خهبات: كاروان محەمەد سینۆ
زۆربوون ئەو ئافرەتانەی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا وەكو شێرە ژن، شان بە شانی پیاوان لە خەبات و تێكۆشان و بەرخۆداندا ڕۆڵی كارایان هەبووە لە بەگژداچوونی زوڵم و ستەمی داگیركەرانی رژێمی بەعسی فاشیست بەرامبەر نەتەوەی كورد و خەڵكی كوردستان بەگشتی. یەكێك لەو شێرە ژنانە كە ئەمڕۆ یادی 45ساڵەی لەسێدارەدانی دەكەین،ئەویش هەڤاڵی شەهید لەیلا قاسمە كە ئەندامێكی چالاك و چاونەترسی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كە لەپێناو بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد، بەوپەری دڵسۆزییەوە لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان خەباتگێر بوو. دوژمنی داگیركەر بەدڕندەترین شێوە و دوور لە پڕنسیپەكانی دیموكراتی و مرۆڤایەتی، هەڤاڵ لەیلا قاسم و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی دیكەی لە شاری بەغدا لەسێدارەدا.
شەهید لەیلا قاسم و هەڤاڵەكانی سەمبوڵی گیان فیدایی و نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی بوون لە شۆڕشی پیرۆزی ئەیلوولدا. لەپێناو ئازادی و سەرفرازی گەلی كورد و سەركەوتنی شۆڕشی ئەیلوول و سەرفرازی رێبازی بارزانی، لەیلا قاسم و هەڤاڵانی گیانی خۆیان بەخت كرد و بوونە قوربانی بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بە ئازادی بژین، شەهید لەیلا و هەڤاڵانی تاكو دوا هەناسە بەردەوام بوون لە ئەركی شۆڕشگێری و پارتایەتی خۆیان، دواجار لە 29/4/1974 لەیلا قاسم و هەڤاڵەكانی لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژیمی بەعس دەستگیر كران و لە 12/5/1974 لە بەغدا لە سێدارە دران.
پیرۆزبێت 45ەمین ساڵیادی شەهید لەیلاقاسم
لەیادی45ەمین ساڵەی شەهید بوونی لەیلا قاسم و هەڤاڵەكانیدا، سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو ئافرەتە قارەمانە و هەموو شەهیدانی ڕیگای ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان، شەهید لەیلا قاسم سەنبوڵی گیان فیدایی و بڕوابەخۆبوون و نیشتمانپەروەری ئافرەتی كوردە و جێگەی شانازی هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆیە تا كورد هەیە یادی شەهید لەیلا قاسم بەرز ڕادەگیرێت و شەهید لەیلا و هەڤاڵانی لەنێو ویژدانی گەلی كورد هەر بەزیندوویی دەمێننەوە. شەهید لەیلا سەمبوڵێكی بەرزی گەلی كوردە، شەهید لەیلا قاسم هێندە بەرزە و پیرۆزە تەنانەت لەكاتی مەرگیشد سەری جەلادەكانی خۆی لەژیر پێی خۆیدا بینی. رژێمی بەعسی و جەلادەكانی زۆر هەوڵیاندا كە شەهید لەیلا پەشیمان بێتەوە لەو خەباتەی كە كردوویەتی و هاوكاری دەزگاكانی بەعس بكات، بەڵام لەیلا قاسم كڕنۆشی بۆ دوژمن نەبرد و لێبوردن و بەخشینی دوژمنانی نەویست و بە دوژمنانی گووت: “من داوای لێبوردن تەنها لە میللەتی كورد دەكەم كە ژیان زیاتر لەوەی پێنەبەخشیم كە خزمەتی میللەتەكەم بكەم”.
ژیان و مەرگی شەهید لەیلا قاسم، خەبات و دیسیپلینی كادیرێكی جەربەزە و خۆنەویست و گیانفیدایە و وانەیەكی فێربوونە بۆ هەموو هەڤاڵێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و پێویستە هەموو تاكێكی كورد و هەموو نیشتمانپەروەرێك ئەزموونی لێ وەرگرێت. تەنانەت لەسێدارەدانی لەیلا قاسم خەبات و چالاكییەكی دیكەبوو كە شەهید لەیلا قاسم بە پارتی و بزاڤی رزگاریخوازیی كورد بەخشی، چونكە پاش لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، هەزاران دایكی كورد ڕۆڵەكانیان بە ناوی “لەیلا” ناو كرد و لەسێدارەدانی لەیلا قاسم پاڵنەرێكی شۆرش گێری بوو بۆ كادیر و ئەندامانی پارتی كە زیاتر سووربن لەسەر خەبات و بەرخودان دژی داگیركەرانی كوردستان. باجی خەبات و لەسێدارەدانی لەیلاقاسم و هەڤاڵانی و شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان، ئەگەری دەسكەوتەكانی پەرلەمان و حكوومەتی ئەمڕۆی كوردستانە، بۆیە ئەمڕۆ هەموو كوردستانییەكی نیشتمانپەروەر یاد و خەباتی شەهید لەیلا قاسم و شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازیی كوردستان بەرز دەنرخێنن.
45ەمین ساڵیادی ئەو شەهیدە قارەمانە و هەڤاڵەكانی بەرزو پیرۆز بێت.
