لە سوپاسنامەیەکدا، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی پاڵپشتییان کردووە و جەخت لە هەڵوێستی ئەرێنیی خۆی بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان دەکاتەوە.
مونا قەهوەچی بە شانازییەوە باسی ئەندامبوونی خۆی لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات و رایگەیاندووە، کە پاڵپشتیی پرۆژەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی کرد دەیزانی ”رووبەڕووی کێشە“ دەبێتەوە و لەوکاتەوە تا ئێستا گەشتی تورکیای لێ قەدەغە کراوە.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەسەر پشکی پێکهاتەی تورکمان ئەو پۆستەی وەرگرتووە و لەبارەی دەنگۆی ئەوەی تورکمانەکان بە نوێنەری خۆی نازانن، کە ماڵپەڕەکە باسی دەکات، رایگەیاندووە، ”لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە تورکمانەکان پەیوەندییەکی باشمان ھەیە و وەک نوێنەری راستەقینەی پێکھاتەی تورکمان لەم پۆستەی ئێستاماندا بەردەوامین“.









