كاروان محەمەد سینۆ
لەوەتەی گەنم و جۆی گوند و شارۆچكەكانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەت لەپارێزگای كەركووك هاتۆتە بەرهەم و دوورینەوە. تیرۆرستان (داعش و عەرەبە هاوردەكان) بەبەرچاو و (هەندێك جاریش) بەپاڵپشتی دەسەڵاتی عەسكەرتاری كەركووك، دەستیان كردووە بە (خاوەن)❊ وەرگرتن و عەنتەریات و هەڕەشە كردن و هەڵدەكوتنە سەر ماڵ و موڵك و پەرێزی جوتیار و گوند كوردنشینەكانی سنووری پارێزگای كەركووك و داوای سەرانە و بەش لە دەغل و دانیان دەكەن، ئەگەرنا دەغڵ ودانیان دەسوتێنن. تاكو ئێستا، چەندین هێكتاری بەرهەمی دەغڵ ودانی كوردیان لەو سنوورە سووتاندووە. ئەمەش بۆتە ئەگەری دڵەڕاوكێ و نیگەرانی كورد لە كەركووك. جوتیاران و كوردانی شاری كەركووك ئاماژە بەوە دەكەن كە حكوومەتی عەسكەرتاریی كەركووك و هاوكار؟! و دەستوپێوەندەكانی؟! هۆكاری سەرەكی ئەم دیاردەیەن. بەداخەوە ئەو حزبەكوردییەی ئێستاكە لە ژێر دۆخی عەسكەرتارییەتی كەركووك بارەگای خۆی كردووتەوە و بانگەشە و زوڕنای ئارامی شاری كەركووكی لێ دەدان، تاكو ئێستاكە لەئاسی ئەم دیاردە چەتەگەراییە داعش و عەرەبە هاوردەكانی كەركووك بێ دەنگە؟!. بەڵكو بەپێچەوانەوە، هاوكارە لەگەڵ (راكان جبووری) شۆڤینی بارێزگاری كەركووك بەوەكالەت لە راییكردنی كارووبارە نایاسیی و عەسكەرتارییەكانی لە كەركووكدا. كەواتە بۆچی گەلەیی و گازندە لە (راكان جبووری)ی بێگانە بكرێ؟!، لەكاتێكدا ئەو لایەنە حزبییە كوردییەی لە كەركووكە، گلۆپی سەوز(كەسك)ی بۆ (راكان جبووری) هەڵكردووە لە كار و رەفتارە شۆڤینی و عەرەبگەرایی و نایاساییەكانی و تاكو ئێستاكە پێی نەگوتووە (پشتی چاوت دوو برۆیە)؟!. بویە من دەڵێم (با گلەیی لە راكان جبووری نەكەین)!!، چونكە دوژمنێكی بێگانەیە و هەرچی لەدەستی بێت دەیكات، بەڵكو پێویستە گلەیی لەو لایەنە كوردییە بكرێ كە ئێستاكە (جرت و فرت)یانە لەناو مۆڵگە و بارەگاكان لە كەركووك و لافی حوكمڕانی كەركووك لێ دەدەن، بەڵام لەڕاستیدا خۆیان چەماندووە بۆ فەرمان و رێنماییەكانی (راكان جبووری) تەعریب كار.
لەمێژنەوە كورد گوتوویەتی: “گەر،بیور كلكی لە دار نەبێت، دار نابڕێت”.
❊ (خاوە): دەستەواژەیەكی كوردییە، بەكار هاتووە كاتێك بە عەنتەری پارە لە خەڵك وەردەگیرێ، عەرەب پێی دەڵێن: (أتاوە).









