كاروان محەمەد سینۆ
زۆرێك لە دوژمن و داگیركەرانی كوردستان و ناحەزانی پارتی و بارزانی، خەون و هیوای گڵاوی خۆیان لەسەر گرەوی نسكۆ و لەناوچوون و هەرەسی شۆڕشی 11ی ئەیلوول دانابوو. ئەگەرچی پاش رێككەوتنە شوومەكەی جەزائیر 1975 و خیانەتی ئەو وڵاتانەی كە خۆیان بە هاوڕێی كورد دەزانی!، بۆ چەند مانگێك، شۆڕشی ئەیلوول دووچاری وەستانێكی كاتی چالاكی سەربازی ببوو، بەڵام شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی پیرۆز لەرووی سیاسی و پاڵپشتی كادیر وپێشمەرگە و جەماوەری خەڵكی كوردستان هەر بە هەمان گوڕ و تین لەنێو ناخی خەڵكی كوردستان و كادیرانی پارتی لە جۆشدا مابوو، لەبەر ئەوەی جەنابی مەلامستەفا بارزانی هەر لەسەرەتاوە پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان و كاك ئیدریس و مسعود بارزانی وا راهێنابوو و شیرەت و ئامۆژگاری كردبوون كە لەشكست نائومێد نەبن و لە سەركەوتن مەغروور نەبن.
لەسەر ئەم بنەمایە و زەروورەتی بەردەوامی دانی شۆڕشی 11ی ئەیلوول و سووربوونی بارزانیی نەمر لەسەر بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد،بۆیە هەر پاش چەند مانگێك لە رێككەوتنە شوومەكەی جەزائیر 1975 كاتێك خەڵك و خێزانی پێشمەرگەكانی ئەیلوول بە ئاوارەیی لە ئێراندا گیرسانەوە، دەست بەجێ لە مانگی تشرینی دووەمی 1975 بارزانیی نەمر فەرمانی بە كاك ئیدریسی جوانەمەرگ و جەنابی مسعود بارزانی كرد، كە بەزووترین كات دەستبكەنەوە بە رێكخستنەوەی پێشمەرگەی ئەیلوول و كادیر و جەماوەری پارتی ئەوانەی كە ئاوارەی ئیران بوونە، هەڵبەت ئەم ئەركەی كە جەنابی مەلامستەفا بارزانی بە شهید ئیدریس بارزانی و كاك مسعود بارزانی راسپارد،خاڵی نەبوو لە كۆسپ و تەگەرە و كێشە، چونكە دامودەزگا سیخوڕی و هەواڵگرییە داپلۆسێنەرەكانی ئەوكاتی ئێران ساواك جمووجۆوڵ و چالاكییەكانی ئیدریس و مسعودبارزانییان خستەبەر چاودێری و راوەدوونان جارجاریش هەڕەكردن. بەڵام لێهاتوویی و شارەزایی و پسپۆری ئەم دوو سەركردە كاك ئیدرس و مسعود بارزانی قوتابیانی رێبازی بارزانی لەكاروباری رێكخستن و شۆڕشگێریدا، ئەگەری سەركەوتنی ئەم دوو سەركردە گەنجە بوو لە رێكخستنەوەی جەماوەر و كادیر و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول لەنێو ئاوارەكانی شۆڕش لە ئێران و رێكخستنەوە و جۆشدانی جەماوەری ناوخۆی باشووری كوردستان بەرەو قۆناغێكی دیكەی شۆڕش بە شێوازێكی پارتیزانی كە دواتر ناونرا بە شۆڕشی 26ی گوڵان.
هەروەها پاش رێككەوتنی جەزائیر 1975 و گیرسانەوەی ئاوارەكانی شۆڕشی ئەیلوول لە ئیران، جەنابی مەلامستەفا بارزانی بڕیاریدا بە دامەزراندنی سەركردایەتی كاتی شۆڕش و لە 10ـی كانوونی یەكەمی 1975 بەیاننامەی دامەزراندنی سەركردایەتی بە دەستخەت و نوسین و ئیمزای سەرۆك مسعود بارزانی لە چوار لاپەڕەدا بەزمانی عەرەبی بڵاوكرایەوە كە بەم سەردێڕە دەستی پێكردووە: ” كردستان ساحە حقیقیە للنچال، یاجماهیرنا ناچلی و ارفعی واقع النكسە” واتا كوردستان گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتە، ئەی جەماوەر خەبات بكەن و واقعی نسكۆ هەڵدێرن، لەم بەیاننامەیدا، سەرۆك مسعود بارزانی ڕاشكاوانە واقعی ئەوكاتی شۆڕشی ئەیلوول و ئەگەر و پێشهاتەكانی شرۆڤە كردووە و كەموكوڕییەكانی ئەوكاتی خستووەتەروو و پێشمەرگە و كادیر و جەماوەری خەڵكی كوردستانی هاندا بۆ گڕدانەوەی شۆڕش و خەبات و وەلانانی ئەو واقیعە تاڵەی نسكۆ كە بەسەر شۆڕشی ئەیلوولدا سەپێنراوە. هەر لە هەمان بەیاننامەدا پارتی بڕیاری دامەزراندنی سەركردایەتی كاتی شۆڕشی راگەیاند.
