رێبوار حەمەلاو شوانی
بڵێسەی شۆڕشی26ی گوڵان لە قۆناغێكدا هەڵگیرسا كە جۆرێك لە بێئۆمێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، شۆڕشی گوڵان نەك هەر بێئۆمێدی ڕەواندەوە، بەڵكو ئۆمێدیشی خستەوە نێو ڕێزەكانی خەبات و گیانی ئازادیخوازانەی خەڵكی تێكۆشەری كوردستان، هەر بۆیە لە سەرەتاكانی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، تێكۆشەران و ئازادیخوازانی كوردستان بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە بەشدارییان لەو شۆڕشە ئومێد بەخشەدا كرد. شۆڕشی گوڵان بەهێزترین شۆڕشی گەلی كورد بوو، چونكە زۆرترین پارتی سیاسیی كوردی تێدا كۆ كرابوونەوە، مكوڕبوونی گەلی كوردیشی بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی سەلماند و لە ئەنجامیش بەشێكی زۆری ئامانجەكانی ئەو شۆڕشە دەستەبەربوون.
رشۆڕشی گوڵان، تەواوكەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، كە لە 11ی ئەیلوولی 1961 دەستی پێكرد و بە گەورەترین شۆڕشی گەلی كورد هەژمار دەكرێت لە سەدەی رابردوودا، شۆڕشی ئەیلوول راستە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەرپا كرا، بەڵام هەموو گەلی كوردستان بە كورد و پێكهاتەكانەوە بە شۆڕشی خۆیان دەزانی، لە ماوەی ساڵانی شۆڕشی ئەیلوولدا چەندین دەستكەوت بە دەست هاتن، كە گرنگترینیان 11ی ئاداری ساڵی 1970 بوو و یەكەم جار بوو لە مێژوودا رژێمێك بەو شێوەیە دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنێت.
26ـی گوڵانی ساڵی 1976 توانرا یەكەم ئاگری بڵێسەی شۆڕش لە شاخەكانی كوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەی حاجی ئۆمەران دەستی پێكرد. هەر لەو كاتەدا توانرا بە هەموو دووژمنانی كورد ڕابگەیەندرێت كە كورد شكستی نەهێناوە و دەتوانێت لە شۆڕشدا بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەیشدا شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێكی زۆر سەختدا هاتە پێش كە ئەوكات دوژمنانی كورد هێزێكی زۆری لەشكری دامەزراندبوو بۆ ئەوەی بتوانێت رێگر بێت لە پەڕەسەندنی شۆڕشدا. سەركردایەتیی شۆڕش لەسەر خەباتی خۆی مكوڕبوو، توانی بە شێوەی پارتیزانی بە قووڵایی وڵاتدا بسووڕێتەوە، هەروەها شۆڕش توانی لەو كاتە رادیۆی دەنگی كوردستانیش دابمەزرێنێت و سەركردایەتیی شۆڕش توانی سەركردایەتیی كاتی یش لەناو كوردستان دابمەزرێنێت. كاتێك شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، بە پاڵپشتیی گەلی كورد بەردەوام لە بەهێزبووندا بوو، بە تایبەتی دوای ڕێككەوتنامەی 11ـی ئازاری ساڵی 1970، كە كورد توانی نێوماڵی خۆی تا ڕادەیەكی زۆر ڕێكبخاتەوە، دوژمنەكانی گەلی كورد دڵنیا بوون كە ناتوانن كورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنی جەزائیر برد، كە لە نێوان شای ئێران و (سەددام حوسێن)ـدا مۆر كرا، كە ئەو كات جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بوو و سەرۆك كۆماری ئەو كاتی جەزائیر ناوبژیوانی ڕێككەوتنەكە بوو، بە هۆی ئەو ڕێككەوتنە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو و گەلی كورد تا ڕادەیەكی زۆر تووشی نائۆمێدی بوو، بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نائۆمێدییە و وەك درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، بە فەرمانی (بارزانیی نەمر) و بەسەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) و (كاكە ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو، لەو ساتە هەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو، كە گشت ناحەزانی كوردی سەرسام كرد و ئۆمێدێكی گەورەشی بە گەلەكەمان بەخشی.
