خهبات: ساسان دەروێش - دهۆك
لە دوای چەندین ساڵ دابڕان لە شاری دهۆكی ڕەنگین ، كە چەند ساڵێك لە شەڕی نێوخۆ ئاوارەی ئەو شارەبووم و لە ئامێزی گەرمی خۆیان گرتم ، لەوكات و ساتەدا تێكەڵ بەكاری ڕۆشنبیری و هونەری وسیاسییان بووم زۆر كەسایەتی بەرێزم تێدا ناسی وبوونە دۆست وهاوڕێی دڵسۆز ، ئەمڕۆش لە گەشتێكم بۆ كوردستان و سەردانیكردنم بۆ ئەم شارە دڵگیرە و گەڕان لە نێو شەقام و گەڕەكەكانی شار و بەر فراوان كردن وپڕلە ئاوەدانی جیاوازیەكی گەورەم بەدی كرد ، ئەوەی كە زۆر خۆشحاڵی كردم و سەرسام بووم بەدیداریان كۆمەڵێك لاوی تازەپێگەیشتووبوو لە تەلارێكدا خەریكی كاری هونەری بوون لە نێوەندیاندا خۆبەخشانە مامۆستایەكی هێمن و لەسەرخۆ بەناوی عەبدولستار محەمەد لەگەڵیان ئەدوا و فێری وانەی میوزیكی دەكردن، بۆ بەرزنرخاندنی كار و بەرهەمەكانی ئەم هونەرمەندە و باسكردن لە ژیانی ئەم دیمانەیەم بۆ خەبات لەگەل سازكرد.
عەبدولستار محەمەد ناسراو بە ژێگر كزۆیی دانیشتووی شاری دهۆكی ڕەنگین ، ئەو گەنجەی كەڕۆحی لەگەڵ ژەنینی ئامێری عود تێكەڵبووە و 15 ساڵە ژەنیاری ئامێری عود و ساز و پیانۆیە و دڵی پڕپڕە لە هیواو گەیشتن بە ئامانجەكانی ، كە خۆی دەڵێ هەموو خەونم ئەوەبوو لە زانكۆیەكی هونەری بخوێنم وپلەی بەرزی میوزیك بەدەستبهێنم، هەنگاوەكانم خێراتركردووە بۆ ئەوەی پێیبگەم و خزمەتی كوردستانی پێ بكەم ، ئەوەی جێگایی ستایش و ڕێزگرتنی ئەم هونەرمەندەیە شوێنێكی سنوری پارێزگایی دهۆك نەماوە كە ژێگر كاروچالاكی خۆبەخشی تیدا ئەنجام نەدابێت ، جا هەر لە بەشداریكردن لە بۆنە و چالاكیە هونەریەكان و تا فێركردنی ئامێری عود و ساز وپیانۆ بەوكەسانەی كە دەیانەوێ فێری ژەنینی ئەو ئامێرانەبن . كزۆیی لەم دیمانەیەدا بۆ خەبات ئاماژە بەوە دەكات ، كە هەر لە منداڵییەوە هیوای ئەوەبووە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێ بەهونەرمەندێكی پێش چاو وبتوانێت شوێن پەنجەكانی لەسەر هونەری كوردی بهێڵێت ، كە تەمەنی 12 ساڵان دەبێت خۆی فێری میوزیك دەكات بەتایبەتی ساز دواتر عود هەڵدەبژێرێت كە بەگونجاوی دەزانێ لەگەڵ خەونەكانی.
بۆ ئەم مەبەستەش بێجگە لە ژەنینی ئامێری عود و ساز و پیانو لە هەمان كاتدا شیعریش دەنووسێت و ئاوازیان بۆ دادەنێت ، هەندێك لە شیعرو ئاوازەكانیشی بە هەندێك لە گۆرانیبێژە تازە پێگەیشتووەكان داون و كراون بەگۆرانی ، ژێگركزۆیی زۆر سەرسامە بە هونەرمەندە ڕەسەنەكانی كورد وەك تەحسین تەها ، ئەردەوان زاخۆیی ، كاوێس ئاغا و سەعید ئاغا و شەماڵ سائیب و كەریم كابان و مشكۆ و محەمەد شێخۆ ومحەمەد عارف كە بەقسەی خۆی دەڵێت ئەم هونەرمەندە كوردانە زۆر كاریگەرییان لەسەری هەبووە بۆعاشق بوون بەمیوزیك و ئەو جیهانە بەرفراوانەی هونەر، ژێگر كزۆیی لە ئێستادا لە شاری دهۆكی گوڵە سوورەكەی بادینان وەك مامۆستای میوزیك خەریكی فێركردنی بەشێك لە خوێندكارەكانیەتی و لەسەر فێربوونی ئامێرەكانی عود و ساز و پیانۆ پەروەردەیان دەكات ، ئەوەی كە كزۆیی لە میوزیك ژەنەكانیتر جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە ئەم هونەرمەندە بەدوای ئەو گەنجە بەهرەدارانەدا دەگەڕێیت كە دەنگێكی باشیان هەیە وتوانای ماددیان زۆر لاوازە ئەوانە دەهێنێتە ناو دونیای هونەری و هاوكاریان دەكات تاكو خۆیان ڕێگا دروستەكە دەدۆزنەوە و لەسەرپێی خۆیان دەوەستن ولە ئایندەدا خزمەت بە گەل و نیشتیمانەكەیان بكەن. لە كۆتایشدا خۆی زۆر بەبەختەوەر زانی كە پەیامەكانی لە ڕۆژنامەی خەبات دەگەنە هەوادارانی هیوای ئەوەش خواست كە خەبات هەمیشە ماڵی هونەرمەندان بێت.