ئینجا فەرمان بە پێشمەرگە و مەفرەزەكانی شۆڕی ئەیلوول كرا ئەوانەی كە پاش رێكەوتنی جەزائیر هەر لە نێو باشوری كوردستاندامابوونەوە و نەچووبوونە نێو خاكی ئێران و توركیا كە خۆیان و جەماوەری دەڤەرەكانیان رێكبخەنەوە و قۆناغێكی دیكەی شۆڕش بەشێوەی پارتیزانی گڕبدەنەوە. بەم شێوەیە دەمودەست كادیر و پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیانكردەوە بە خۆرێكخستن و كاروچالاكی پێشمەرگایەتی. بۆ نموونە لە 3/3/6791 لە دەڤەری بادینان، جەوهەر نامق و كەریم شنگاری و زەعیم عەلی و مەحمود ئێزدی و چەندین كادیری دیكەی پارتی كۆبوونەوە و فەرمان و رێنماییەكانی جەنابی مەلامستەفا بارزانییان لە رووی رێكخستن و پارتیزانییەوە خستە واری جێبەجێ كردن و دەستكرا بەچالاكی پارتیزانی. هەروەها لە سۆران و گەرمیان بەهەمان شێوە، فەرمان بە كادیرە پێشكەوتووەكانی پارتی كرا بۆ جۆشدانەوەی گڕی شۆڕش و چالاكی پێشمەرگایەتی لە سەرانسەری باشوری كوردستان.
هەروەها لە دەڤەری گەرمیان.. لە سەرەتای مانگی ئایاری 1976 دكتۆر كەمال كەركووكی لە گوندی بێكڵۆ دەستی بە رێكخستن و كۆكردنەوەی كادیرانی پارتی كرد، دواتر لە گوندی خوڕخوڕە و یاخیان و شارستێن ئینجا لە بناری پشدەر و بناری ئاسۆس و مەرگە و دۆڵی جافایەتی و سنووری ناحیەی سوورداش و گوندەكانی شارباژێڕ و ناحیەی ماوات و….هتد.
لەلایەكی دیكەوە لە شەوی 52/26ـی ئایار گوڵان 1976 لە دەڤەری حاجی ئۆمەران سنووری بەردوناز مەفرەزەیەكی پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی كە پێكهاتبوو لە 24پێشمەرگە بەسەرپەرشتی سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی، بە پلانێكی توكمە و رێكخراوی پێشوەختە، هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی سوپای عێراق لە گردی سەڵەوات، بەداخەوە لەو شەڕەدا سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی شەهید بوو و دوو لە هەڤاڵانی بریندار بوون. بەم شێوەیە و پاش ئەم هێڕەشە بەجەرگەی پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی و شەهیدبوونی یەكەم پێشمەرگەی پارتی پاش شۆڕشی11ی ئەیلوول و لەبەر مەزنی ئەم رووداوە لەو كاتەناسكەدا، بۆیە قۆناغی دووەمی پارتیزانی شۆڕشی 11ی ئەیلوول ناونرا بە شۆڕشی 26ی گوڵان و شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی بە یەكەم شەهیدی ئەم شۆڕشە نازناوكرا. دیارە كاتێك لەو بەروارەدا مەفرەزەیەكی رێكخراوی پێشمەرگەی پارتی كە لە24پێشمەرگە پێكهاتبێ و هێرش بكەنە سەر مۆڵگەیەكی سوپای عێراق و دوژمن بكوژن و شەهید بكەنە قوربانی كوردستان، بێگومان ئەم ئەرك و هەڵمەتەی پێشمەرگە پێشووتر رێكخراوە و پلانی بۆ داڕێژراوە و پێشمەرگەی بۆ ئامادە كراوە و فەرمانی شۆڕشی پێدراوە. بۆیە بێ گومان شۆڕشی 26ـی گوڵان بەردەوامی پێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووە كە رابەری مەزنی كورد مەلامستەفا بارزانی رابەرایەتی كردووە.
