مستەفا نەبی‮❊‬
رێزلێنان شایستەی‮ ‬ئەو تاك و توێژە چالاكانەیە كەوا هەریەكەو لە بوارێكی‮ ‬تایبەتی‮ ‬خۆیدا چالاكی‮ ‬ئەنوێنێ و لەم‮ ‬ڕێگایەوە ئەتوانێ‮ ‬ڕەزامەندی‮ ‬كۆمەڵگاكە لەسەر كارەكەی‮ ‬بۆ خۆی‮ ‬دەستەبەر بكات و ببێتە جێگای‮ ‬ڕێزلێنانی‮ ‬كۆمەڵگاكەی‮ ‬وئەمەش دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی‮ ‬ئەم توێژانە زیاتر برەو بە بەهرەكانیان بدەن و چالاكتر كارەكانیان بكەن بۆ ئەوەی‮ ‬شیاوی‮ ‬ئەم‮ ‬ڕێزلێنانە بن كەوا پێیان ئەبەخشرێ‮.‬
ئەوەی‮ ‬ئێمە لێرەدا مەبەستمانە باسی‮ ‬بكەین و بیخەینەڕوو،‮ ‬ناز هەڵگرتن و لەبەر چاوگرتن و رێزلێنانە لەخەبات و ماندوو بوون و گیان فیدایی‮ ‬ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی‮ ‬كەوا‮ ‬ڕۆژانێك سوارچاكی‮ ‬كۆڕی‮ ‬خەباتی‮ ‬كوردایەتی‮ ‬بوون و لە سۆنگەی‮ ‬پەرۆشیان بۆ خەبات و بەرخودان و پارێزگاری‮ ‬لە شكۆی‮ ‬تاكی‮ ‬كورد وە پێش هەر دەسپێكێك مەرگی‮ ‬خۆیان كردبووە دیاری‮ ‬و بە نەفەسێكی‮ ‬شۆڕشگێڕانە لاشەی‮ ‬خۆیان كردبووە قەڵغانێكی‮ ‬پتەو بۆ بەرگری‮ ‬لە گەل و خاكی‮ ‬پیرۆزی‮ ‬كوردستان‮. ‬ئەورێزلێنانەش پێویستە لە لایەن سەركردایەتی‮ ‬سیاسی‮ ‬كورد و حكومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بێت بە لەبەرچاوگرتنی‮ ‬خەبات و ماندووبوونی‮ ‬ئەو توێژە تێكۆشەرە و چاوخشاندنەوەیەك بە ژیان و گوزەرانی‮ ‬خۆیان و خانەوادەكەیان و پشتگوێ نەخستنیان‮. ‬چونكە ئەوەی‮ ‬تێبینی‮ ‬ئەكرێ تاوەكو ئێستا لە درەبڕینی‮ ‬ڕێزلێنان زیاتر نییە و شتێكی‮ ‬ئەوتۆیان بۆ نەكراوە كەوا جێگای‮ ‬ڕەزامەندی‮ ‬و شانازی‮ ‬ئەوان و خانەوادەكانیان بێت‮ ‬،‮ ‬بەبێ ئەوەی‮ ‬ئەو‮ ‬ڕێزلێنانە بكرێتە كردار تاوەكو پێشمەرگە دێرینەكانیش هەست بەوە بكەن كەوا ئەوانیش توێژێكی‮ ‬هەرە گرینگ و سەربەرزی‮ ‬لەبیر نەكراوەی‮ ‬نێو ئەو كۆمەڵگایەن و شانازی‮ ‬بەو‮ ‬ڕۆژە سەختانە بكەن كەوا‮ ‬ڕۆژانێك ئەوان بوون مێژوویان تۆمار كردووە و شەڕی‮ ‬مان و نەمان و دەستە و‮ ‬یەخەی‮ ‬داگیركەرانی‮ ‬كوردستانیان كردووە و وەكو‮ ‬ڕەمزێكی‮ ‬زیندووی‮ ‬گەلەكەیان ئەمێننەوە‮. ‬پێشمەرگەكانی‮ ‬گوڵان‮ ‬ڕۆژانێك بوو