خهبات: شێرزاد هەورامی
كاتێك بەناو بازاری نیشتیمانی هەولێر پایتەخت گوزەرم دەكرد،چاوم بە وەستایەكی كۆنترۆڵ چاككەرەوە كەوت بەناوی عومەر فەخری رەواندوزی تەمەن چل و دوو ساڵان، كە لەناو دوكانێك بەناونیشانی چاكردنەوەی جۆرەها كۆنترۆلی سەحن و تەلەفزیون و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان. تایبەتمەندی وەستاكە لەوەدا بوو كە تەنها كۆنترۆڵی لەكار كەوتووی چاك نەدەكردەوە، بەڵكۆ خۆیشی كۆنترۆڵی دروست دەكرد، بەتایبەتی بۆ ئەو ئامێرە ئەلیكترۆنیانەی كە كۆنترۆڵیان دەست نەدەكەوت، ئەوكۆنترۆڵی جۆكەری بۆ دروست دەكردن و لە چاو ماندوو بوونەكەشی نرخێكی زۆر هەرزانی هەبوو. وەستای كۆنترۆڵ بۆ رۆژنامەی خەبات دەڵێ: دروستكردنی كۆنترۆلێك رۆژێكی پێویستە و كارو ماندووبوونی زۆری گەرەكە.
لە كاتی دروستكردنی هەركۆنترۆلێك دەبێ رەچاوی ژمارەی كۆنترۆلەكە بكەین. ناوبراو دەڵێ هەتا ئێستا دەیان كۆنترۆڵم دروست كردووە. عومەر فەخری رەواندوزی كە خەڵكی رەواندزەو نیشتەجێ شاری هەولێرەو ئەم كارەی بۆپەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆیەتی. ئەو دەلێ رۆژانە 15 هەزار بۆ 20 هەزار پەیدا دەكەم و جگە لە چاكردنەوەی كۆنترۆڵەكانیش هاوكات هەموو جۆرە كۆنترۆلێكیش دەفرۆشین و زۆر جاریش هاوڵاتیان ئەوانەی ئامێری ئەلیكترۆنی كۆنیان هەیە و كۆنترۆلیان لە بازار دەست ناكەوێ، خۆمان بە شێوازی نۆێ بۆی دروست دەكەین. هەر ئەم خاڵەش تایبەتمەندی ئێمە لەبازار لە وەستاكانی دیكە جیادەكاتەوە.









