یاسای كاراكردنهوهى دامهزراوهی سهرۆكایهتیی ههرێمى كوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی 89 پەرلەمانتار پەسندکرا و بەپێی یاساکە سەرۆکێک بۆ هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت بەو دەسەڵاتانەی لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەیە تاوەکو پەسندکردنی دەستوور.
پهرلهمانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 8-5-2019 دانیشتنی ژماره (5)ى ئاسایی خولی بههارەی لهساڵی یهكهمی خولی پێنجهمی ههڵبژاردن ئەنجامدا كه تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر بڕگە و ماددەکانی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
دەقی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
ماددەی (1) :
یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (10)ـی ساڵی 2018 هەڵدەوەشێتەوە و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کارا دەکرێتەوە.
ماددەی (2) :
یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم ژمارە (2)ـی ساڵی 2017 هەڵدەوەشێتەوە.
ماددەی (3) :
یەکەم: بەدەر لە حوکمی ماددەی دووەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەمارکراو، پەرلەمانی کوردستان-عێراق سەرۆکێک بۆ هەرێم هەڵدەبژێرێت بەو ئەرک و دەسەڵاتانەی کە لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراقدا هەیە، تا پەسندکردنی دەستووری کوردستان-عێراق کە تێیدا شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتەکانی دیاریی دەکرێت و، سەرۆک لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتی هاووڵاتیانی کوردستان-عێراق دەکات بەناویانەوە دەدوێت و هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و دەسەڵاتی هەرێمدا دەکات.
دووم: بەدەر لە حوکمی بڕگەکانی (2) و (3) لە ماددەی (یەکەم) لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، سەرۆکی هەرێم دوو جێگری دەبێت و ئەرک و دەسەڵاتەکانیان لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دیاریی دەکرێت.
ماددەی (4) :
بەدەر لە حوکمەکانی ماددەی (حەفتەم)ـی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (1)ـی ساڵی (200ـی هەموارکراو، پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەو رێکارانەی خوارەوە دەگرێتەبەر:
یەکەم:
1- لەماوەی (30) سی رۆژ لەدوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆپاڵاوتن دەکاتەوە.
2- خوازیارانی خۆکاندیدکردن کە مەرجەکانی ماددەی (پێنجەم)ـی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو تێیدایە، لەماوەی (3) سێ رۆژ لە بەرواری کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن داواکاری و سیڤی خۆیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن.
3- سەرۆکایەتی پەرلەمان لە ماوەی (2) دوو رۆژ لە رۆژی داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن ناوی ئەو پاڵێوراوانە رادەگەیێنێت کە مەرجی یاساییان تێدایە.
4- هەرکەسێک لەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، ئەگەر ناوی رانەگەیێندرا بۆی هەیە لەماوەی (2) رۆژ لە رێکەوتی راگەیاندنی ناوی کاندیدەکان لە بەردەم دادگای تەمییز تانە بدات، دادگای تەمییز لەماوەی (2) رۆژ تانە یەکلایی دەکاتەوە، بڕیاری دادگاش لەم بارەوە بنبڕە.
5- سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێکی ئاشکرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان، لە ماوەی (3) سێ رۆژ لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکان هەڵدەبژێردرێت.
6- ئەگەر هیچ پاڵێوراوێک دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و، کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو پاڵێوراوە دەبێت کە زۆرینەی دەنگیان هێناوە و ئەوەی لەجاری دووەم زۆرینەی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێم، ئەگەر تەنها یەک پاڵێوراویش هەبوو بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەنگدانی ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و، ئەگەر پاڵێوراوەکە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێم.
دووەم:
بەدەر لە حوکمی خاڵی (1) بڕگەی (یەکەم)ـی ئەم ماددەیە پەرلەمانی کوردستان تەنها لەم خوولەدا لەماوەی (3) سێ رۆژ لەدوای دەرچوواندنی ئەم یاسایە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکاتەوە.
ماددەی (5) :
یەکەم: ماوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بە کۆتاییهاتنی ماوەی ویلایەتی پەرلەمان کۆتایی دێت.
دووەم: سەرۆکی هەرێم لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەردەوام دەبێت تا بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە سەرۆکێک هەڵدەبژێردرێت.
ماددەی (6) :
کار بە هیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایە ناکۆک بێت.
ماددەی (7) :
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
ماددەی (8) :
ئەم یاسایە لە رۆژی دەرچوواندنیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.
هۆیەکانی دەرچوواندن
بەمەبەستی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان ئەم یاسایە دەرچووێندرا.













