ئەڤین عەبدولرەحمان
زۆرجار لێرەو لەوێ باس لە لێهاتوویی نێچیرڤان بارزانی دەكرێت، بەڵام هەموو ئەم نووسینانە لە بنەڕەتدا مشتێكن لە خەروارێك. چونكە نێچیرڤان بارزانی بە تەنیا سەرۆكێكی ئاسایی نییە، بەڵكو زەروورەتێكە بۆ ئەم نەتەوەیە بەشمەینەتە، كە لە رۆژە سەختەكاندا هەمیشە فریای نەتەوەكەی خۆی كەوتووە. بۆیە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەنتەری داكۆكیكردنە لە نەتەوەكەی خۆی، سەركردەیەك لە پێناو بەرژەوەندی باڵای نەتەوەكەی زۆر جار پێی لە جەرگی خۆی ناوە و باش هەستیپێكردووە كە شكۆی ئەو زۆر لەوە بەرزترە لەگەڵ هەندێك كەس دابنیشێت و گفتوگۆی سیاسی بكات، بەڵام بەرژەوەندی میللەتەكەی وای لێكردووە، زۆرترین سەبر و ئارامی و تەحەمولی بەخۆی داوە و وردە وردە گرێكوێرەكانیشی لەگەڵیدا كردۆتەوە.
نێچیرڤان بارزانی نەبووایە، ئێستا كوردستان خاوەنی بەرهەمهێنانی نەوت نەدەبوو، بەرهەمهێنانی نەوت بوو كوردستانی بردە سەر نەخشەی جیهان، بەرهەمهێنانی نەوت نەبووایە، دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان لە سۆماڵ خراپتری لێ دەهات، چونكە حكوومەتی ناوەندی بەغدا، هەمیشە پەنایان بردووەتە بەر برسیكردنی خەڵكی ئەم هەرێمە و ئێستاش بەهۆی ئەو نەوتەوەیە نەك هەر بە تەنیا حكوومەتی بەغدا، بەڵكو وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش بەردەوام لە پەیوەندیكردندان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و خوازیاری پتەوكردنی پەیوەندییەكانیانن. كاتێ ریفراندۆم كرا، دۆخی هەرێمی كوردستان بە جارێك ئاڵۆز بوو، فڕۆكەخانەمان لێ داخرا، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانمان بەسەردا پچڕا، باری ئارامی هەرێم هەر بە تەواوی تێكچوو، حكوومەتی بەغدا بەرنامەی دادەنا چۆن هەرێمی كوردستان بخاتەوە ژێر چەپۆكی پڕ چڕنووكی خۆی و ئیتر كۆتایی بە هەرێمێكی ئازادكراوی میللەتێك بهێنێت، كە یەك سەدەیە لە پێناویدا رووباری خوێن دەبەخشێت، هەموو هەوڵێكیشی بۆ دا و سوپای بۆ سەر كوردستان پەلكێشكرد، وەك هەموو رژێمە دیكتاتۆرە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا، بەڵام ئەویش بە دەردێكی خراپ چوو، سوپاكەی پەرتەوازە بوو و بە ملشكاوی گەڕایەوە بۆ شوێنی خۆی كە باشوور و ناوەڕاستی عێراقە. لەوەش ئاستەنگتر ئەوەبوو لەناوەخۆشدا تابووری پێنجەم و كۆنە بەعسییەكان و ئەوانەش كە هاوسۆزی بەغدا بوون، دڵیان بەوە خۆش بوو ئەزموونەكەمان و سەربەخۆییەكەمان لە گۆڕ بندرێت، سەیر بوو دڵیان بە سوپای داگیركەر خۆش بوو!، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ئا لەو كاتە سەختەدا كە بەڕاستی زۆر سەخت بوو، چونكە هەموو سەركردەكانی دیكە تا رادەیەكی زۆر لە ناخیانەوە رووخانیان پێوە دیار بوو، بەرگەی سەختییەكی لەم جۆرەیان نەدەگرت، ئا لەو كاتەدا سەرۆكێكی فیعلی، كە نێچیرڤان بارزانی بوو، هەستی بە بەرپرسیارێتی مێژوویی كرد و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەك و بەبێ هیچ حیسابكردنێك بۆ داهاتوو، بە دەنگی بەرز و بە سەری بەرزەوە، هاتە مەیدانەكە و دەستی بە خەباتی سەخت كرد، بە راستی خەباتێكی سەخت بوو كە توركیای هێنایە سەرخەت، ئەمەریكای هێنایە سەر خەت، كە بە راشكاوی گوتیان ئێمە مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەكەین، ئێرانی هێنایەوە ناو ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كە بەشێكی زۆری گرفتەكان ئەوان دروستیان كردبوو.
نێچیرڤان بارزانی هەر بەوەندەش نەوەستا كە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی هێناوەتە سەرخەت، بەڵكو كاری جدی بۆ ئەوە كرد فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستبەكاری خۆی بكاتەوە، ئەم سەركردەیە شەو و رۆژی لە یەك گرێدا تا فڕۆكەخانەی كردەوە و هەموو خەون و ئاواتە پیسەكانی دوژمنانی ناوەخۆ و دەرەكی كە دژ بە نەتەوەی كورد بوون، لە گۆڕنا و وەك یەكەم سەركردە، یەكەم سەرۆك بە سەری بڵندەوە لە كوردستان بە پێوە وەستا و دانەنیشت تا بەرنامە سەختەكەی جێبەجێكرد و دانەنیشت تا چۆكی بە خەون و ئاواتەكانی دوژمنان هێنا، دانەنیشت و هەر بە پێوە مایەوە تا كێشەكانی حستە سەرمێزی گفتوگۆ.
ئێستاش نێچیرڤان بارزانی تەنیا سەرۆكی حزبێك یان گرووپێك یان چەند حزبێك نییە، بەڵكو سەرۆكی وڵاتێكە بە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئیتنی و ئایینە جیاوازەكانەوە، خەسڵەتی نێچیرڤان بارزانی لەوەدا چڕكراوەتەوە، قەت پەنای نەبردووەتە بەر شتی بچووك و هەمیشە نەیویستووە حزبایەتییەكی تەسك بكات، ئەمەش بەردەوام لە گوتار و دەربڕینەكانیدا رەنگی داوەتەوە، تا ئەو سەركردەیەش مابێت گەلی كوردستان هەست بە ئارامی دەروونی و هەست بە ژیانی ئایندەی دەكات، چونكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكێكە هەمیشە رووی لە ئاسۆو ئایندەیە.