بەدواداچوون: سەید فاتیح بەرزنجی
بەگوتەی ئەندازیار “ئاری ئەحمەد” بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، بەدوو شێواز ئاو بۆ هاووڵاتیان دابیندەكات، یەكێكیان بەهۆی بیرە ئاوەكانی ناو گەڕەكەكان و ئەوی دیكەشیان بەهۆی پرۆژەی ئاوی ئیفرازەوە، ئاوی پاك و خاوێن بۆ هاووڵاتیان دابین دەكات، لەهەوڵی ئەوەداین كە لەشاری هەولێر كێشەی كەم ئاوی چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی چیتر كێشەی كەم ئاوی روونەدات لەوەرزی هاوین، ئەگەرچی رۆژانە ژمارەی دانیشتووان و ژمارەی خانوو دروستكردن لە زیادبووندایە، هەوڵی ئەوەش دەدەین بەهۆی پرۆژەی ئاوی ئیفرازەوە بەچەند قۆناغێك ئاو بگەیەنینە هاووڵاتیان، ئەو پرۆژەیە كەوتۆتە گوندی ئیفراز، لەسەر زێی گەورە و بریتییە لە سێ پرۆژە، وەك پرۆژەی ئاوی ئیفراز یەك، كە لە ساڵی1967 دروستكراوە و پرۆژەی ئاوی ئیفراز دوو، كە لە ساڵی 1983 ئەو پرۆژەیە تەواو بووە، لەگەڵ پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، كە لە 60%ی لەساڵی 2006 تەواو بووە و لە40%كەی دیكەی ئەو پرۆژەیە لە ساڵی2015 تەواوكراوە، لەئێستاشدا هەر سێ پرۆژەكەی ئاوی ئیفراز بە هەموو توانای خۆیان كاردەكەن و ئاو دەگەیەننە هاووڵاتیاندایە.
لەپلاندایە گرنگی بە ئاوی سەر زەوی بدەن
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر سەبارەت بە پلان و بەرنامەیان بۆ داهاتوو روونیكردەوە: بەپێی پلان و بەرنامەی خۆمان لەپلانماندایە، كە گرنگی بە ئاوی سەرزەوی بدەین و ئاوی ژێر زەوی دابخەین، وەك ئەنجامدانی پرۆژەی( ئاوی هەولێر چوار) كە پرۆژەیەكی زۆر گەورەیە و توانای بەرهەمهێنانی25 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە هەر كاتژمێرێكدا، دیارە ئەوەش یەكسانە بە هەموو بیرە ئاوەكانی ناو شاری هەولێر، بەتوانای هەر سێ پرۆژەكە كە ئێستا لەكاركردندا بەردەوامە لەشاری هەولێر نزیكەی (1106) بیرە ئاو لە هەولێر هەیەو قەبارەیەكی زۆری ئاو بەرهەمدەهێنێ و لەدوای تەواوبوونی ئەو پرۆژە گەورەیە چیتر كێشەی كەمئاوی نامێنێ، دیارە ئەو پرۆژەیە لە (رینگی شەقامی خێرای120 مەتری) بەرەو دەرەوە تاوەكو (رینگی شەقامی 150 مەتری) ئاوی پرۆژەكە دابەشدەكرێت، لەگەڵ ئەو شوێنانەی كە فەرمانگەكانی (بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر)ە وەكو (دارەتوو ـ بنەسڵاوە ـ كەسنەزان ـ شاوێس ـ پیرزین ـ بەحركە ـ عەنكاوە ـ كانی قڕژاڵەـ سێبیران) دەخرێنە ناو ئەو پرۆژەیە و دیزایینی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە و چێك كراوە، ئومێدەوارین كە لەئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێبكرێت و بچێتە پڕۆسەی تەندەرینگ و جێبەجێبكرێت، دوو ئامانجی سەرەكیمان هەیە لەو پرۆژەیە، وەك داخستنی هەموو بیرە ئاوەكان بەتەواوی و روو لە بەكار هێنانی ئاوی سەر زەوی بكەین و ئامانجی دووەمیش ئەوەیە بۆ ئەو شوێنانەی، كە پچڕ پچڕ ئاویان دێت كارێكی وابكەین تا بەردەوام ئاویان پێبدرێت و چارەسەری كێشەی ئاویان بۆ بكرێت.
