خەبات: ڕۆشنا عەلی
كۆمپانیا و ڕێكخراوی ئیفورتی پڵەس لە ساڵی 2015دامەزراوە لە بوارەكانی بەرهەم هێنانی داتابەیس و ویبسایت و دیزاین، چاپ، دیاری و ڕیكلام كاردەكا ئیفۆرتی جگەلەكاری بازرگانی فێرگەیەكی ئەكادیمیشە چەندین خولی ئەكادیمیان هەیە لەبوارەكانی خوێندنی تاقی كردنەوەی نێودەوڵەتی دكتۆرا ماستەر كومپیوتەر ، زمان تەلارسازی.سەرچاوە مرۆییەكان ئەندازیار كێوان حەسەن بەڕێوەبەری ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەدا كە لەڕێكخراوەكەی ئەوان تا ئێستا 1500 كەس خولیان بینیوە بەبێ بەرامبەر و ئاماژی بەوەش دا كە ئەوان تەنها هاوكاری لەو دوكانی كۆمبیوتەرانە وەردەگرن كە ئامادەیی هاوكارییان هەیەو پێداویستی چاككردنەوەی ئەو كۆمبیوتەرانە لە ئەستۆ دەگرن ، لاپەڕەی پەروەردە دەربارەی كارەكانییان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەندازیار كێوان حەسەن بەڕێوەبەری ڕێكخراوەكە ئەنجامدا.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا ڕێكخراوەكەی ئەوان تەنها كار لەسەر چاككردنەوەی كۆمپیوتەری ناوەندە پەروەردەییەكان دەكات یان هەر شوێنێك پێویستی بەوان بێت كاری بۆ دەكەن ؟ لەمبارەیەوە ئەندازیار كێوان حەسەن ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان هەر شوێنێك پێویستی بە كاری ئەوان بێت ئامادەن هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان پڕۆژەیەكییان هەبووە ، بەڵام قبوڵ نەكراوە لەمبارەیەوە وتی: ئێمە پڕۆژەیەكمان هەبوو پێشنیارمان كرد كە هەردەزگایەكی حكومی كۆمپیوتەریان خراپ بێت بۆ نموونە لەهەر بەڕێوەبەرایەتییەك خراپ بێت ئێمە چاكی دەكەینەوە یان كۆمپیوتەری تریان لێ دروست بكەین بەمەرجێك تەنها شوێن و هۆكاری گواستنەوەمان بۆدابین بكەن بەڵام بەداخەوە پڕۆژەكەمان قبوڵ نەكرا ، پێشنیاریشمانكرد ئەو كۆمپیوتەرانەی چاكی دەكەینەوە دەیبەین بۆ قوتابخانەی گوندەكان و مامۆستای خۆبەخشییان بۆ دابین دەكەین كە وانە بە منداڵانی گوندەكان بڵێنەوە، بەڵام قبوڵ نەكرا.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا كێن كە بەشداری خولە كانی ئەوان دەكەن ؟ ئەندازیار كێوان وتی: كەسانی ئاسایی دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان، قوتابی زانكۆو پەیمانگا فەرمانبەرانی وەزارەتەكان هەموو كەسێك خولەكانیشمان ئەكادیمییە لەماوەی خولەكان تاقیكردنەوە ئەنجامدەدرێت و دواتریش بۆچوونی قوتابیان دەربارەی خولەكان وەردەگرین ، هەروەها خولی ئۆنڵاینمان هەیە بێ بەرامبەر بۆئەوەی هەمووكوردستان سودمان لێببێنێت ، جگە لەوەش تیمێكی خۆبەخشمان هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری لەسەر تەكنەلۆژیا لەزانكۆو پەیمانگاكان سمینار بۆ قوتابیان دەكەن وە تیمەكەشمان هەموو پلەیەكی تێدایە هەر لە دكتۆراو ماستەر و بەكالۆریۆس.