دروستبوونی حكوومەتی هەرێم و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ ئێمە تێیدا دەژین، بەرهەمی ئەو شۆڕشەیە، كە هیچ وڵاتێكی دونیا ئامادەنەبوو پێشوازی لە ئێمە بكات، ئەمڕۆ ئێمە لە زۆربەی دانیشتنەكاندا بەشدارین، كە لە كاتی شۆڕشی گوڵان گەلی كورد بێجگە لە خوا و ئەو هیوایەی هەیانە هیچی دیكەیان نەبوو، كە ئەو كات هەموو جیهان پشتگیرییان لە حكوومەتی عێراق دەكرد، بۆیە دەستكەوت و سەروەرییەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن و بریتین لە دەستكەوتەكانی ئێستا و سەركەوتنەكانی ڕابردووی گەلەكەمان، چونكە ئەوەی كە ئێستا هەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و خوێنی شەهیدەكان و بەرهەمی شۆڕشی گوڵان هاتووەتە دی. دەستكەوتەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن، لە سەرووی هەموویانەوە ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991، كە ئەمەیش لە ڕێگەی ئەو یەكڕیزی و تەبایی و گیانی تێكۆشانەی خەڵكی كوردستان بوو، كە شۆڕشی گوڵان لە پێناویدا هەڵگیرسا.
پارتی و بەتایبەتی سەرۆك بارزانی، وەك ئەندازیاری فكری خەباتی هاوبەش، كارێكی باشی كرد بەرەی كوردستانی دروست بوو، دەبێت هەموو لایەنەكان ئیمان بە خەباتی هاوبەش بهێنن، توانی بەربەستەكانی كوردستان بشكێنێت و قۆناغی پارتیزانی یش زیاتر بكات، كە تا ئێستایش ئەو حكوومەتەی دروستبووە بەرهەمی بەشداری و هاوبەشیی ئەو لایەنانەیە كە بەردی بناغەیان لە ناوەڕاستی شۆڕشی گوڵاندا بۆ دانرا.
شۆڕشی گوڵان بە رابەرایەتی و رێنوێنیی بارزانیی نەمر لە سەردەمێكدا هەڵگیرسا، نائومێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، دوژمن وایدەزانی دوای نسكۆ شۆڕش بەرپا ناكرێتەوە و پێشمەرگەش شاخەكانی كوردستان نابیننەوە، بەڵام لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دوای رێككەوتن و خیانەتی جەزائیر، پێشمەرگە قارەمانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رێبەرایەتیی بارزانیی نەمر و بەشداریی سەرۆك بارزانی و شەهید ئیدریس بارزانی، بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕشیان دەركرد لە سنوورێكی دیاریكراوی كوردستاندا”.پێشمەرگە لە شۆڕشی گوڵاندا ئەو پەیامەیان گەیاندە دوژمن، كە ئێمە پێشمەرگەین و ماوین و هەر دەمێنین، كە بووە شۆك بۆ دوژمنانی كورد و شۆڕشی گوڵان درێژەی كێشا تا راپەڕینی بەهاری 1991ی لێ بەرهەم هات، چونكە راپەڕینی جەماوەریی كوردستان بە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە بەرهەمی شۆڕشی گوڵانە.
شۆڕشی گوڵان هەمان گەوهەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام لە ڕووخساردا لەو شۆڕشە جیاواز بوو، چونكە بە شێوە و تەكنیك و بزاوتێكی نوێتر هاتە كایەوە، لە شۆڕشی گوڵان، جگە لە پارتی، حزبە كوردستانییەكانی دیكەی لە خۆ كۆكردبووەوە، بۆیە شۆڕشێكی سەركەوتوو بوو، توانی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر بكات، دوژمنانی كورد هیچ بیریان لەوە نەدەكردەوە كە شۆڕشی كوردی سەرهەڵبداتەوە و پێشمەرگە بێتەوە چیاكانی كوردستان، بۆیە شۆڕشی گوڵان ئومێدێكی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان گەڕاندەوە و ترسێكی گەورەیشی لە دڵی دووژمنان دروست كرد. لە ئێستاشدا و دوای تێپەڕاندنی چوار ساڵی پر كێشە و قەیران و جەنگ ، ئەركی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانە بە رووحییەتێكی كوردایەتیی پتەو پارێزگاری لە گشت دەستكەوتەكان بكەن و لە هەمانكاتیشدا پاڵپشتی پەرلەمان ، سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەتی كوردستان بن لە پێناو بونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز ،چونكە دەسكەوتەكانی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی شۆرشە یەك لەدوای یەكەكانی كوردستان تا شۆرشی 26ی گوڵان.









