خهبات: هاوار مورتكەیی
بیلۆسلاڤا لیودمیلۆڤا كراستیڤا ئەو كچە شەترەنجزانەی وڵاتی بولگاریایە خاوەنی باشترین دەسكەوت تا ئێستا لە ژیانی شەترەنجی كە توانی پلەی سییەم لەسەر ئاستی پالەوانێتی شەترەنجی ئەورووپا بەدەست بهینێت، ئەوەش بۆ خوودی راهێنەرەكانی دەگەڕێتەوە كە هەردووكیان خاوەن بڕوانامەی گراند ماستەرن، بیلۆسلاڤا لە دیمانەیەكی لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە شەترەنج تاكە رێگا بووە بۆ ئەوەی خۆی دەربخات.
هاتووم خۆم بسەلمێنم
كراستیڤا لە 3/5/2004 لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا لە دایك بووە و ئێستا قوتاپی پۆلی هەشتە و لەبارەی خۆشەویستی بۆ شەترەنجەوە دەڵێت: ئەگەرچی هیچ لە ئەندامانی خێزانەكەمان شەترەنج نازانن و تەنانەت باوكم نازانیت چۆن داشەكانیش بجولێنی، بەس ئەو بۆ من پشتیوانییەكی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەزم چووە سەر یاریی شەترەنج و خولیای بووم، بۆ ئەوەش شەترەنجم هەڵبژارد تا بتوانم بیسەلمێنم كە من كێم لە سەر بۆردی شەترەنج، لەرێگای شەترەنجەوە ویستوومە هیزی خۆم و سیفاتەكانی خۆم بەدەربخەم، لەمەشدا تا ئێستا سەركەوتوو بوویمە، بەڵام بەو مانایە نا كە ئەوەی ویستبێتم بەدەستم هێنابێ.
تەمەنم8 ساڵ بوو
بیلۆسلاڤا كراستیڤای Beloslava Lyudmilova Krasteva كچە لاوی بولگاری لەبارەی خەون و باشjرین دەسكەوتی وەرزشی گوتی: لەگەڵ یاری شەترەنج زۆر ئاسوودەم و هیچ كاتێك لیی بێزار نەبوویمە و هەمیشە وەك بەشێكی ژیانی خۆم سەیرم كردووە، من لەتەمەنێكی زۆر زووەوە خۆم فێری شەترەنج كرد بێ ئەوەی كەس رێگاكەم بۆ هەڵبژێرێت، بەشداری زۆرێك لە پاڵەوانێتییەكانم كردووە بەڵام دیارترینیان پاڵەوانێتی شەترەنجی ئەورووپای 2012 بوو كە ئەوكات تەمەنم 8 ساڵ بوو، خۆشبەختانە لەیەكەم بەشداری كردنی پاڵەوانێتییەكی لەم شێوەیە توانیم پلەی سییەم لەسەر ئاستی ئەورووپا بەدەست بهێنم، ئەمە نەوەك هەر بەختەوەری كردم بەڵكو ئەركی قورستر كردم كە زیاتر بایەخ بەخۆم بدەم و راهێنانەكان چڕتر بكەمەوە.
تواناكانی پێشخستووم
لە كۆتاییدا بیلۆسلاڤا لیودمیلۆڤا كراستیڤا كچە تەمەن 15 ساڵییەكەی بولگاریا باسی لە خەون و گرنگیی شەترەنج كردو گوتی: شەترەنج فیری بردنەوە و دۆڕانی كردووم، تواناكانی پێشخستووم، سەرنجی بۆ سەرلایەنەكانی ژیان قوولتر كردووە، سوود لە شیكردنەوەكانی فێركردووم، لەهەمووی گرنگتر شەترەنج زۆرێك لە هاوڕێی پێ ناساندووم، ئاشنای كردووم بە كلتوری گەلانی دونیا، شەترەنج باشترین هۆكار بووە بۆ خۆدەرخستن، هەوڵ دەدەم و بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی ئاستم زیاتر بەرزبكەمەوە و ببمە یاریزانیكی پیشەگەر، خەونی گەورەشم ئەوەیە نازناوی پاڵەوانی شەترەنجی جیهان بۆ ئافرەتان بەدەستبهێنم، ئەمانەش هەمووی بە هەوڵ و راهێنانی بەردەوام و بڕوا بەخۆبوونەوە دێنەدی، لەگەڵ ئەمەش دەمەوێ سوپاسی هەردوو گراند ماستەر ڤلادیمێر دیمیترۆڤ و دیان بۆجكۆڤ بكەم GM Vladimir Dimitrov and GM Dejan Bojkov كە وەك راهێنەر و مامۆستا پشتیوانم بووینە و منیان گەیاندۆتە ئێرە.









