فارس قادر فەقێ عەبدوڵلا❊
شێت وشەیێكە بە زۆر شێواز بە كاردێت، جار هەیە وەك گالتەجاری و جار هەیە بۆ خۆشەویستی بە یەكێك دەگووترێ شێتە یان شێتۆكەیە و جارهەیە لە ئەنجامی كردارێكی نارێك و نەگونجاو جاریش هەیە لە حاڵەتێكی تورەیی دەگووترێ، بەڵام ئەوەی گرنگە ووشەكە بۆ كەسانێك بەكاردێت كە ناچنە ناو خانەی حقد و كین و خیانەت و دزیەوە هەرچەندە لە بنەڕەتەوە ئەم وشەیە بە كەسانێك گوتراوە كە باری دەروونیان تەواو نەبێ، جا ئەم گووتنە هەر لە حاڵەتێكی سادە و ساكاری دەروونی تا ئەوپەری قورسی و ئاڵۆزی باری دەروونی لە كۆمەڵگا پێی دەگووترێ شێتە یان شێت بووە یان دەڵێی شێتە.
بەهەرحاڵ ئەمە دەستەواژەیەكە بەكارهاتووە و بەكاردێت بەڵام ئەوەی جێگای خۆشبەختیە شێت زۆربەی زۆریان خۆشەویستن، ئەوەی مەبەستمە لەو نووسینەم ئاماژەی پێبكەم شێتایەتی شەرمەزاری نیە روورەشی نییە خیانەت نیە دزیش نییە بەڵام حاڵەتێكی دەرونییە و دەكرێ كۆمەڵگا چارەسەری بكات یان چاودێری بكات و یارمەتی كەسەكە بدات تا ئەو رادەیەی گەر چارەسەریشی بۆ نەدۆزیەوە، بەڵام دەتوانی سنوورداری بكات لە شوێنێكی دیاری كراو بە شێوازێك لە شێوازەكان كۆمەڵگای لێ بپارێزی و خزمەت بەخودی شێتەكەش بكرێ لەبەر ئەوەی وەك ڤایرۆسێك نیە بڵاو ببێتەوە بەڵام پێچەوانەكەی لە كەسانی تری ناتەندروست لە هەموو لایەنێك جیاوازن هەروەك گووتمان (دز و گەندەڵ و خائین و خۆفرۆش و دوورو و منافق) پەتایێكە و كوشندەیە لە یەكێكەوە كاریگەری دەبێت بۆ سەر هەزار و لە هەزارەوە دەبێت بۆ ملیون لەبەر ئەوەی كارەكانیان لە ژێر پەردەیە و بە نهێنی و بە بەرنامەیە و خودی كۆمەڵگا سەرتاسەر و سەرتاپا ناشرین و ژەهراوی و گڵاو دەكات تەڕ و وشك بە یەكەوە دەسوتێنی بە كورتی ڤایروسێكە لە جەستەیێك دەچێتە هەزاران و دەیان هەزار جەستە و تێكەڵی ئاو خاك و خۆل دەبێت و سەرتاپای كۆمەڵگا ئازار دەدات، كەچی شێت ڤایروساوی نیە و لە جەستەیێك ناچێتە ناو جەستەیەكی تر و هەرگیز مەرج نیە (نەوە و بەچكەی) شێت شێت دەرچن، زۆرجار نەوە و بەچكەی شێت شێخ و مرۆڤی گەورەی لێ دەردەچن، مرۆڤی گەورە و جوان دەبن، بەڵام نەوەی دز زۆربەیان دزە و نەوەی خۆفرۆشانیش خۆفرۆش دەبن.
