خهبات: رەمزی میرەكانی
چاڤی هێرناندێز، ئەفسانەی پێشووی یانەی بەرشلۆنە، پاساوی بۆ نەبردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لەلایەن یانەی بەرشلۆنە، لە ساڵانی دوایی هێنایەوە، بۆ ئەمەش یەك هۆكاری دیاری كرد. چاڤی لە لێدوانەكەیدا، كە رۆژنامەی ماركا بڵاوی كردووەتەوە وتی:”وابزانم دەبێت بەرشلۆنە دووبارە بگەڕێتەوە سەر شێوازی كۆنترۆڵكردنی تۆپ، ئەگەر نا مەحاڵ دەبێت، بتوانێت جارێكی دیكە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەدەست بێنێت”. هەروەها وتی:”مێژوو پێمان دەڵێت، كە بەرشلۆنەخولی یانە پاڵەوانەكان بەدەست دێنێت، براوەی لیگا دەبێت و كۆنترۆڵی یارییەكانیش دەكات، بەڵام ئێستا نابینم ئەوە بكات”.
چاڤی لەبارەی بوونە راهێنەری بەرشا وتی:”ئێستا خۆم بە راهێنەری یانەكە نابینم، ناتوانم لەو پۆستەوە دەست بە كاروانی راهێنەرایەتیم بكەم، چونكە ئەوە شتێكی سروشتی نییە”.وتیشی:”دەبێت خۆم وەكو راهێنەر بسەلمێنم و لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بكەم، بۆیە گەڕانەوە بۆ بەرشلۆنە، یان بوون بە راهێنەری تیپەكە لە لیگا، هێشتا زووە”. چاڤی ئەوەشی وت:”بەدڵنیاییەوە بوون بە راهێنەری بەرشلۆنە ئامانجی منە، بەڵام دەبێت زۆر ئامادە بم، ئەوەش هێشتا كاتی نەهاتووە”. چاڤی لە بارەی كاروانی خۆی وەكو یاریزان وتی:”وەكو چیرۆكێكی خەیاڵی وا بوو، ئەوەی لەسەر ئاستی تاكەكەسی و تۆپانێ بەدەستمهێنا، بەدەستهێنانی ئەو هەموو نازناو و ئەزموونە، ئەو چێژەی لەسەر یاریگە وەرم گرت و،هەستكردن بە گرنگیم لە بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لەنێو وردەكارییەكانی ئەو چیرۆكە دایە”.