هەروەها شۆڕشی 26 ی گوڵان تومارگەی چەندین شەڕ و داستان و قارەمانێتییە كە بۆ دۆست و دوژمنانیان سەلماند ” ئەگەر لە قۆناغێكدا، خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ئازادی.. مسعود بارزانی”. زۆرن ئەو داستان و قارەمانێتیانەی كە شۆڕش 26ی گۆڵان تۆماری كردوون، وەكو داستانی دێرەلوك ، كانی ماسێ ، مانگێشك ، مێرگەسور ، خواكورك و چەندین داستانی دیكە كە تێیدا چەندین پێشمەرگە گیانی خۆیان كردە قوربانی ئازادی و سەرفەرازی كورد و كوردستان.
بەم شێوەیە بێگومان شۆڕشی گوڵان درێژەپێدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوو بووە و هیچ دابڕانێك لە شۆڕش و خەباتی پێشمەرگەكانی شۆڕشی 11ئەیلوول دروست نەبوو هەروەك دوژمنان و ناحەزانی پارتی و بارزانی بۆ مەرام و بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی خۆیان باوبالووری ناراست و چەواشەكاری جۆراوجۆر بەگوێی گەنجان و لاوانی گەلە ستەمدیدەكەماندا دەچرپێنن!! دەربارەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، گوایە شۆڕشی ئەیلوول هەرەسی هێناوە و شۆڕشی گوڵانیش زۆر درەنگ دەستی پێكردووە و ئەوان تاكە پاڵەوانی مەیدان بوون.
لەم رووەوە.. پارساڵ لەیادی شۆڕشی گوڵاندا، پێشمەرگەی ماندوونەناسی هەردوو شۆڕشی 11ی ئەیلوول و شۆڕشی 26ی گوڵان، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی پەیامێكی ئاراستەی سەرجەم پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان كرد و فەرمووی: “شۆڕشی گوڵان پەیامی خۆبەدەستەوەنەدانی گەلی كوردستان و هەستانەوەی شۆڕشی رزگاریخوازی بوو دژی ستەم و داگیركاری و دیكتاتۆری و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیشی بۆ لەناوبردنی شۆڕشی كورد لە گۆڕنا. ئەو شۆڕشە درێژەپێدەری شۆڕشەكانی پێشوو و قۆناغێكی گرنگ بوو لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان، شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان. ئەو شۆڕشە سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا، خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ئازادی. ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن، بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی تر”.
خوێنەری بەرێز… لە 6ـی ئاداری 1975 رێكەوتنی شووم و خیانەتكاری جەزائیر1976 لەسەر شۆڕش و میللەتی كورد ئەنجامدرا، كە لەهەمانكاتدا رێككەوتنی خۆچەماندن و فرۆشتن و بەدەستەوەدانی خاكی عێراق شەتول عەرەب و دەڤەرەكانی دیكە بوو كە رژێمی عێراق ڕادەستی ئیران كرد بەرامبەر دامركاندنی شۆڕشی پیرۆزی 11ئەیلوول. ئینجا پاش شەڕ و بەرگری نابەرابەری پێشمەرگە بەرامبەر سوپای رژێمی عێراق، بۆ چەند مانگێك 4مانگ و گەلەكۆمی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەسەر شۆڕش و میللەتی كورد، كە بووە ئەگەری ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول لە رووی پاڵپشتی لۆجستی و چەك و تەقەمەنی گەمارۆدرا، ئەمەش بووە ئەگەری ئەوەی كە ئیدارەدانی خەڵك و جەماوەر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش و بەرگری نابەرابەر لە سەنگەر و بەرەكانێ شەردا ئەستەم بێت، بۆیە بۆ دەمێكی كورت هەر ئەوەندەی تاكو شۆڕش خۆی رێكخستەوە، دۆخی رێكخستن و چالاكی سەربازی شۆڕشی ئەیلوول ئاڵۆز و شڵەژا، بەڵام هەرزوو وەكو لەسەرەتا باسمانكرد مەلامستەفا بارزانی بڕیاری خۆرێك خستنەوە و دەسپێكردنی قۆناغێكی دیكەی شۆڕشدا و هەردوو سەركردەی شۆڕشی ئەیلوول ئیدریس بارزانی و مسعود بارزانی ڕاسپارد كە دەستبەجێ بەردەوامی بدەنەوە بە شۆڕش و بەرخودان. بێگومان كۆبوونەوەكەی 3ـی ئاداری1976 لە بادینان و سۆران و گەرمیان لەسەرەوە باسمان كرد گەواهی بەردەوامی شۆڕشی ئەیلوولن لە سەرتاسەری باشوری كوردستان. ئینجا.