چارەسەری كێشەی كەمیی ئاو دەكەن
هەموو ساڵێك لە وەرزی هاویندا كێشەی كەم ئاوی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر درووست دەبێت، لەمبارەیەوە (بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر) روونیكردەوە: لەبەر ئەوەی هاووڵاتیان رۆژانە ئاوێكی زۆر بە فیڕۆ دەدەن، چ بە شووشتنی ئوتومبێل یاخود شووشتنی بەردەرگاو ئاودانی باخچەی بەردەمی ماڵەكان، ئاوێكی زۆر بەفیڕۆ دەڕوات، لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ زیاتر گرنگیدان بە پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز و لەپلان و بەرنامەدایە كە كاری زیاتر بۆ ئەو پرۆژەیە بكەین، تا كێشەی كەم ئاوی لە هەولێر چارەسەربكەین، دیارە لە رووی ئەندازەییەوە ئەو بڕە ئاوەی كە بۆ هاووڵاتیان دابینكراوە، هیچ كێشەی نییە، بەو مەرجەی كە هاووڵاتیان ئاو بە فیڕۆ نەدەن، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی (تەوافە)ی ناو تەنكی ئاوی ماڵان یەكێكە لە كێشە سەرەكیەكانی ئاو بە فیڕۆدان، بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكی ئەو كێشەیە بەپێی پلانی (وەزارەتی شارەوانی) و بەهەوڵ و هیممەتی (بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕكانی هەرێم) توانرا پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت و ماوەیەكە پرۆژەی دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان خراوەتە واری جێبەجێكردنەوەو پێویستە هەموو هاووڵاتیان پێوەری ئاو دابنێن.
ئەو گوتیشی: تەنها پرۆژەكانی ئاو لە سەدا سەد كارەبای بەردەوامیان هەیە، بەڵام بیرەكانی ئاو دوو كارەبایان هەیە، وەك كارەبای بەردەوام و كارەبای جێگۆڕكێ (متناوب) یان هەیە.
دەربارەی شووشتنگە(غەسل)ـەكانیش، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: پارساڵ زیاتر لە16 شووشتنگەی ئوتومبێل بە شێوەی كاتی داخران، تاوەكو سیستەمی خۆیان بگۆڕن، واتا هەندێ شووشتنگە توانیان لەلای خۆیان ئاو دابین بكەن بە تانكەر، یاخود هەندێ لەو شووشتنگانە لە ناوچەی پیشەسازی بیری ئاویان بۆ لێدراوە و نابێ ئەوان ئاوی هاووڵاتیان بەكاربهێنن، ئەو شووشتنگانە ئاگادار كراونەتەوە كە هەركاتێك لە تۆڕی ئاوی ماڵان بۆڕی ئاو ببەن سزا دەدرێن و شوێنەكانیان دادەخرێت، واتا شووشتنگەكانیان دادەخرێت.
دواتریش دەربارەی (پێوەری زیرەك) بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: دانانی (پێوەری میكانیكی) پرۆژەیەكی گرنگ و خزمەتگوزارە و هەرچەندەی هاووڵاتی ئاو بەفیڕۆ بدات هێندە پارەیەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو بەرنامەیە بۆ ماوەیەك وەستا، دواتر دووبارە كەوتەوەگەڕ و لەمانگی یەكی ساڵی2019 ەوە لەڕێگەی پەروڤ كردنی دوو جۆرە پێوەرە و لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە دوو جۆرە پێوەر تاقی كراوەتەوە و هاووڵاتیان دەستیان بە بەستانی پێوەر كردووە و پێوەرە پێوەری میكانیكیە و ئەو سیستەمەی كە بەكاری دەهێنن بۆ خوێندنەوەكەی سیستەمێكی ئەلیكترۆنی زیرەكەو سیستەمی كۆكردنەوەی داهاتە و كوردستان دابەشی سەر چوار زۆن كراوە.
پرۆژەی ئاوی هەولێر چوار دیزایینی بۆ كراوە
لەكۆتاییدا ئەندازیار” ئاری ئەحمەد قادر”سەبارەت بەو پرۆژەیە گوتی: ئەو پرۆژەیە كەوتۆتە نزیك (گوندی گرد مامك) و ناوی لێنراوە (پرۆژەی ئاوی هەولێر چوار)، دیارە ئەو پرۆژەیە دیزایینی بۆ كراوە و توانای دابینكردنی 25 هەزار مەتر سێ جا ئاوی هەیە لە كاتژمێرێكدا، بەرهەمی ئەو پرۆژەیە زیاترە لە هەرسێ پرۆژەكەمان و هەر ئەو هەزار و سەدو شانزە بیرە ئاوەی كە هەمانە لە هەولێر، ئاوی زیاتر دەهێنێت و لەلایەن كۆمپانیای بای وەتەری بەریتانی پرۆژەكە تەواو بووەو كاری راوێژكاری دیزایینەكەشی تەواو كراوەو ئامادەكراوە و لەچاوەڕوانی دەرفەتێكین بۆ ئەنجامدانی چ وەكو قەرزێك یاخود وەك لە شوێنێك بودجەكەی بۆ ئامادە بكرێت.









