خهبات: هاوار مورتكەیی
ئێوارەی ڕۆژی 9/5/9102 باڵیۆزخانەی پۆڵەندا لە عێراق و بەهەماهەنگی لەگەڵ كونسڵخانەی پۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان یادی دوو بۆنەی نیشتمانی وڵاتەكەیان لە هەولێری پایتەخت كردەوە، كە بریتی بوو لە رۆژی نەتەوەیی ئاڵا و رۆژی ئەو پۆڵەندیانەی لەدەرەوەی وڵاتەكەیان دەژین. لەسەر بانگهێشتی خاتوو بیاتا پیكسا باڵیۆزی كۆماری پۆلۆنیا لە عێراق و دۆمنیك مۆشیال كونسوڵی كۆماری پۆلۆنیا لە هەرێمی كوردستان، مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و رەوەندی پۆڵەندی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو ئەكادیمییە كوردانەی لەرابردوودا خوێندنی باڵایان لە پۆڵەندا تەواو كردبوو ئامادەی ئەو رێورسمە كرابوو.
رۆژی نەتەوەیی ئاڵای پۆڵەندا
هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەمیر جرجیس بەرپرسی دیسكی ئەورووپای مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەی رێوڕەسمی تایبەتی كۆنسوڵخانەی كۆماری پۆلۆنیا بوون، كە لە نێو باڵەخانەی كۆنسوڵخانەكەیان لە شاری هەولێر بە بۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی ئاڵای پۆلۆنیا و ڕۆژی پۆلۆنییەكانی دیاسپۆرا ڕێك خرابوو.
لە رێورەسمەكەدا هەریەك لە باڵوێز و كۆنسوڵی كۆماری پۆلۆنیا وتەیەكیان لەبەردەم میوانانی ئامادەبوو وتەیەكیان پێشكەش كرد و خۆشحاڵی خۆیان بە ئامادەبوونی پۆلۆنییەكان و دۆستانی كوردی دەربڕی لەم بۆنە نەتەوەییەیاندا، لە وتەكانیاندا گوتیان: شادمانن كە پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری پۆلۆنیا و هەرێمی كوردستان و هەردوو گەلی پۆلۆنی و كورد بەرەو پێشوەچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و هیوای گەشەسەندن و بەردەوامییان بۆ پەیوەندییەكانی نێوانیان خواست.
ئالوگۆڕی كلتور و رەسەنایەتی
هەریەك لە باڵیۆز خاتوو بیاتا پیكسا و كۆنسوڵ دۆمینیك موشیاو لە درێژەی وتەكانیاندا ڕایانگەیاند، كە گەل و كۆماری پۆلۆنیا لە مێژووی كۆن و هاوچەرخی خۆیان خاوەنی دەیان ڕووداو و بۆنەی خۆش و ناخۆشن، بۆیە لە كات و ساتی خۆیدا هەندێك لەو یادەوەرییە مێژوویانە زیندوو دەكەینەوە كە گەڵەكەمان شانازییان پێوە دەكات، گەلی پۆلۆنیا ساتە وەختی زۆر مێژوویی و یادەوەری ناخۆشیان بینیوە بە تایبەتی كاتێك گەل و كۆماری پۆلۆنیا بە درێژایی 123 ساڵ ژێردەستە و داگیر كرابوو و بە بۆنەی كۆتایی هاتنی جەنگی ماڵوێرانكەری جیهانی یەكەم و دووەم، بۆیە هەروەك لە پۆڵەندا هەروا پۆلۆنییەكانی سەرتاسەری جیهان لە دیاسپۆرا و لە نێویانیش لە هەرێمی كوردستان یادی 100ـەمین ساڵی سەربەخۆیی كۆماری پۆلۆنیامان لە هەولێری پایتەخت زیندوو كردەوە، هەروا ئێمە بە گرنگییەوە دەڕوانینە یادی 20ـەمین ساڵی بوونی ئەندام لە ناتۆ و 15 ساڵەی پەیوەستبوونی بە یەكێتی ئەورووپا و لە دوو ساڵی ڕابردووشدا بوونی كۆماری پۆلۆنیا بە ئەندامی ناهەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ماوەی دوو ساڵ و چەندین بۆنە و رووداوی مێژوویترن، كە بە شێوازی جیاجیا گەل و كۆماری پۆلۆنیا ئەم یادانە زیندوو دەكاتەوە.
هەروەها بیاتا پیكسا و كۆنسوڵ دۆمینیك موشیا گوتیان: پێخۆشحاڵین كە لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بەشێك لەو رێوڕەسمانە بە ئامادەبوونی رەوەندی پۆلۆنی و دۆستانمان لە كوردستان زیندوو دەكەینەوە، هیوادارین لە دەرفەتیتر بتوانین زیاتر گەل و كۆمەڵگا و مێژوو و كلتوور و رەسەنایەتی پۆلۆنیا بە كوردستان و گەلی كورد بناسێنین.
پەیوەندییەكانی كورد و پۆڵەندا
لەسەر ئاستی میدیاكانی كوردستان رۆژنامەی خەبات وەك تاكە میدیای كوردستان داوەت كرابوو، هەروەها وەك دامەزراوەكانی حزبی و حكومی تەنیا مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیمۆكراتی كوردستان بانگهێشت كرابوو كە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی باش و دۆستانەی كە پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ.د.ك لەگەل باڵوێزخانە، كۆندسوڵخانە و كۆماری پۆلۆنیا و دامەزراوەكانیدا هەیەتی و چەندین جاریش شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە فەرمی بانگهێشتی كۆماری پۆلۆنیا كراوە، بەم بۆنەیەشەوە بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی پارتی دیموكراتی كوردستانمان گەیاندە باڵوێز و كۆنسوڵ و جێگرانی كۆنسوڵ و ستافی كۆنسوڵخانەی كۆماری پۆلۆنیا و هیوای پێشكەوتن و بەختەوەریان بۆ گەڵ و كۆماری پۆلۆنیا و بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری پۆلۆنیا و هەردوو گەڵی كورد و پۆلۆنیای دۆست و و بە جیاش لەسەر چەندین بابەتی جێی بایەخی نێوان پۆڵۆنیاو كوردستان گفتۆگۆ و ئالۆگۆڕی بیرۆڕا كرا.
لە كوردستان دەنگ دەدەن
ئەوەی جێی باسە لە 26ی گوڵانی 2019 وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا دەنگ بۆ پەرلەمانی ئەورووپا دەدەن، هەر بۆیە زۆرێك لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا بڕیاریان داوە لە كۆنسوڵخانەی گشتی و ئۆفیسی دیپلۆماسی وڵاتانیان لە هەرێمی كوردستان، هاوڵاتیانی كە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتەكانیانن بتوانن دەنگ بدەن بە كاندیدەكانیان بۆ پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، بۆ ئەم مەبەستەش باڵوێزی كۆماری پۆڵەندا ڕایگەیاند، كە ئەوان لە هەرێمی كوردستان دەنگ دەدەن نەوەك لە بەغدا، كە ئەمەش بۆ ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.









