دوێنێ چوارشەممە حەسەن ڕۆحانی سەركۆماری ئێران، لە یەكەم ساڵڕۆژی كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی، گوتی: لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا پابەندین بە پیتاندنی سەدا 3.67 یۆرانیۆم، بەڵام ئەگەر لە كۆتایی ئەم 60رۆژەدا لەگەڵ پێنج وڵاتەكە نەگەینە ئەنجامێك، كۆتایی بەو بەرپرسیارێتییە دەهێنین.
لە گوتارێكیدا بەبۆنەی ساڵیادی كشانەوەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمی لە هەشتی ئایاری 2018دا، روحانی باسی لەوە كرد كە وڵاتەكەی دوو بەڵێنی لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە راگرتووە.
سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند كە بەشێك لە بەڵێنەكانیان لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمی راگرتووە و ماوەی 60رۆژیان داناوە بۆ لایەنەكانی رێككەوتنەكە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران.
روحانی باسی لەوە كرد كە ماددەكانی 26و 36ی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە مافی گرتنەبەری هەنگاوی بەرامبەری پێداون ئەگەر لایەنی بەرامبەر ئەو بەڵێنانەی داوێتی پێشێلی بكات، ئەوەیشی خستەڕوو كە بە پێنج وڵاتەكەی لایەنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیان راگەیاندووە كە دوو جێبەجێكردن رادەگرن.
حەسەن روحانی ئاماژەی بەوەیش كرد كە لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا كاتێك زیاد لە 300 كیلۆگرامیان پیتاندووە فرۆشتوویانە بە وڵاتانی دیكە و لە بەرامبەردا یۆرانیۆمی نەپیتێندراویان وەرگرتووە، بەڵام لەمڕۆوە ئەو فرۆشە رادەگرن.
ئەو ئاماژەی بەوەدا كە ئەو هەنگاوەی پێی هەستاون، بۆ ماوەی 60رۆژ كاری پێ دەكرێت و گوتی: “ئەگەر لەمیانی 60رۆژدا وڵاتانی لایەن لە رێككەوتنەكەدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و لە فرۆشتنی نەوت و بانكداریدا بەرژەوەندییەكانمان دەستەبەر بكەن، دەگەڕێینەوە حاڵەتی ئەمڕۆ. لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا پابەندین بە پیتاندنی سەدا 3.67یۆرانیۆم، بەڵام ئەگەر لە كۆتایی ئەم 60رۆژەدا لەگەڵ پێنج وڵاتەكە نەگەینە ئەنجامێك، كۆتایی بەو بەرپرسیارێتییە دەهێنین”.
روحانی هەروەها لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی بۆ هەریەكە لە سەرۆكی وڵاتانی رووسیا، چین، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیای ناردووە كە لایەنن لە رێككەوتنەكەدا، گوتی: لەو پەیامەی بۆم ناردوون بەڕوونی پێم گوتوون، ئەگەر ئەم هەنگاوەی ئێمە بكەنە بەهانە و دۆسیەكە ببەنە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەڵمەتێكی زۆر جددیدا رووبەڕووی یەكتر دەبینەوە.
محەمەدجەواد زەریف لە لێدوانێكدا لەبارەی قسەكانی حەسەن ڕۆحانی گوتی: ئەم قسە و مەرجانە بە واتای هاتنە دەرەوە لە ڕێككەوتنی ناوكی نییە، بەڵكوو ئێران تەنیا هەندێ چالاكیی دڵخوازی خۆی درێژە پێ دەدات.
هاوكات لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی ئێران، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە پەلەو لە سەردانێكی لەناكاودا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و لەبارەی جموجۆڵەكانی ئێران و پشتگیریی لە میلیشیا شیعەكان هۆشداریی بە عێراق دا و بەڵێنیی لە بەرپرسانی ئەمنیی عێراق وەرگرتووە، كە دەبێ سەربازانی ئەمریكی لەم وڵاتە بپارێزرێن و هاوكات بە یەكجاری ئەو میلیشیایان لەژێر كۆنترۆڵ و ڕیكێفی ئێران بێنە دەرەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، هۆشدارییەكی توندی بە حكوومەتی عێراق داوە و هیچ بوارێكیشی نەهێشتووەتەوە كە خۆیان لەمبارەیەوە بڕیار بدەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەی جیاوازەوە بڵاو كراوەتەوە، لە میانی سەردانەكەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسێكی باڵای سەربازی كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە كۆبووەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەو رۆژنامەنووسانەی گوتووە كە یاوەرییان دەكرد، گفتوگۆیان لەبارەی پێویستیی پاراستنی ئەمریكییەكان لە عێراق كردووە، بەرپرسە عێراقییەكان لەوە تێگەیشتوون ئەوە بەرپرسیارێتیی ئەوانە.
لەبەرانبەر ئەو هەڕەشانەی ئەمەریكا لە ناوچەكە هەیەتی، گوتەبێژی كرملین، دمیتری پێسكۆڤ ئاشكرایكرد راگرتنی بەشێك لە بەڵێنەكان لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمییدا لە لایەن ئێرانەوە، دەرەنجامی هەنگاوە ناعەقڵانییەكانن كە ئەمریكا هاویشتوونی.
دمیتری پێسكۆڤ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی سەبارەت بە راگرتنی بەشێك لە بەڵێنەكان لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمییدا لە لایەن ئێرانەوە، دایەوە.
پێسكۆڤ باسی لەوەكرد بڕیارەكەی ئێران لە بڕیاری هاتنە دەرەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە سەرچاوەی گرتووە و گوتی: سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین چەندین جار سەبارەت بە دەرەنجامی ئەو هەنگاوە ناعەقڵانییانەی واشنتۆن كە دژبە ئێران دەیهاوێژێت، قسەیكرد. ئەوە دەبینین كە ئەنجامەكانی ئەمە دەستیان بە دەركەوتن كردووە.
گوتەبێژەكەی كرملین جەختی لەوەشكردەوە كە لە پێناو درێژەدان بە توانای جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، دیپلۆماتەكانی رووسیا لەگەڵ هاوبەشەكانیان بە ئەورووپییەكانیشەوە، بەردەوامن لە گفتوگۆكانیان.