ئەركێكی‮ ‬زۆر قوڕسی‮ ‬نیشتمانی‮ ‬ونەتەوەیان خستبووە سەر شانی‮ ‬خۆیان و كوڕی‮ ‬ڕۆژە سەختەكانی‮ ‬كۆڕی‮ ‬خەبات كوردایەتی‮ ‬بوون وە لە بارودۆخێكی‮ ‬هەرە سەختی‮ ‬ژیاندا كە بە بێ بەرگ و خواردن و خواردنەوە و‮ ‬ڕەفاهیەت و خۆشگوزەرانی‮ ‬ژیان وە بەخوێن و مەرگی‮ ‬خۆیان پارێزگاریان لە شكۆی‮ ‬تاكی‮ ‬كورد ئەكرد‮ ‬،‮ ‬بەتایبەتی‮ ‬ئەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستانەی‮ ‬كەوا ساڵانیك بوو هەڵۆ ئاسا عاشق بە لووتكە چیا سەركەشەكانی‮ ‬نیشتیمان ببوون وە بۆ بەرگری‮ ‬لە شكۆی‮ ‬تاكی‮ ‬كورد و ماف وداخوازیەكانی‮ ‬گەلی‮ ‬كوردستان لە ژێر درووشمی‮ (‬یان كوردستان‮ ‬یان نەمان‮ ) ‬دژی‮ ‬ستەمكاران و داگیركەرانی‮ ‬خاكی‮ ‬كوردستان تێدەكۆشان و برووسك ئاسا پەلاماری‮ ‬ئەو دڕندانەیان دەدا كەوا لە كێبڕكێ دا بوون بۆ سڕینەوەی‮ ‬مێژوو و ناسنامەی‮ ‬تاكی‮ ‬كورد‮.‬
لەڕووی‮ ‬وەزیفییە وە كەمتەرخەمیەكی‮ ‬زۆر هەیە بەرامبەر بە خەباتی‮ ‬پێشمەرگە و ئەو پلەو پۆستانە بە پێشمەرگە نەدراوە كەوا شایانیەتی‮ ‬سەرەڕای‮ ‬ئەوەی‮ ‬كەوا لەناو ئەو پێشمەرگە دێرینە قارەمانانە چەندین كەسی‮ ‬جوامێرو كارامە هەن كەوا خاوەن بڕوانامەی‮ ‬ئەكادیمی‮ ‬بەرز و توانا و بەهرەیەكی‮ ‬زۆریان هەیە لە مەجالە جۆراو جۆرەكانی‮ ‬بەڕێوەبردنی‮ ‬ژیانی‮ ‬كۆمەڵگا‮ ‬،‮ ‬بۆیە پێویستە سەركردایەتی‮ ‬سیاسی‮ ‬كورد و حكومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان ئاوڕێكی‮ ‬بەخێر لەم توێژە گرینگە بداتەوە بۆ ئەوەی‮ ‬شانازی‮ ‬بەو خەبات و بەرخودانە بكات كەوا بە خوێنی‮ ‬خۆیان ئەمڕۆیان درووست كرد و ئێستاش هەر خۆیان ئەركی‮ ‬پارێزگاری‮ ‬لەو ئەزموونەیان كەوتۆتە سەرشان‮ ‬،‮ ‬هەروەها خانەوادە و منداڵەكانیان ئەبێ هەست بەوە بكەن كەوا‮ ‬ڕابردووی‮ ‬خەباتگێڕانیان‮ ‬ڕێزیان لێ گیراوە و‮ ‬ڕەنج و تێكۆشانیان لەبەر چاو گیراوە و ئێستا بۆتە جێگای‮ ‬شانازی‮ ‬بۆیان و پێی‮ ‬سەربەرزن‮. ‬با‮ ‬ڕێز لە خەباتی‮ ‬ئەو سوارچاكانە بگرین كەوا بۆ پاراستنی‮ ‬گەل و خاكی‮ ‬پیرۆزی‮ ‬كوردستان لە جیاتی‮ ‬ژیانی‮ ‬ژێردەستی‮ ‬مەرگیان هەڵبژارد‮.‬
‮❊ ‬پێشمەرگەی‮ ‬شۆڕشی‮ ‬گوڵان‮.‬