەیەكی دیكە لە پێناو دروستكردنەوە و گەشەپێدانی پێگەی كوردستان دەبێت و هەوڵی ئەو بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكان دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە، چونكە ئەو بۆ خۆی كارەكتەری دیپلۆماسییەت و گفتوگۆیە، هەموو هەوڵەكانی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە كێشەی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە، هەم چارەسەری ماددەی سەدوچل و جێبەجێكردنی دەستوور و هەروەها ئەو ناوچانەی لە دوای ئۆكتۆبەرەوە كەوتوونەتە چنگ حەشدی شەعبی كە دەبێت چارەسەری سیاسی و یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە. ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی كوردستانیش پێشبینی دەكرێت دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە دوای كاراكردنەوەی، ڕۆڵێكی یەكجار بەرز ببینێت بۆ تەبایی و یەكڕیزی نێوان لایەنە كوردستانییەكان، چونكە یەكڕیزی و تەبایی لایەنەكان، ئەجێندای كارەكانی نێچیرڤان بارزانی بووە و ئێستاش زیاتر كار بۆ ئەو پرسە دەكات لە پێناو ئایندە و دروستكردنی كوردستانێكی بەهێز و پێشكەوتوو.