لەیلا قاسم لە زیندانیشدا سەروەری تۆماركرد
لەبەهاری 1974 پەیوەندی نێوان شۆڕشی ئەیلوول و حكومەتی ناوەند عێراق تێكچوو، حكومەتی عێراق لە رێككەوتنی 11ی ئازاری ساڵی 1970 پاشگەز بووەوە و لەناو شاری بەغدا دەستی كرد بە هەڵمەتی ڕاوەدوونان و گرتنی هەڤاڵان و لایەنگران و دۆستانی پارتی دیموكراتی كوردستان. بەم شێوەیە لە 29/4/1974 لەیلا قاسم و هەڤاڵانی شانەی رێكخستنی پارتایەتییان لە شاری بەغدا دەزگیر كران، كە بریتی بوون لە:
1- لەیلا قاسم حەسەن
2- نەریمان فوئاد مەستی
3- ئازاد سلێمان میران
4- حەسەن حەمە ڕەشید
5- جەواد هەمەوەندی
لەزیندانی ڕژێمی بەعسدا، شەهید لەیلاقاسم كەوتە بەر دڕندانەترین شێوازی ئەشكەنجەدان بۆ ئەوەی دانبنێت بەتاوان و زانیاری و ناوی ئەندامی دیكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا ئاشكرا بكات. بەڵام لەیلا قاسم وەكو كچە شۆڕشگیڕی كورد و ئەندامێكی بەوەفای پارتی، خۆڕاگرانە بەرگەی هەموو ئازار و ئەشكەنجەكانی رژێمی بەعسی كرد و دانی نەنا بەوەی كە كاری پارتایەتی كارێكی تاوانبێت و هیچ زانیارییەكی ئاشكرا نەكرد لەسەر رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری بەغدا. چونكە لەیلا قاسم خەبات و شۆڕش و پارتی بوونی خۆی بە تاوان نەزانی بوو و قوتابییەكی چالاك و وەفاداری رێبازی بارزانی بوو، بۆیە شێرانە رووبەڕووی جەلادەكانی خۆی بووەوە و هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەندامانی رێكخستنەكانی پارتی لە بەغدا نەدركاند و شێرانە رووبەڕووی مەرگ بوویەوە. بەم شێوەیە شەهید لەیلا قاسم سەروەرییەكی دیكەی بۆخۆی و پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمار كرد و ژیانی هەزارەها كادیری دیكەی پارتی لە شاری بەغدا پاراست.
لەیلا قاسم بەجلی كوردییەوە چووە بەر پەتی سێدارە
ئەمڕۆ ئێمە بۆیە یادی 45ەمین ساڵەی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هەڤاڵانی دەكەینەوە، بۆئەوەی شەهید لەیلا و هەڤاڵانی لەناو دڵی هەموو كوردێكی بەشەرەف و نیشتیمان پەروەر و هەموو ئازادیخوازێكی جیهان وەكو یادەوەریەكی خەبات و بەرخودان لەپێناوی سەربەخۆیی كوردستان بمێنێتەوە و هەموو جیهان بزانێ كە گەلی كورد شێرە كچێكی وا ئازا و گیانفیدای لێ هەڵكەوتووە و لەپێناو شۆڕش و مافی نەتەوەكەیدا بەگیان قوربانیداوە. هەروەها كاتێك لەیلا قاسم شێرانە چووە بەر پەتی سێدارە، جلوبەرگی كوردی پۆشی و وەكو بوكی كورستان و پێشمەرگەیەكی چاونەترسی شۆڕشی ئەیلوول بەسەربەرزییەوە ملی خۆی خستە نێو پەتی سێدارە و داوای لە دایكی كرد كە خۆی دڵتەنگ و غەمگین نەكات و جلكی ڕەشی بۆ نەپۆشێت، چونكە ئەو شەهیدی شۆڕش و نیشتمانە.
لەیلا قاسم و هەڤاڵەكانی لەبەرەبەیانی 12/5/1974 لەبەغدا لە سیدارە دران و گیانی پاكیان گەیشتە كاروانی شەهیدانی سەربڵندی رێگای ئازادی و سەرفرازی كوردستان. لەیلا قاسم یەكێك بوو لەو كیژە كوردە شۆڕشگێڕانەی كە خەونی بە ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان دەدیت و لەپێناوی سەربەخۆیی كوردستان چالاكانە لەنێو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا خەباتی دەكرد.
بۆیە پێویستە هەموو كوردستانییەكی نیشتمانپەروەر وەكو لەیلا قاسم و هەموو شەهیدانی كوردستان و هەموو پێشمەگەكانی پارێزەری كوردستان، لە نێو رێبازی بارزانیی نەمردا خەبات بكەن بۆ بەدیهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان، لەپێناو مسۆگەر بوونی مافی خەڵكی كوردستان بەهەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئاین و ئاینزاكانەوە.
تیبینی: لەیلا قاسم لەساڵی 1974 بەدەستی جەلادەكانی بەعس لەبەر خەباتی سیاسی و مافەكانی میللەتی كورد لەبەغدا لەسیدارە دراوە، واتا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەیلاقاسم دووەم ئافرەتە لەبەر خەباتی سیاسی لەسێدارە بدرێت، هەروەها پاش زوهیای ڕوسی، جانداركی فەڕەنسی و لەیلای مەغریبی.. لەیلا قاسم چوارەمین ئافرەتە لەجیهان لەبەر خەباتی سیاسی لەپێناو میللەتەكەی لە سێدارە دراوە.










