شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

پێنج ساڵی رابردوو، واتە خولی پێشووی پەرلەمان و دۆخی سیاسیی كوردستان بە دیاریكراوی، دۆخێكی یەكجار ئاڵۆز و گرفتار بە دەست ململانێی حیزبەكان، رووداوگەلی دیكەی چاوەڕوانكراو و پێشبینی نەكراوبوو، كە هەریەك لەو كێشە، ململانێ، رووداوانەش، كاریگەریی نەرێنیان لەسەر دۆخەكە بە گشتی هەبووە. ئەمە جگە لەوەی لە پێنج ساڵی رابردوودا نێوانی هەولێر و بەغدا بە تەواوەتی تێچووبوو تا ئاستی رووبەڕووبوونەوەی چەكداری كە لە دوای رووخانی رژێمەكەی سەددام حوسێنەوە بەوجۆرەی ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی دواتری رووینەدابوو. لە پاڵ خراپی پەیوەندی هەولێر و بەغداشدا، هاوكات شەڕی داعشیش هاتەكایەوە، نرخی نەوت بۆ خوار سی دۆلار دابەزی و بەغداش پارەی لە هەولێر بڕی.
ئەمانە و دەیان پرس و گرفتی دیكەش كە بوونە هۆی ئەوەی هەولێر داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بكات، هەم وەك مومارەسەكردنی مافێكی یاسایی و مرۆیی خۆی، هەمیش بۆ رزگاربوون لە دەست دەسەڵاتی دەستەگەری شیعە و تاكڕەوی بەغدا كە بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی سەددام رەفتاری پێ لەگەڵ كورددا دەكرد، نووری مالیكی و دواییش حەیدەر عەبادی هەمان رەفتاریان بەرانبەر بە كورد نواندووە، بە دیاریكراویش حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لەبری ئەوەی كێشەكان بە دیالۆگ و جێبەجێكردنی دەستوور چارەسەر بكات، بە پێچەوانەوە رووی تانكەكانی لە هەولێر كرد و بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی كوردیش دەستیبەسەر كەركووك و دەیان زادگەی دیكەی كورددا گرت، كە ئەو ناوچانە لە بنەڕەتدا هی كوردن، بەڵام عەقڵی شۆڤێنیستی عەرەب، واتە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا ناتوانن و نایانەوێت ئەو راستییە قبووڵ بكەن كە ئەو خاكانە هی كوردن. بۆیەش بەردەوام كێشە بۆ كورد دروست دەكەن وەك ئەوەی ئێستا هەڵمەتێكی فراوان بۆ بەعەرەبكردنی ناوچە كوردییەكان دەستیپێكردووە و تەنانەت گەنم و جۆی جوتیارانی كوردیش بەزۆرەملێ تاڵان دەكەن.
یەكێك لەو زیانە گەورانەی لەڕووی سیاسییەوە بەر پێگەی هەولێر وەك ناوەندێكی سیاسی كەوت، سڕكردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوو، كە بووە قوربانی ململانێی حیزبەكان، بەتایبەتی ئەوكاتەی كارەكانی سڕكرا، ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئاهێكی كرد و دڵخۆشبوون، بە پێچەوانەوە دەبوو نیگەرانبن بەوەی دامەزراوەیەكی گرنگی یاسایی و سیاسیی كوردستان پەكیكەوت، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر درێژەدان بە ململانێكان، ئاخر دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم پێش ئەوەی بە تەنیا تەعبیر لە هاووڵاتییانی كورد لە باشووری كوردستان بكات، تەعبیر لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دەكات كە بە زیاتر لە چل ملیۆن كوردی بێدەوڵەت، تەنیا ئەو دامەزراوە یاساییە هەیە كە لەسەر ئاستی جیهانیش تەعبیر لە سیاسەتی كورد بكات لە شێوە یاساییەكەیدا، بەوەی دانی پێداندراوە وەك قەوارەیەكی كوردی، ئەمەش كردنە ئامانجی خەباتی حیزبە كوردییەكان نییە، بەڵكوو قسەكردنەكە لەسەر گرنگی دامەزراوەی سیاسیی سەرۆكایەتیی هەرێم كە بووە قوربانی ململانێكان.