پڕۆژەیەكمان هەیە كە داوامان لە زۆر كۆمپانیاو دامەزراوە كردووە سپۆنسەرمان بكەن، بەمەرجێك یەكەم و دووەم و سێیەمی خولەكان دابمەزرێنن یان داشكاندنییان بۆبكەن لەبەشێكی ئەو خولانەشدا قوتابییان فێری كارو پڕۆژەی ئۆنلاین دەكەین كە چۆن قوتابی بتوانێت سوود لە تەكنەلۆژیا وەربگرێت بۆ ژیانی خۆی لە جیاتی ئەوەی كاتی خۆی بۆ پۆپجی و یاری و كۆمێنتی نەشیاو تەرخان بكات سوود لە لایەنە باشەكانی وەربگرێت و پڕۆژەیەكی هەبێت ، بەڵام تا ئێستا سپۆنسەرێكی زۆرمان نەبووە هەرچەندە سورین لەسەر پڕۆژەكە و ئەنجامدانی. دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئامانجی سەرەكی لە پشت پڕۆژەكانتانەوە چییە ؟ ئەو ئەندازیارە وتی: من وەك گەنجێك هەمیشە باوەڕم بەو قسەیە هەیە كە دەڵێت ئەگەر لە ژیانا شتێكت زیاد نەكرد مانای وایە خۆت زیادی نزیكەی هەشت ساڵە كاری خۆبەخشی دەكەم لە پاڵ كاری خۆبەخشی كۆمپانیایەكیشم دامەزراند بۆ ئەوەی ئەو فەراغە مادییەمان بۆ پڕ بكاتەوە كاری خۆبەشییەكە زیاتر پەرە پێدەدات ئامانجمان ئەوەیە خزمەت بكەین دەبینین كۆمەڵێك گەنج هەیە زیرەكن بە ئەزموونن ، بەڵام كەس پاڵپشتییان نییە ئێمە پێمان خۆشە هاوكار بین بۆ ئەو كەسانە ، كۆمپانیای ئیفورتی هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە نیشانەیەكی ناسراو لە خزمەتگوزاریی دیار و بەرجەستەدا، نەك تەنها لە بواری داتابەیس و وێب سایتدا و ڕێكلام ، بەڵكو لە گشت لایەنەكانی تری كوالیتی كارەكانمان دا. ئێمە شانازی بە خۆمان دەكەین لە بەدیهێنانی ئاكامی هەموو ئەو كارانەی دەستمان پێكردون و لە هەوڵەكانیشمان بەردەوامین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی سەركەوتووانە لە گشت بوارەكانی كاركردنماندا.
كۆمپانیاو ڕێكخراوی ئیفۆڕتی پڵەس بە دروشمی “ڕێگای هەزاران میل بە هەنگاوێكەوە دەست پێدەكات “دەستییان بە چالاكییەكانییان كردووە وەك خۆیان ئاماژەی پێدەدەن چەند چالاكییەكیان لەماوەی كاركردنییاندا ئەنجامداوە لەوانە دامەزراندنی ئۆفیسی فەرمی كۆمپانیایی ئیفۆرتی دامەزراندنی ڕێكخراوی ئیفۆرتی پڵەس ،دامەزراندنی تیمی ئەكادیمی داتابەیس ، دامەزراندنی تیمی ئەكادیمی بەرهەم هێنانی وێب و دامەزراندنی تۆری خۆبەخشی بواری تەكنەلۆژی گەنج ، دامەزراندنی تیمی ئەكادیمی سۆشیاڵ میدیا یەكەمین ئیڤێنتی تەكنەلۆژی ئیفۆرت سپۆنسەری كۆمەلێك ئیڤێنتی گەنج ، پێشكەش كردنی 250 سیمناری زانستی لەسەرئاستی زانكۆو پەیمانگان بەشێوەی خۆبەخش ، وتنەوەی 96 خولی ئەكادیمی بێ بەرامبەر بۆمامۆستایان زانكۆ و بەرپرسی ئیداری و قوتابیان ، بەشداری كردن لە 300 خول وسیمنار و ئیڤێنت و كۆرو كۆبونەوەی زانستی ، بڵاوكردنەوەی 15000 بابەتی زانستی و تەكنەلۆژی بەهاوبەشی تیمی ئیفۆرتی لەلاپەرەو ماڵپەری ئیفۆرتی، پەیوەندی بەستن لەگەڵ 115 كۆمپانیا و ڕێخراوی ناوخۆو كۆمپانیا و ڕێكخراوی جیهانی.










