خهبات: حهمه ئهحمهد جاف
بە ئامانجی توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی خامەبەدەستان و شەیدایانی مەعریفە لە سایەی شکۆمەندیی کتێبدا ، پڕۆژەی چاپکردنی کتێب و داهێنانەکانیان ( بە تایبەتی بەرهەمە ئەدەبییەکان ) جگە لە بوارەکانی رۆشنبیری و هونەری و زانستیی مرۆیی لەلایەن بژاردەیەک لە خۆبەخشانی ئەم پڕۆژەیە کەبریتیبوون لە بەڕێزان: ئازا حەسیب قەرەداخی، نیازی حەمە عەزیز ، حەمە ئەحمەد جاف ، حەسەن ئەحمەد مستەفا، ، شێخ جەمال محەمەد ئەمین، حەمید قەڵادزەیی، ڕزگار شێخ عەلی ، خاتو بەهرە حەمە ڕەش ، مەحمود باوزی ،یەکەمین کۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆی لە کاتژمێر(4)ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 9ی ئایاری 2019لە بارەگای لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد ، دەستپێکردو گرووپی (واری کتێب) یان، بۆ چاپکردنی کتێب، بە تێکڕای دەنگ دامەزراند.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەیاندا دوای ئاڵوگۆڕی بیروڕا و تێبینی و سەرنج، گەیشتنە ئەم بڕیار و راسپاردە و رێنماییانەی خوارەوە:
یەکەم/ دەستەی راوێژکاریی ( واری کتێب ) لەم بەڕێزانە پێکهات کەلەسەرەوە ناویان هاتووە ، کە بە پێی ئەرکی دیاریکراویان خۆبەخشانە و بێلایەنانە ( واری کتێب) بەڕێوەدەبەن.
دووەم/ بۆ خەرجی چاپکردنی کتێب ( لە هەموو بوارەکان ) پشت دەبەسترێ بەو بڕە پارەیەی بە شێوەی کۆمەک و هاوکاری مانگانە کە لەلایەن ئەندامانی واری کتێبەوە دەبەخشرێت و بڕەکەشی لە 10 هەزار دینار کەمتر نەبێ و دەتوانرێ زیاتریش بدرێت ، لە بەرامبەردا پسووڵە ( وصل ) وەردەگیرێ.
سێیەم/ ئەو کتێبانەی (وار) چاپیان دەکات، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزاوە ( لەسەر بنەمای رەچاوکردنی کوالیتی بەرزی زانستییانە ) هەڵدەسەنگێندرێن و دواتر چاپدەکرێن.
چوارەم/ هەوڵدەدرێ مانگانە یان بەدوومانگ، جارێک کتێبێک چاپ بکرێ و ئەرک و ماندووبوونی کتێبیش نەکەوێتە سەر نووسەری کتێب.
ئامانج لە دروستبوونی ئەو گرووپە ، چاپکردنی کتێبە بۆ نووسەروقەڵەم بەدەستانی بەهەڵوێست و کەمدەرامەت لەسەر گیرفانی خۆیان، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا، کاری هەرەوەزی و پشتبەخۆبەستن و متمانە بەخۆبوونە و هیچی تر.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەئهمڕۆوە، ئەندامانی خۆبەخشی وار، دەتوانن کۆمەک و هاوکارییەکانیان لە ڕێگای لیژنە و نوێنەرەکانەوە ببەخشن.