بەگوێرەی یاسای پێشووی سەرۆكایەتیی هەرێم، دەبوو سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت، ئەگەرچی ئەمە ئەرێنییە و خۆزگە هەرێمی كوردستان دۆخە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكەی لەباربووایە تا سەرۆك لەم قۆناغەدا لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام بەگوێرەی ئەم یاسا نوێیەی ئێستا، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، ئەوەبوو دوێنێ نێچیرڤان بارزانی لەناو پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، هەتا ئەوكاتەی دەستووری كوردستان دەنووسرێتەوە و ئەوكات دیاری دەكرێت كە سەرۆك چۆن دیاری دەكرێت، خەڵك یان پەرلەمان هەڵیدەبژێرن، بەڵام مادام لە ئێستادا بەهۆی دۆخی كوردستان بە شێوە گشتییەكەی و هەروەها رازیبوونی زۆرینەی حزبەكانیش كە سەرۆك لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت لە پێناو پرسە گرنگەكە، ئەویش كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمە، ئەمەش كارێكی زۆر باشە، چونكە دواجار سەرۆكایەتیی هەرێم بە دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێ، كارا دەبێتەوە، كارابوونەوەی ئەم دامەزراوەیەش بەشی زۆری كێشەكانی كورد چارەسەر دەكات و دەتوانین بڵێین ئەو بۆشاییە یاسایی و دامەزراوەییانەی هەمان بوو، بەشی زۆریان نامێنن، چونكە سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە و بڕیارگەلی سیاسی و تەنانەت ئیداری و سەربازیشی لە دەستدایە، بۆیە نەدەكرا لەوە زیاتر ئەو دامەزراوە سیاسییە گرنگە پەكی بكەوێت، بەتایبەتی كە بۆ كورد هێندەی دەوڵەتێك گرنگە، لانیكەم لەڕووی مەعنەوییەوە كە دەكرێت بە جۆرێك باسی بكەین دواجار ئەو كۆشكەی سەرۆكایەتیی هەرێم، دەبێتە كۆشكی سەرۆكایەتیی وڵاتیش، واتە كوردستان بەو ئاراستەیە دەچێت، بەو مەرجەی هەموو حیزبەكان كار بۆ سەربەخۆیی بكەن.
بە تێگەیشتنی من، لەگەڵ ئەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ ئەو قۆناغەی دوای كاراكردنەوەی بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، ئەگەرچی درێژەپێدەری سیاسەتەكانی دامەزراوەكە دەبێت، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت نێچیرڤان بارزانی وەكچۆن لە حكوومەتدا كە حكوومەت دەسەڵاتی كەمتریشی هەیە، رۆڵی یەكجار باشی بینی لە پرسی چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دیالۆگەوە بە هەمان شێوەش لە قۆناغی ئێستاشدا ئەو رۆڵە زیاتر و ئەكتیڤتریش دەكات، بەوپێیەی نێچیرڤان بارزانی خۆی هەستی پێكردبێت یان نا، بیەوێت یان نەیەوێت، تازە و بە تایبەتی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە ناوبانگی رۆیشتووە بەوەی دەیەوێت كێشەكان لە رێگەی دیالۆگ و لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بكات و كەمتر پەنا دەباتە بەر بژاردەی رووبەڕووبوونەوەی چەكداری، وەك ئەوەی لە دوای ئۆكتۆبەر دیتمان بۆ راگرتنی شەڕ، هەموو رۆژ لەسەر شاشەكان داوای دیالۆگی دەكرد تا ئەو ئاستەی هەموو خەڵك لەو داوایەی ئەو بێزار ببوون، بەڵام ئەو هەر سووربوو لەسەر داواكەی خۆی و تا دواجار ئەو براوە بوو بەوەی شەڕی لە بەردەم ماڵی هەر هاووڵاتییەكی كورد لە سلێمانییەوە تا هەولێر و لە هەولێرەوە تا دهۆك و زاخۆ و هەڵەبجە دوورخستەوە، ئاخر حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی بۆ ئەوە نەهاتبوو تەنیا دەستبەسەر كەركووكدا بگرێت، بە پێچەوانەوە دەیویست هەرچی سوپا و هێز و تانك و تەنانەت فڕۆكەكانیشی هەن لە دژی هەموو ناوچەكانی كوردستان بەكاربهێنێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە دیقەت و بە نەرمی ئەو نییەتەی عەبادی پووچەڵكردەوە، واتە بژاردەی هێزی نەرمی بەكارهێنا بەرانبەر لووتبەرزی عەبادی، دواجاریش پشوودرێژییەكەی و داواكردنی دیالۆگەكەی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە سەرخەت و عەبادی و دارودەستە شەڕخوازەكەی ناچار بە دانوستان كران، كە سەرئەنجام حەیدەر عەبادی كورسییەكەی جێهێشت و نێچیرڤان بارزانیش ئێستاكە پێگە سیاسییەكەی لە كوردستان و ناوچەكە بەرزتر بووەتەوە، بەوەی لە سەرۆكی حكوومەتەوە بوو بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، واتە لووتكەی دەسەڵات.
