سوورە مەرگەیی
پرسیاری گەرمی رۆژ ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی لە ئەركی تازەی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو دەبێت یان نا؟ وەڵامی ئەو پرسیارە دەمانگێڕێتەوە بۆ رابردوو، چونكە وەڵامی پرسیارەكە دوو لایەنی هەیە، لایەنێكیان پەیوەندی بە هێز و توانا و كارامەیی كاك نیچیرڤان بارزانییەوە هەیە و ئەویش لە رابردوودا سەلماندوویەتی كە توانای بەڕێوەبردنی ئەو ئەركەی هەیە، لایەنەكەی تریش پەیوەندی بەوەوە هەیە حزب و لایەنەكانی تر تا كوێ هەست بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و هەستیاری قۆناغەكە دەكەن و هاوكار و هەماهەنگی دەبن، یان وەك چەند ساڵی رابردوو كێشە و گرفت درووست دەكەن؟!
كاتێك سەرۆك بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرت، قەیران لە دوای قەیران و پیلان لە دوای پیلان روویان لە كوردستان كرد، ئەوە قەیرانی دارایی و بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە شەڕ فرۆشتنی بەغدا و هەڕەشەكانی نوری مالیكی بۆ داگیركردنی كەركووك و گەڕانەوە بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆك، ئەوە سەرهەڵدانی داعش و پەلامارەكانی بۆ سەر كوردستان و زۆر قەیرانی تر، لە درووست كردنی هەموو ئەو قەیرانانەش دەستی پیلانگێڕانی ناوخۆیان لە پشت بوو، وەك ئەوەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان و بودجەی حكوومەتی هەرێم، كە لەسەر پێشنیاری بەرپرسێكی باڵای ناو حزبێكی دیاریكراوی كوردی بوو، هەڕەشەی نوری مالیكی بۆ داگیركردنەوەی كەركووك و گەڕانەوەی بۆ هەولێر و سلێمانی دهۆك، كە ئەویش بە هاندانی بەرپرسێكی باڵای ناو هەمان حزب بوو.
هاوكات لەگەڵ درووست كردنی ئەو قەیرانانەش چەند لایەنێك بێ لەبەر چاوگرتنی بوونی ئەو قەیرانانە و مەترسی كەوتنە سەر حكومەتی هەرێم و دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتی كەوتنە پیلانگێڕان، ئەوە پیلانگێڕی 23ی حوزەیران و كودەتاكەی ناو پەرلەمان، ئەوە ئاژاوە نانەوەی سەر شەقام و پەلاماردانی بارەگاكانی پارتی، ئەوە بایكۆت و پەكخستنی پرۆسەی پەروەردە و كەرتی تەندرووستی، ئەوە راكردنی بەرپرس و پەلەمانتارانی ئەو حزبانە بۆ ئەوروپا و ناو زڕاندنی حكومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە و زۆر پیلانگێڕی تریش، هەموو ئەو پیلانگێڕیانەش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی بوون لە پەلامارەكانی داعش و بیانوو گرتنەكانی بەغدا و هەڕەشەكانی نوری مالیكی، چونكە لەو كاتەدا سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لە خەمی پاراستنی كوردستان و بە رەواندنەوەی مەترسییەكانی داعش و بیانووگرتنەكانی بەغدا و هەڕەشەكانی نوری مالیكییەوە خەریك بوو، بەڵام ئەو حزب و لایەنانە لە هەوڵی ئەوەدا بوون چۆن بە مەرامە حزبییەكانیان بگەن لەكاتێكدا گەیشتن بە مەرامە حزبییەكانیان بەو رێڕەوەی دیارییان كردبوو كورد و سەنگەرەكانی بەرگری پێ لاواز دەبوون.
سەرۆك بارزانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و پاراستنی دەستكەوتەكان و بنیاتنای داهاتوویەكی دوور لە مەترسی، لەو قۆناغەدا كۆدەنگی ناو لایەنەكان و گوتاری نەتەوەیی و یەكخستنی ناوماڵی كوردی بە پێویستییەكی مێژوویی زانی، بۆ ئەو مەبەستەش لە رۆژی 18/5/2015 كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجامدا، ئامانجی سەرۆك بارزانی لەو كۆبوونەوەیە پێكهێنانی ئەنجوومەنێك بوو بۆ سەرپەرشتی كردنی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان و هەر پێشهاتێكی تر كە بێتە پێش، بەڵام چەند لایەنێك خۆیان لەو ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانیە دزییەوە و ژێربەژێر لەگەڵ داگیركارانی كوردستان سەرقاڵی پیلانگێڕان بوون، ئەو پیلانگێڕییەش بەسەر چەند قۆناغێكدا دابەش كراو و دوا قۆناغی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دژ بە دەنگ و بڕیاری خەڵكی كوردستان ئەنجام درا، لایەنی ئەنجامدەر دیار بوو، بەڵام لایەنەكانی تریش وەك رازی بوون بەو پیلانگێڕیە بێدەنگییان هەڵبژارد و وەك پشتیوانی و رەواییدانیش بەو پیلانگێڕیە، داوای دادگایی كردنی ئەو كەس و لایەنانەیان دەكرد كە بە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم هەستاون و دەنگ و بڕیاری خەڵكی كوردستانیشیان بە سەقەت ناو دەبرد.
ئەو لایەنە سیاسیانە ئەوەندەی دژایەتی كردنی هەڵوێستە نەتەوەییەكانی (سەرۆك بارزانی)یان بەلاوە گرنگ بوو، ئەوەندە دژایەتی كردنی داگیركارانی كوردستانیان بەلاوە گرنگ نەبوو، لە هەموو كیشەكانی نێوان كورد و داگیركارانی كوردستاندا وەك ئەوان دەدوان و وەك ئەوانیش هەڵوێستیان دەنواند، بۆ ئەوەی پیلانەكانیشیان كاریگەر بن، كورد گوتەنی لەگەڵ گورگ گۆشتیان دەخوارد و لەگەڵ مەڕیش شینیان دەكرد، لە ژوورە تاریكەكان و لەگەڵ دوژمنان پیلانیان دادەڕشت و لە شەقامیش بۆ بنیاتنانی دیموكراسی و بژێوی خەڵك دەگریان، بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەو راستییە پیلانی هەڵوەشانەوەی حكوومەتی هەرێم و دامەزراندنی حكومەتێكی (ئینقاز)یان دادەڕشت كە لە بەشی دووەمی ئەم باسەدا زیاتر تیشكی دەخەینە سەر.









