سورە مەرگەیی
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی ستەم لێكراو و چەوساوەكان. دەزانم بەختەوەرترین كەسی مێژوو تۆی، چونكە دادپەروەری و دیموكراتی راستەقینە، خۆشویستنی خاك و سەربەخۆیی و هەوڵی خۆشگوزەرانییە بۆ گەل. ڕابوون و بەرخودانی بەردەوام دژی ستەم و چەوسانەوەی سەر نەتەوە ژێر دەستەكەت، شۆڕشگێری و كوردایەتی و شەونخوونی لە خەسڵەتە بەرزەكانت بوون، بە درێژایی تەمەنت شەڕی زوڵم و ستەمت كرد، بەگژ نەهامەتیەكانی نەتەوەیەكدا چوویتەوە، زەمەنێكت خوڵقاند كە ئێستا ناحەزانیشت لە سێبەریدا حەساونەوە، رێبازێكت داهێنا لێواولێو لە راستگۆیی و حەقبێژی و خۆنەویستی، پڕ لە خۆشەویستیی خاك و نەتەوە، تەژی لە ڕابوون و بەرخودان، بۆیە دەزانم داگیركارانی كوردستان و وڵاتفرۆش و خائینانی كورد بەقەد خۆشەویستی من رقیان لە تۆیە، بەقەد پابەندبوونی منیش بۆ رێبازەكەت دژایەتییان كردووی و ئێستاش دژایەتی رێبازەكەت دەكەن.
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی. فێرت كردین ژێردەستەی كەس نەبین و كەسیش ژێردەستە نەكەین، پێتگوتین لەدوای هەموو تاریكاییەك ئاسۆیەك هەیە، راتهێناین هەستانەوەی دوای شكست بكەینە كلتووری بەرخودان، بەهێزی لەڕووی دوژمنان و خزمەتكاریی وڵات و نەتەوەت كردە پیشەی ئەوانەی بە ئومێدەوە بۆ ژیان و داهاتوو دەڕوانن، هەر بۆیەش رەتكردنەوەی ژیانی ژێردەستی و مردنی ئازادیت لای شوێنكەوتووانت كردە بڕیار، بۆیە داگیركارانی كوردستان هێشتا دەستبەرداری پیلانگێڕی نەبوون و رێبازەكەت بە دوژمنی سەرسەختی سیاسەتی داگیركاری خۆیان دەزانن.
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی ڕۆژە سەخت و شەوە ئەنگوستە چاوەكان. دەزانم بۆ سەركردە و پێشەوای چەوساوەترین نەتەوەی سەر رووی ئەم زەمینە بووی، هەر بۆیەش بە باڵای نەمریدا هەڵكشای و لەسەر لوتكەی سەروەرییەكانی مێژووەوە، وانەی رزگاری نیشتمانی و سەربەخۆیی نەتەوەییت بۆ داهاتوو دەوتەوە.
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی بەرەنگاری. بەقەد دڕندەیی دوژمنان بە ورە و خۆڕاگر بووی، ئەوەندەی رق و بوغزی ئەوان بەخشندە و لێبووردە بووی، لە نیشتمانێكی ون بوودا دەركەوتی و لەناو گەلێكی بەشمەینەتدا هەڵكەوتی، بۆ رابردوو هەڵەچنی مێژووت دەكرد، بۆ ئێستا سروودی (ئەی رەقیب)ت دەچڕی، بۆ داهاتوو چیرۆكی مەرگی زۆرداریت دەنووسییەوە، هیوات بەبەر بێهیوایاندا كردەوە و (كوردستان یان نەمان)ت كردە موژدەی هەستانێكی ئەبەدی، هەر بۆیەش نەتەوەیی بوون و كوردستانی بوونت كردە ناسنامەی شوێنكەوتووانت.
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی مرۆڤایەتی. دەزانم لای ئێمە و دوژمنان یەك مانات هەیە، لای ئێمە سەركردە و رابەری دەستەیەكی یاخی بوو لە ژێردەستەیی، هەر بۆیەش هەموومان یەك دەنگ لەگەڵت هەستاین، لای ئەوانیش سەركردە و رابەری دەستەیەكی راپەڕیو و یاخی لە مەرام و ئارەزووەكانیان، هەر بۆیەش هەموویان لە دژت وەستان، لەو كاتەوە هەستانی ئێمەو وەستانی ئەوان پیشەی شوێنكەوتووان و دوژمنانتە.