رەنگە بڵێن ئەم وتارە دەچێتە قاڵبی رێكلامەوە بەوەی هێشتا دەستبەكار نەبووە لە سەرۆكایەتیی هەرێم، بەڵام ئێمە كار و ئەدای ئەومان لە رابردوودا دیوە، بۆیە ئارەزووی خۆتە چۆنی لێكدەدەیتەوە! ئەگەر وەك رێكلامیش وەرنەگیرێت، پێویستە ئەو چەند قسەیەش بكەین، هەر سیاسی و سەرۆكێك دواجار بە باش یان خراپ، مێژوو دەینووسێتەوە، كارەكانی خراپ بن یان باش، ناوی دەچێتە مێژووەوە، تۆ ئارەزووی خۆتە كە رقت لە نێچیرڤان بارزانی دەبێتەوە یان خۆشت دەوێت، ئەوەش كێشەی من نییە، بە سەرۆكی خۆتت زانیوە یان نا، بەڵام ئەو سەرۆكی حكوومەت بووە، كارە باشەكانی دەنووسرێنەوە، بە هەمان شێوەش خراپەكانی، ئەگەرچی خۆی بدوێنن قسەی بۆ هەر نیگەرانی و رەخنەیەكیش هەیە، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە وەك نووسەرێكی سیاسی گرنگە، هەڵوەستەی لەسەر بكەم، پرسی بە ژمارەكردنی نەوتی كوردستانە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی، هەڵبەت من و جەنابت نەوتمان دەرنەهێناوە، ئەوە نێچیرڤان بارزانی بوو شەڕی دۆزینەوە، دەرهێنان، دواتر فرۆشتنی نەوتی كرد و ئێستاش ئێمە دەتوانین بڵێین خاوەنی نەوتین.
هەروەها پێویستە ئەوەش بگوترێت كە نەوت، بڕبڕەی پشتی ئابووری هەرێمە، چونكە هیچمان نییە جگە لە نەوت، ئەمە جگە لەوەی شەڕی ئێستای نەتەوەكان، دەوڵەتەكان، لەسەر وزەیە، واتە بە وزەكردنی كوردستان وەك چۆن لەڕووی ئابوورییەوە گرنگە، لەرووی سیاسیشەوە سەدانجار گرنگترە، بەهۆی وزەوە بەرژەوەندی وڵاتان دێتە كوردستانەوە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە ئەوانیش كوردستان دەپارێزن، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان لێرەیە، واتە وزە وایكردووە بەرژەوەندی زلهێزەكان بێتە كوردستانەوە، بەمەش بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری كوردستانیش بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری ئەو زلهێزانەوە ببەسترێتەوە، كە بۆ كورد كە دەوڵەتی نییە و نەیاری زۆری هەیە، زۆر زۆر گرنگە، واتە بەو كارەی، نێچیرڤان بارزانی گەورەترین خزمەتی گەلی كوردی كردووە، هەمدیس ئارەزووی خۆتە چی بە نووسەری ئەم وتارە دەڵێت، رەنگە جەنابت مووچەی دوو ملیۆنیت لە حكوومەت هەبێت كە پارەكەی لە داهاتی ئەو نەوت دابیندەكرێت، نێچیرڤان بارزانیش نەوتی دۆزیەوە، دەریهێنا، فرۆشتی، پارەكەی بۆ مووچەی جەنابت هێنایەوە، دەی باسی شەفافییەت مەكە، ئەوە شتێكی ترە، بیرت نەچێت، من كە باسی گرنگی نەوت دەكەم، لەبەر خۆم نییە، تەنانەت كارمەندی حكوومەتیش نیم و یەك دیناریشم لە پارەی نەوت چنگ ناكەوێت! بەڵام ئەوە گرنگی نەوتە لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی گرنگە و وایكردووە كە شانازی بە دەرهێنانی نەوتەوە بكەم!
