خەبات: سلێمانی
لە مانگی رەمەزاندا خواست لەسەر شەربەت لە لایەن رۆژووەوانانەوە بۆ كاتی بەربانگ زیاتر دەبێت، شەربەت فرۆشێكیش دەڵێت: لە رۆژانی رەمەزاندا بەراورد بە بەرلە رەمەزان خواست لەسەر شەربەت زۆر زیاترە.
ساڵانەو لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا بازاڕی كڕین و فرۆشتن لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت بازاڕی خواردن و خواردنەوەكان گەرمتر دەبن، شەربەت یەكێكە لەو خواردنەوانەی لە مانگی رەمەزاندا خواست و داواكاری زۆری لەسەر دەبێت و دوكاندارەكان رۆژانە بڕێكی زۆر شەربەت بەتایبەت شەربەتی مێوژ دەفرۆشن.
لە شاری سلێمانی ژمارەیەكی زۆر دوكانی فرۆشتنی شەربەت هەیە، بەشێكی زۆری ئەو دوكانانە بە هۆی زۆری خواست لەسەر بەرهەمەكانیان لەم مانگەدا كاتێكی زیاتر كار دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە داواكاری زۆری شەربەتیان لەسەرە و ناتوانن بەو داواكارییە زۆرەی كڕیارەكانیان رابگەن.
سدیق محەمەد خاوەنی شەربەتی سەرگەڵووە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی، رۆژانە بە بەردەوامی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی لەبەردەم دوكانەكەی وەستاون و گوشارێكی زۆریان لەسەرە بۆ داواكردنی شەربەت.
ئەو لە بارەی فرۆشتنی شەربەت لە مانگی رەمەزاندا گوتی: لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا گوشارێكی گەورەمان لەسەرە و بە بەراورد بە رۆژانی پێش رەمەزان جیاوازی زۆر گەورە هەیە لە ژمارەی ئەو كەسانەی سەردانمان دەكەن و داوای شەربەت دەكەن، بەجۆرێك ئەگەر پێشتر رۆژانە دوو سەتڵ شەربەتمان فرۆشتبێت ئێستا زیاتر لە بیست سەتڵ دەفرۆشرێت. لەنێو دوكانە بچووكەكەی سدیق-دا چەند كەسێك لە كاتژمێر 12ی شەوەوە دەست بە كاركردن و دروستكردنی شەربەت دەكەن و تا كاتی بانگی ئێوارە بەردەوام دەبن لە كاركردن، سدیق گوتی: لە كاتی بەیانیاندا لە قەزاو ناحیە و گەڕەكەكانی سنووری سلێمانی سەردانمان دەكەن و بە جوملە و بە دەبەی گەورە شەربەت دەبەن بۆ فرۆشتنەوە، پاش نیوەڕۆوانیش ژمارەیەكی زۆر خەڵك دێن و زۆرجار گرژی و ئاڵۆزیش دروست دەبێت و بەو شێوەیە شەربەت دەبەن. لەنێو جۆرەكانی شەربەتدا شەربەتی مێوژ كە لە رووی تەندروستییەوە سوودی زیاتری بۆ مرۆڤ هەیە، زیاتر لە جۆرەكانی تر داواكاری لەسەرە و زۆربەی شەربەت فرۆشەكان زیاتر لەم جۆرە شەربەتە بەرهەم دەهێنن.









