خهبات: عەلی بانیشاری - هەولێر
بەپێی ئامارێك بۆ ساڵی 2015-2016 سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكوومیەكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان 1369 دەرچووە تا ئێستا دانەمەزراون. هەروەها بۆ ساڵی 2016-2017یش 1157 دەرچوو كە بەهەمان شێوە سێ یەكەمن دانەمەزراون. ئەو دەرچووانەی لەم راپۆرتەدا قسەیان بۆ خەبات كردووە باس لەوە دەكەن بەهۆی دانەمەزراندنیانەوە لە رووی دەروونیەوە لە دۆخێكی خراپدان و بێكار ماونەتەوە. وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیش دەڵێت” بەنوسراوی فەرمی داوای دامەزراندنی سێ یەمەكەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانمان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە”.
بۆكان بەكر، دەرچووی ساڵی 2016-2017ی بەشی بەرووبوومی كێڵگەییە لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەدین، ئەو لەسەر ئاستی بەشەكەی یەكەم بووە و دەڵێت” ماوەی دوو ساڵە لە ماڵەوە دانیشتووم و چاوەڕوانم حكوومەت بڕیاری دامەزراندنمان بدات”. دەشڵێت” هەوڵێكی زۆرمدا تا پلەی یەكەمم بەدەستهێنا، چاوم لەوە بوو لەكاتی خۆیدا دابمەزرێم، چوونكە مافی رەوایی خۆمانە، بەڵام بەداخەوە تائێستاش دیارنییە كەی بڕیاری دامەزراندنمان بۆ دەردەچێت”. ئەوەشی گوت” بەمەبەستی دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ و پەیمانگاكان چەند جارێك لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی وەزیران خۆپیشاندانمان ئەنجامداوە، بەڵام بێ سوود بووە و رێگریمان لێكراوە داواكارییەكانمان بگەیەنینە شوێنی مەبەست “.
بۆكان بەكر ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات دواكەوتنی كاتی دامەزراندنیان وایكردووە نەتوانن ماستەر بخوێنن، ئەمە بێ لەوەی بەشێك لەو زانستەی لە زانكۆ خوێندوویانە بیریان چووەتەوە. ئەو دەرچووە یەكەمەی كۆلێژی كشتوكاڵ لەبارەی ئەو بەڵێنانەی كە بۆ دامەزراندنیان پێیان دراوە؟ گوتی” لە كۆتایدا خۆپیشانداندا كە 15ی4ی 2019 ئەنجامماندا بەڵێنی ئەوەمان پێدراوە كە یەكەمەكانی 2015 – 2016 و 2016 – 2017 پاش پێكهێنانی كابینەی نوێ دابمەزرێن”.
بەكر قاسم، دەرچووی ساڵی 2015 – 2016ی بەشی شوێنەواری كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدینە، ئەو لەسەر ئاستی بەشەكەی یەكەم بووە و دەڵێ” دانەمەزراندمان توشی دۆخێكی خراپی دەروونی كردووین، چونكە لە ماوەی چوار ساڵی زانكۆدا رەنج و ماندووبوونێكی زۆرمان داوە و چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد هەر هەمان ساڵ دابمەزرێین”. گوتیشی” چاوەڕوان بووین بەدامەزراندنمان هاوكاری خێزانەكەنمان بكەین كە چەندین ساڵ شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەك تا ئێمەیان پێگەیاندووە، بەڵام بەداخەوە ئەوە سێ ساڵە بێكار ماوینەتەوە”.
بەكر قاسم دەشڵێت” تائێستا چەندین جار بەڵێنی ئەوەمان پێدراوە كە دامان بمەزرێنن، بەڵام هیچكام لەو بەڵێنانە نەبراونەتە سەر”. ئەو داواشدەكات لە كابینەی نوێدا یەكەم كار بكە بكرێت دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان بێت و دەڵێ” ئومێدی زۆرمان بە كابینەی نوێ هەیە و هیوادارین نا ئومێدمان نەكەن”. ناوبراو ئەوەشی گوت” قوتابییە یەكەمەكان دەیانەوێت بە قەڵەمەكانیان خزمەتی گەل و نیشتیمان بكەن و بۆ داهاتوویش نەوەیەكی رۆشنبیر پێ بگەیەنن و زانكۆكانی كوردستان بەرەو پێش ببەن”.
سەبارەت بە دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان؟ د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە خەباتی گوت” وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەنووسراوی فەرمی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان بدات، بەڵام تائێستا بڕیارێكی لەو شێوەیە نەدراوە”.