من دڵنیام لەوەی بەهۆی گرنگی كەیسی نەوت بەلای نێچیرڤان بارزانییەوە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشدا بایەخی زیاتر بەو كەیسە دەدات بە راكێشانی بەرژەوەندی وڵاتانی دیكەی زلهێز تا وەبەرهێنان لە نەوتی كوردستاندا بكەن، تێگەیشتنی ئەو پیاوە بۆ نەوت، تێگەیشتنێكی ئابووری و سیاسییە، نەتەوەییە، پێیوایە دەوڵەت لە رێگەی ئابوورییەكی بەهێز و راكێشانی بەرژەوەندی زلهێزەكان بۆ كوردستان دروست دەبێت، هەڵبەت ئەو تێگەیشتنەی ئەو پیاوە زۆر دروستە، وڵاتانی ئێستای جیهان ئەگەر بەرژەوەندیان لەگەڵتدا نەبێت، هەر ناشتن ناسن، وەكچۆن لە كاتی ریفراندۆمی كوردستاندا بەرژەوەندی زیاتریان لەگەڵ عێراقدا هەبوو تا كوردستان، بۆیە بەوەهۆیەوە عەبادی و دارودەستەكەی سوودیان لەو خاڵە وەرگرت و زلهێزەكانیش لە سەرەتای پرسی ریفراندۆم هەڵوێستی پۆزەتیڤیان نەبوو و لە ئۆكتۆبەری 2017شدا لە سەرەتا چاوپۆشیان لە لەشكركێشی كرد، پاشان كە زانیان شەڕەكە یەكجار خوێناوی دەبێت، ئینجا بەدەنگهاتن و پاشانیش كە نێچیرڤان بارزانی دەگاتە پاریس و لەوێوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا هۆشداری دەداتە عەبادی، رەوشەكە هێدی هێدی لە بەرژەوەندی هەرێمی كەوتەوە.
پێشبینی دەكەم لە سەرۆكایەتیی هەرێم هاوشان لەگەڵ بایەخدان بە كەیسی ئابووری كوردستان، هەروەها كاری جیدی دەكات لەرووی دیپلۆماسییەتەوە بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكان بەبێ گرفت و ئاڵۆزی سیاسی، ئاخر ئەو ناوبانگەی لە چەند ساڵی رابردوودا لەرووی دیپلۆماسییەت و هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی، تازە وەك شووناسێكی ئەو پیاوەیان لێهاتووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئینجا ئەو تێگەیشتن و پرەنسیپەش، تەنانەت لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە قبووڵكراوە، مەگەر لە كاتی داواكردنی ئاشتی و دیالۆگ، ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانیان نەدەكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەو شێوەی كە ئەو داوای دەكرد! بەڵێ، ئەوكات پاڵپشتی تەواوی داواكارییەكانیان دەكرد بۆ چارەسەری كێشەكان بە دیالۆگ.
كەوایە ئەوە خاڵێكی هەرە گرنگە لەوەی دیپلۆماسییەت و زمانی ئەو پیاوە، هێزی نەرمن و هێزی نەرمیش هیچی كەمتر نییە لە هێزی رەق، ئەوەی هەندێجار هێزی نەرم دەیكات و بەهۆیەوە دەستكەوتی گرنگ بەدەست دێن، رەنگە هێزی رەق ئەو سوودەی نەبێت، وەكچۆن عەبادی لە دوای ئۆكتۆبەرەوە ویستی بە هێزی رەق كێشەكان لە بەرژەوەندی خۆیدا یەكلایی بكاتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە هێزی نەرم رووبەڕووی بووەوەوە، ئێستا عەبادی لە كۆشكی سەرۆكایەتی نەماوە، نێچیرڤانیش دەچێتە كۆشكی سەرۆكایەتی.