پەیتا پەیتا مەفرەزە رێكخراوەكانی شۆڕش شۆڕشی گوڵان روویان كردە ئەودەڤەرانەی كە مەفرەزەكانی شۆڕشی ئەیلوول تیدا مابوونەوە و چالاكییان هەبوو. بەم شێوەیە شۆڕشی گوڵان لە ژیلەمۆی گڕ و بوركانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەری هەڵدایەوە و دووبارە كوڕانی پارتی و بارزانی لە شار و شارۆچكە و دێهاتەكان لەنێو رێكخستەكانی پارتی و پێشمەرگایەتی رێكخرانەوە و دەستكرایەوە بە شۆڕش و چالاك دژی داگیركەری كوردستان. شایانی باسە بەرگری میلیی كە پێكهاتە یاخود رێكخراوێكی میللی جەماوەری بوو، بریتی بوون لە ماڵ و منداڵ و خێزانی جوتیارانی ناوچە ئازاد كراوەكان و ئافرەتانی كورد دایك و خوشك و هاوسەری پێشمەرگەبوون، بەراستی ئەمانە بەرگری میللیی رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان هەبوو لە پاڵپشتی كردن و خزمەتكردنی شۆڕشی گوڵان و پێشمەرگە لە ناوچە ئازادكراوەكاندا. لەرووی دابینكردن و گەیاندنی خواردن بۆ بەرەكانی جەنگ و خزمەتكردن و چارەسەر كردنی برینداران و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە و پشوودان و خەوتنی پێشمەرگە و بەشداری كردنی شەڕەكان لەكاتی پێویستدا…هتد، ئەم ئەركانە دەكەوتنە سەر شانی بەرگری میللیی لە ناوچە ئازادكراوەكاندا ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی شۆرشدابوون بەتایبەت كاتێك پێشمەرگە لە شوێنێكەوە دەچوونە شوێنێكی دیكە بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەرك و فەرمانەكانی سەركردایەتی شۆڕشی گوڵان. هەروەها گەیاندنی هەواڵ و هواڵگری جموجۆڵی دوژمن و چاودێری كردنی شەقام و رێگاوبانی پیادەی نێو شاخ و گوند و شارۆچكەكان ئەركی ئەندامانی هێزی بەرگری میللی بوو. واتا ئەم چینە بەرگری میللی دەتوانین بڵێین رێكخراو و هێز و پاڵپشتێكی دیكەبوو بۆ شۆڕش گوڵان، كەنابێ هەرگیز رۆڵیان لەیاد بكرێت.
لەلایەكی دیكەوە رێكخستنە نهێنییەكانی ناوشار رۆڵێكی ئێجگار بەرچاویان هەبوو لە جێبەجێكردنی كردنی ئەرك و فەرمانی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی گوڵان لە نێو شار و شارۆچەكەكانی كوردستاندا. هەروەها بڵاو كردنەوەی بەیاننامە و چاپەمەنی و بڵاو كراوەكانی بارتی بەتایبەت رۆژنامەی خەبات و مەتین و نوسینی دروشمی پارتایەتی و رێكخستن و هاندانی خەڵكی كوردستان و بەشداریكردنی خۆپێشاندان و دەربڕینی نارەزایی بەرامبەر رژێمی بەعسی فاشی و كۆكردنەوەی زانیاری سەربازی و ئەمنی رژێمی بەعس و ناردنی زانیارییەكان بۆ ناو شۆرش و ناوچە و لقەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمانە بەشێك بوون لە چالاكییەكانی ئەندامانی رێكخستنە نهێنییەكانی ناوشار. بەشانازییەوە بەندەش نووسەر لە لایەنی لقی یەك / لێژنەی ناوچەی ئامێدی لە 1/5/1981 شەرەفی ئەندامێتیم پێبەخشرا لە رێخستنی نهێنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رێكخراوەكەمان بەناوی قەڵادزێ بوو و سنوری چالاكیمان تەواوی سنووری لقی یەك بوو، هەروەها هەولێر، بەتایبەت لە نێو زانكۆی سەڵاحەدین، چونكە بەرپرسی رێكخراومان خالد عەبدوڵڵا تۆڤی ئەوكات قوتابی زانكۆی سەڵاحەدین بوو و منیش قوتابی قۆناغی ناوەندی زۆزان و دواتر ئامادەیی كوردستان بووم لە هەولێر.
لە 43هەمین ساڵیادی شۆڕشی 26ی گوڵان، سڵاو لە گیانی پاكی رابەری كورد مەلامستەفای بارزانی و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو، سڵاو لە خەبات و ماندوونەناسی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، سڵاو لە گیانی شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی رێبازی بارزانی.