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی ئەرك ڕاپەڕێن..دەزانم لای تۆ ئەركی بێ ماف سەرەتای سەرهەڵدانی جیاوازی و گرفتەكان بوو، دەستپێكی هاتنە پێشی چەوسانەوە و كارەسات بوو، پێت وابوو مافی بێ ئەرك شێرپەنجەی سەركێشییە و سیاسەتی تاكڕەوی بە دوای خۆیدا دێنێ، ئارەزووە نەگریسەكان دێنێتە پێشێ و كۆمەڵگا بەسەر چینە جیاوازەكاندا دابەشدەكات، بۆ رەواندنەوەی ئەو ترسە بینای پێكەوەژیان و كاری هاوبەشت لەسەر هاوسەنگ راگرتنی ئەرك و مافەكان هەڵدەچنی و دادپەروەریشت دەكردە پێوەری نەهێشتنی جیاوازیەكان، هەر بۆیەش ئەرك و مافی لە پێشی شوێنكەوتووانت قوربانیدان و كوردستان پارێزی بووە.
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی هێز خوڵقێن. لە تۆوە زانیمان بڵێین: بەهێز ئەو كەسە نییە دوژمنی لاوازبێ، بەهێز ئەو كەسەیە خۆی لە رووی دوژمنانی خاوەن هێز بێ، سەركەوتوو ئەو كەسە نییە دوژمن بشكێنێ، سەركەوتوو ئەو كەسەیە رێز لە بەهاكانی سەركەوتن بگرێ، هێز و سەركەوتنی ئێمەش لە رێبازی نەمری تۆ دایە، ترس لە هێز و خۆشی لە شكستی دوژمندا نییە، ترس لەوە دایە پشت لە رێبازی پیرۆزت بكەین، چونكە ئەوكاتە نە هێزمان دەمێنێ و نە خۆشی لە شكستی دوژمن وەردەگرین.
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی ئومێد بەخش. دەیان ساڵ بەر لە ئێستا فەرمووتە: (دڵنیام كە سەردەكەوین، بەڵام ترسم لەوەدایە ئەوكات ئەوانەی ماندوو بوون و زەحمەتیان كێشاوە لە بیر بكرێن) بەڵێ فەرموودەكەت هاتەدی و سەركەوتین، بەڵام مەترسی لە فەرامۆش كردنی ئەو پەیامە نەمرەیە كە وەك ترسی دوای سەركەوتن پیشانت داین، ئەویش لە بیركردنی ئەوانەیە كە مێژووی سەركەوتنەكانی ئەمڕۆیان نووسیوەتەوە.
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی بەدیهێنەری خەونەكان. با چەواشەكاران هەر خەریكی رستنی هەودای چەواشەكاری بن، با لە پاشخانی گێڕانەوەی هەیمەنەی ناوچەگەرایی و چاوەڕوانی خۆزگەی ئایدۆلۆژیدا، تا شەكەت و هێز لێبڕاو دەبن و مژومۆرەی سیاسی بكەن، هەرچی بكەن و هەرچی بڵێن بەبا كردنی كای كۆنە و وەك ئاسنی سارد كوتانە، چونكە سەروەری و شانازییەكانی مێژوومان لە هەڵوێست و رابردووی تۆدا دەدۆزینەوە، بە گرتنەبەری رێبازی تۆش خواست و خەونی لەمێژینەی نەتەوەییمان بەدی دێنین،
جەنابی سەركردە و گەورە پیاوی مێژووی وەفاداری. بۆیاد كردنەوەت هیچ گوتنێك شك نابەم شایانی گەورەیی تۆ بێ، بۆ دەربڕینی وەفاداریم هیچ دیارییەك نابینم لێم وەربگری، جگە لەوەی پەیمان بدەم هەتا مردن شوێنكەوتووی رێبازت بم، هەتا مردن ئەو پەیامەی بۆت جێهێشتووین بە دەنگی بەرز بیڵێمەوە، بۆ نەیار و ناحەزانیشت لەوە شیاوتر نابینم كە پێیان بڵێم: “بارزانیی نەمر تیشكی خۆر بوو، ئێوەی كوێر لە رۆشنایی بێبەش بوون، ئاوازی رەسەنی كوردایەتی و چڕینی لاوكی نەتەوەیی بوو، ئێوەی كەڕ نەتاندەبیست، عەشق و خۆشەویستی بوو، ئێوەی ڵاڵ پێتان دەرنەدەبڕدرا، بانگی ئازادی و موژدەی پێكەوەژیان و كاری هاوبەش بوو، ئێوەی نەبیست و تاكڕەو رووتان لێوەرگێڕا،راچڵەكینی شۆڕگێڕی و رابوونی سەردەمێكی نوێی بەرخودان بوو، ئێوەی بیر ئیفلیج و گۆشەگیر بووی كوردایەتی پەیتان پێ نەبرد،بەرزی باڵا و لوتكەی چیا بوو، ئێوەی كورتەبنە و گردۆڵكەكان ئیرەییتان پێ برد.









