خهبات: ڕۆشنا عەلی
ئەزموونی مامۆستایەك گۆشەیەكی هەفتانەی لاپەڕەی پەروەردەو خوێندنە ئەو مامۆستایانە بەسەردەكاتەوە كە تەمەنییان بۆ خزمەتی پیشەیی مامۆستایی و پەروەردە تەرخانكردووەو لەسەردەمێكدا خزمەتییان بە قوتابیان و منداڵانی كوردستان كردووە ، ئەزموونی ئەم هەفتەیە ئەزموونی مامۆستا مژدە هاشم ە كە لە ساڵی 1982 مامۆستایەو لە ساڵی 2005 ەوە سەرپەرشتیاری پەروەردەییە لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر تا ئێستا بەردەوامە ، مامۆستا مژدە ئاماژە بەوەدەدات كە بۆ باشكردنی ڕەوشی پەروەردە سیستەمی دامەزراندنی مامۆستا، پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت بە چەندین مەرج و پێوەر دابمەزری لە بناغەوە دەست پێبكات و پێشی وایە دەبێت سوود لە وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگیرێت بەمەرجێك بگونجێت لەگەڵ بارودۆخ و ژینگەی كوردستان.
دەربارەی یەكەم دەسپێكی بوون بە مامۆستاو هاتنە ناو ڕەوشی پەروەردەو خوێندن ئەو سەرپەرشتیارە وتی “لە ساڵی 1960 لەدایكبووم لەساڵی 1982 وەك مامۆستا دەست بەكاربووم لەبەرواری دامەزراندن تاكو ساڵی 1995 مامۆستا بووم ، لە سالی 1995 بووم بە بەرێوەبەری قوتابخانە ، لەساڵی 2005 تاكو ئێستا سەرپەرشتیاری پەروەردەییم.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا كام لە كارانەی كردووتانە چ وەك مامۆستا چ وەك بەڕێوەبەر چ وەك سەرپەرشتیار ڕۆچوونە لەناو پەروەردە مامۆستا مژدە ئاماژەی بەوەدا كە هەریەكەیان ئەركی تایبەتی خۆی هەیە ئەو وتی “هەریەكە ئەركی تایبەتی خۆی هەیە ، مامۆستایەتی سەرەتای كاری پەروەردەییە تایبەتە بەگەیاندنی زانیاری لەپسپۆری خۆی بە قوتابیان بە شێوەیەكی كاراو دروست وەك فێركردن، وە پەروەردەكردنی چەندین نەوە ، بەرێوەبەر، بەرپرسە لە بەرێوەبردن وپێشخستنی ناوەندێكی خوێندن بە شێوەیەكی پەروەردەییانەو دیموكراسیانە بە هاوكاری دەستەی كارگێری و مامۆستایان ، ئەمەش لە ئەنجامی چەندین ساڵ لە ئەزموونی مامۆستایەتی تێی دەگات، هەروەها سەرپەرشتیار، وەك هاورێیەكی رەخنەگر ، رێنماییەكارو هەڵسەنگێنەرە بۆ بەرەو پێشیردنی كوالێتی فێربوون بە هاوكاریكردن و پاڵپشتی كردنی ناوەندەكانی خوێندن كاردەكات بەسوودوەرگرتن لە ساڵانی خزمەتی خۆی لە بواری پەروەردە ، كەواتە هەریەكەیان پێویستی بە باشتركردن هەیە لەبەرئەوەی هەموو لە پێناو خزمەت كردنە بە قوتابیان بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی رۆشنبیرو ئاست زانستی و پەروەردەیی بەرز بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر، دەربارەی وەسفكردنی مامۆستا بە وشەیەك مامۆستا مژدە پێی وایە مامۆستا پەروەردەكارو بونیادنەری مرۆڤە.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا گرفتی گەورەی بەردەم كەرتی پەروەردە لەم سەردەمە لەچی دا دەبینی ؟ ئەو سەرپەرشتیارە ئاماژەی بەوەدا كەسیستەمی دامەزراندنی مامۆستا پێویستی بە پێداچوونەوەیە ئەو وتی ” سیستەمی دامەزراندنی مامۆستا، كە پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت بە چەندین مەرج و پێوەر دابمەزری ، وە بەرای من بەشێوەی گرێبەست بێت لە ژێر چاودێری ، نەبوونی خولی بەردەوام بۆ بەهێزكردنی تواناكان ، نەبونی پاداشت بۆ هاندانی كەسانی دڵسۆزو لێهانوو لە بواری پەروەردە ، جگە لەو گرفتانەی كە رووبەڕوی پەروەردە دەبێتەوە بەهۆی بارودۆخە لەناكاوەكان. دەربارەی ئەوەشی كە ئەگەر بمانەوێت سیستەمێكی پێشكەوتوو بۆ پەروەردە دابڕێژین دەبێت لەكوێوە دەست پێبكەین و پێویستمان بەچییە؟مامۆستا مژدە وتی ” بۆدارشتنی سیستەمی پێشكەوتوو بۆ پەروەردە پێویستە لەو شوێنە دەست پێبكەین كە پێوستمان پێ هەیە بە سوود وەرگرتن لە كەسانی خاوەن ئەزمونی خۆمالی ، كەبەداخەوە لەگەڵ خانەنشین بوونیان ئەزمونەكانیشیان فەرامۆش دەكرێ ، وە سوود وەرگرتن لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەمەرجێك بگونجێ لەگەڵ ژینگەی پەروەردەیی ئێمە ، وە پێشوەختە ئامادەكاری و زەمینەسازی بۆ بكرێت.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا پێشنیاری چ مامۆستایەك یان سەر پەرشتیارێكی خانە نشین دەكەیت كە ئەزموونی مامۆستایەك بەسەری بكاتەوە بێگومان كەسێك كە پێتان وابێت سوود لە ئەزموونی وەرگیراوە لە رابردوو بۆ ئایندەش سوود مەند دەبێت ، خۆشتان لێی سوود مەند بووبن ؟ مامۆستا مژدە پێشنیاری هەریەك لە مامۆستا خەسرەو عەبدولكەریمی كرد كە لاپەرەی پەروەردە پێشتر بەسەری كردۆتەوە و مامۆستا فوزی زەكی هەناری سەرپەرشتیاری خانەنشین.









