خەبات: عەلی بانیشاری
بەپێی نووسراوی ژمارە 2480ی ئەنجوومەنی وەزیران كە 2ی ئەم مانگە دەرچووە و ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كراوە رەزامەندی لەسەر ناردنە دەرەوەی35 بەركەوتوووی چەكی كیمیاوی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دراوە. كۆپیەكی نوسراوەكە دەست خەبات كەوتووە و تێیدا هاتووە: رەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی بڕی 101،575،000 سەدو یەك ملیۆن و پێنج سەد و حەفتا و پێنج هەزار بۆ چارەسەری بەركەوتووی چەكی كیمیایی لە وڵاتی ئێران كە بە زنجیرە 11- سەباح احمد كریم دەستپێدەكات و و بە زنجیرە 53- هێرش موختار عبداللە كۆتایی دێت. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێ: بەركەوتووانی چەكی كیمیایی چوار جۆر نەخۆشیان هەیە”. سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەش دەڵێت” دەبێت پرسی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بەجدی وەربگرین و لەبری ناردنە دەرەوەیان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، پێویستە پزیشكەكان بهێنینە باشووری كوردستان”.
د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە خەباتی راگەیاند” هەر لە سەرەتاوە وەكو تەندروستی هەڵەبجە دركمان بەوە كردووە كە پێویستە هەندێك لە بەركەوتوون بەمەبەستی چاندنی گلێنەی چاو، چارەسەری نەخۆشییەكانی سنگ رەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێن”. گوتیشی” لەسەر فەرمانێكی وەزارەتی تەندروستی و بۆ هەمان مەبەست لیژنەیەكمان دروستكردووە كە لە6 پزیشكی پسپۆڕ لە بوارەكانی هەناوی و پێست و چاو پێكدێت لەگەڵ چەند كارمەندێكی تەندروستی كە لە پشكنینی چاو كار دەكەن، لیژنەكە بەركەوتووەكانی بینی و پاشان35 كەس ناویان بۆ وەزارەتی تەندروستی بەرزكرایەوە، خۆشبەختانە 2ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر نوسراوی وەزارەتی تەندروستی بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو بەركەوتووانە دەربڕیووە”.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەشڵێت” ئەو بەركەوتووانەی كە فەرمانی ناردنە دەرەوەیان بۆ دەرچووە هەندێكیان پاسپۆرتیان بەسەرچووە، ئێستا خەریكی ئەوەین نوسراو بكەین بۆ ئەوەی پاسپۆرتەكانیان نوێ بكرێتەوە و پاش ئەو كارە و هەندێك رێوشوێنی دیكە دەست بە ناردنە دەرەوەی نەخۆشەكان دەكرێت”. د.ئازاد مستەفا ئەوەشی گوت” ئەو بەركەوتووانەی كە پێویستیان بە نەشتەرگەری گلێنەی چاوە هەفتەیەك تا10 رۆژ لە ئێران دەمێننەوە، ئەوانی دیكەش 3-2 رۆژ”. هەروەها ناوبراو گوتیشی” ئەو پزیشكانەی كە بەركەوتووەكان دەبینن پێشینەیان لە چارەسەركردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە سنورەكەدا هەیە”.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی چوار جۆر نەخۆشیان هەیە كە ئەوانیش نەخۆشی پێست و چاو، نەخۆشییەكانی هەناسە و نەخۆشییە دەروونییەكان. سەبارەت بە كاتی وەرگرتنی نەخۆشخانەی كیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە؟ د.ئازاد مستەفا گوتی” لەئێستادا لەسەروبەندی وەرگرتنی نەخۆشخانەكەین بەتەواویی، هەندێك پێداویستیمان ماوە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی تائێستا رەزامەندیان لەسەر دەرنەبڕیووە، لە ئایندەیەكی نزیكدا و پاش وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی نەخۆشخانەكە دەكرێتەوە، لەگەڵ وەرگرتنی نەخۆشخانەكەش كێشەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی چارەسەر دەبێت و پێویستمان بەوە نابێت بەركەوتووان بنێرینە دەرەوە”.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە خەباتی راگەیاند: ئاگاداری تەواوی وردەكاری ناردنە دەرەوەی ئەو35 بەركەوتووەی چەكی كیمیایی نینن بۆ وڵاتی ئێران”. گوتیشی” بەفەرمی لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی ئەندامی لیژنە بووین بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو بەركەوتووانە، بەڵام بەهۆی هەندێك بارودۆخەوە ئێمەیان پەراوێز خستووە و بێ ئاگاین لە ناردنە دەرەوەی ئەو35 بەركەوتووە”. لوقمان عەبدولقادر دەشڵێت” پێش ئەو35 كەسە، لە رێگەی بەشی تەندروستی نوسینگەی سەرۆكی حكوومەتەوە34 بەركەوتوو بۆ چارەسەر رەوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران كراون، ئەو بەركەوتووانە چەند جارێك سەردانی ئێرانیان كردووە و چارەسەریان وەرگرتووە و تائێستاش نەخۆش هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر هاتووچۆ ئەو وڵاتە دەكات”.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە باس لەوەشدەكات هەموو بەركەوتوویەكی چەكی كیمیایی پێویستە بە چارەسەرە. دەشڵێت” دەبێت لیژنەیەكی پسپۆڕ ئەو بەركەوتووانە دیاری بكات كە پێویستیان بە ناردنە دەرەوەی وڵات هەیە، ئەو لیژنەیەش لە هەرێمی كوردستان نییە كە پسپۆڕی چەكی كیمیایی بێت و تائێستاش چاومان لە لیژنەكانی دەرەوەیە”. لوقمان عەبدولقادر دەڵێ” لە ساڵی2009 یەكەم لیژنەمان هێنایە كوردستان، لیژنەكە715 كەسیان بینی، لەو ژمارەیەش254 كەسیان وەكو بەركەوتووی چەكی كیمیایی دیاریكرد كە171 كەسیان خەڵكی هەڵەبجە بوون”. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا تەواوی ئەوانەی كە وەكو بەركەوتووی كیمیایی تۆماركراون982 كەسن. بەڵام وەكو ئەو دەڵێت” كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە سەرنجی لەسەر ئەو ژمارەیە هەیە”.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەشڵێت” ئەگەر ئێمە بمانەوێت پرسی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بەجدی وەربگرین پێویستە لەبری ناردنە دەرەوەیان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران پزیشكەكان بهێنینە باشووری كوردستان”. لوقمان عەبدولقادر بەپێویستی دەزانێت حكوومەتی هەرێم گرێبەست لەگەڵ تیمێكی پزیشكی پسپۆڕی چەكی كیمیایی بكات و بیانهێنێتە كوردستان بۆ ئەوەی ئاسانتر و خێراتر بەركەوتووەكان چارەسەر بكرێن و هێندە هاتووچۆی ئێران نەكەن.










