كورتە فیلمی فڕینی بەرد لە سیناریۆ و دەرهێنانی سینەماكاری گەنج هەردی حەسەن، لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا، لە فێستیڤاڵی هاوینە بۆ كورتە فیلم – summershort festival لە شاری مونخ بەشداری دەكات، كە فێستیڤاڵەكە لە ڕۆژانی 30 و 31/8/2019 بە بەشداری بەرهەمی سینەمایی گەنجانی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا لە چەندین بەشی جیاواز بەڕێوەدەچێت.
كورتە فیلمی فرینی بەرد لە دواین بەشداری خۆیدا لە فێستیڤاڵی دوبەی لە بەشی فیلم ماركێت سینەتیك ساڵی 2017 بەشداری كردووە، پێشتریش بۆتە براوەی یەكەمی بەشی كورتە فیلمی خەڵاتەكانی ڕوانگە لە ساڵی 2017 هەروەها لە سێیەمین دیداری نێودەوڵەتی سینەمای دژە تیرۆر لە ساڵی 2018 خەڵاتی باشترین دەرهێنانـی وەرگرتووە.
لەم بارەیەوە دەرهێنەری فیلمەكە هەردی حەسەن بە میدیاكانی ڕاگەیاند: كورتە فیلمی فڕینی بەرد كە دووەم كورتە فیلمی منە، لە درێژەی بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكان، بەشداری لە فێستیڤاڵی هاوینە بۆ كورتە فیلم دەكات لە شاری مونخ، وابڕیاریشە فێسیڤاڵە لە ڕۆژانی 30 و 31/8/2019 بەڕێوەبچێت.
گوتیشی: ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەین كە فیلمەكانمان دروست بكەین بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكانی جیهان، بە ئامانجی ئەوەی كە دەست لەسەر بابەتێك دا بنێین و بیگەینین بە كۆمەڵگاكانی دیكە، كە ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی سینەمای كوردی بە هەموو شێوازێك بناسینێن و بە هەموو جیهانی بڵێین ئێمە وەكو كورد هەین، بەڵام ئەركە لە سەر كورد پاڵپشتی هونەری سینەما بكات، بۆ ئەوەی هەموو ئامانجە سیاسی و ئابوورییەكانمان بپێكین بە ڕێگای سینەما.
ئاماژەی بەوەشدا: لە سینەمادا پێشتر كۆمەڵێك سینەما كاری باش و خراپ ئەزموونی سینەمای كوردیان كرد، ئەوانەی كە سەركەوتن، سەركەوتن، ئەوانەی كە نەشیانتوانی هیچ هەنگاوێك بۆ سینمای كوردی ببەنە پێش با ڕێگا لە گەنجەكانیش نەگرن..!
لە كۆتاییدا گوتی: یەكمجار بە هیوای كوردستانێكی ئاوەدانتر، بەڵام بۆ كوردستانێكی جوانتر، كەلتوور لە پێش هەموو شتێكە، بۆیە با ڕێگا بە گەنج بدرێ لە چەند ساڵی ئایندە دا، گەنج با كار لەسەر كەلتووری كوردستان بكات، بە هەموو ڕێگا هونەریەكان، بەهیوام ئەوانەی بەرپرسیاریەتی كەلتووری دەگرنە ئەستۆ كەسانی شیاوبن !.
لە ناوەڕۆكی فیلمەكەدا هاتووە: مامۆستا كچێكی شارییە، لە لادێیەك وانە دەڵێتەوە، لەو لادێیە لە پەیوەندیی خوشەویستی دایە، لەگەڵ شێرۆی كوڕی لادێكە، لە نێوان كوڕی ئاغای لادێكە و شێرۆ و مرۆڤایەتی دەبێت دانەیەك هەڵبژێرێ..
فیلمەكە بە پاڵەوانیەتیی محەمەد شێروانی و كاردینا هێمن و سیروان گلییە، لەگەڵ بەشداری هەریەك لە ئەكتەران شاخەوان مستەفا و ئەحمەد مەحمود و مازی چین عەزیز، جگە لەمە چەندین كۆمبارس تێیدا بەشدارن كە ژمارەیان نزیكەی 50 كەسە.
شایەنی ئاماژە پێدانە: ستافی فیلمەكە پێك هاتوون لە: بەڕێوەبەری وێنەگرتن سۆران ئیبراهیم، دەنگهەڵگر سەنگەر حەسەن، ڕۆناكی هاموون ڕەفیق، فۆكس مان ڕێكەوت خالید، بەرنامەڕێژ ڕزگار قسریان، دیزاینەر ڕۆژیار تەهمورسنیا، كاری مێك ئاپ هێلین حەسەن، كلاكیت ڕێزە محەمەد، بەڕێوەبەری بەرهەم خالید مەولوود، فۆتۆگراف شەهاب سەعید، ژێرنووس بۆ ئینگلیزی سەردار محەمەد، كاری مۆنتاژ و دەنگ و ڕەنگ سامی سەباح، بەرهەمهێنەر هەردی حەسەن و محەمەد شێروانی لە ئەستۆیان گرتووە.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: سینەماكاری گەنج هەردی حەسەن، پێشتریش كاری دەرهێنانی بۆ كورتە فیلمێك كردووە بە ناوی +18 كە لەچەند فێستیڤاڵێكی ناوخۆ و دەورەوە بەشداری كردووە و خەڵاتێكیشی بەو فیلمە لە یەكەمین فێستیڤاڵی ڕوانگە وەرگرتووە.