ئەوەی مەبەستمە لەو گفتوگۆیەم لە ماوەی كاركردنم لە نێوان ئەو 28 ساڵە زۆرجار دەبینم بە كۆمەڵێك كەسانی راست و دروست و بێ منەت و خاوێن دەگووترێ فڵان شێتە، كە دەگووترێ بۆچی شێتە ؟! دەڵێن توندە و توڕەیە! مەزاجییە! نەزانە! لە مەسڵحەتی خۆی نازانێ! وەنازانێ خۆی بگونجێنێ، لە كۆتایی دەگووترێ بۆیە شێتە، لە راستیدا شێتایەتی بەو پێوەرە جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ واقعە راست و دروستەكەی خۆی بۆیە دەپرسین دەبێ بۆچی ئەوانە شێت بن؟ یان ئەم جۆەر كەسانە پێناسەی شێتایەتییان بۆ بكرێ قبوڵ بێ؟ كێن ئەوانەی ئەم پێناسەیە دەخەنە پاڵ ئەم جۆرە كەسانە؟ ئەوەی راست بێت و دەبیسترێ و بەرچاو دەكەوێ ئەم مرۆڤە خاوێن و خاوەن هەڵوێست و بە عیزەت نەفسانە بە هەموو شێوازێك لە شێوازەكان لە لایەن مرۆڤە دز و خۆفرۆش و خائینەكان ئەم پروپاگەندانەیان بۆ دروست دەكرێ، بەڵێ لە نەزەر دزەكان ئەوەی دز نەبێ و لە شێوازی خۆی نەبێ نەزانە و شێتە!! بەڵێ لە نەزەر خائینەكان ئەوەی خائین نەبێ شێت و نەزانە و لە بەرژەوەندیی خۆی نازانێ بەڵێ وایە ئەم وشەیە بە دڵسۆزان دەگووترێ و لەو سەردەمە لیستی شێتایەتی دڵسۆز و خاوێن و راستگۆ و حەق بێژەكانی گرتووتەوە كاتێك دزێك كە بە گەندەڵی و ماڵی میللەت لاف لە سەر خەڵك لێدەدات وەدڵسۆزە كە خاوەن خەبات و خاوێنە كە باسی گوزەران و نەبوونی خۆی دەكات، دزەكە دەڵێت گووناحی خۆیەتی و شێتە و نازانێ بخواو لە ئێمەشی تێكداوە و زۆرجار ئەم جۆرە خاوەن بیرورا خاوێنانە بە ناوی قسە رەق و نەزان و بێ تەحەمولی لەسەر كورسی بەرپرسیاریەتی لادەدرێن و پێیان دەگووترێ لەبەر بەرژەوەندیی گشتی لادراوە چونكە بەربەستە بۆ كاری هاووڵاتیان، لە حەقیقەتیش وانیە بەلكو راستییەكە ئەوەیە كە بەربەستە بۆ دزەكان و بۆ خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتەكان نەك بۆ میللەت، بەڵێ ترسنۆك، لەرزۆك خۆفرۆشان زۆركات براوەن و سەركەوتوون، بۆ نموونە لە زەمانی رژێم ترسنۆك و بەرژەوەندچییەكان بوون بە جاش و هیچ ئازاریان نەچێشت تەنها كەسانێك نەبێ كە شۆڕش لێیان بە ئاگابوو ئەمەیان ئاساییە كەچی و دوایی ئەوانی تریش زۆربەیان هاتنەوە سەر گۆرەپانی سیاسەت لەبەر منافەسەی حزبایەتی جارێكی تر بوون بە هەمان پیاوی زەمانی پێشوو بگرە زیاتریش، نموونەیەكی تر ئەوەی لە سەردەمی رژێم بوو بە بەعسی توانی خوێندنی باڵا ماستەر و دكتۆرا تەواو بكا و لە ناو عێراق و بەشێكیشیان عێراق زەمالەی دەرەوەی وڵاتی پێ دان ئێستا لاف لە سەر خەلك لێدەدەن و زۆریش مجامەلە كراون لە سەر حسابی دڵسۆزان، كەچی ئەوەی نەبوو بە بەعسی نەیتوانی سودمەندبێ ئەو سەردەم هەروەك خۆی ماوە و ئێستاش ئەو خاوەن شەهادانەی زەمانی رژێم حوكم لە سەر چارەنووسی ئەوانی تری دلسۆز دەدەن گوایە ئەوان علمین، خاوەن شەهادەن وەزۆر لە دزەكانی زەمانی پێشوو چ وەك موستەشار یان پیاوی رژێم ئێستاش خاوەن كۆمەڵێك كۆمپانیا و پرۆژەن، چونكە لێزانن و دەستیان بەسەر هەندێك جومگەی ئیداری و زانستی گرتووە.
بۆیە دەلێین بەڵێ ئەم شێتانە گەر شێت بن شێتی دەستی دز و جەردە و خیانەتكارانن، شێتی دەستی غەدری زەمانن، چونكە ناتوانن بگونجێن لەگەڵ گەندەڵكاران و بەرژەوەندچییان، بەڵێ رەنگە وابێ و وا دیاربن، گەر واشبوون دەڵێین بۆیە عەقل لە دەست دەدەن چونكە ناگونجێن لەگەڵ دزان، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەخلاق لە دەست نادەن لە ناخەوە دەكولێن لەگەڵ خۆیان دەدوێن تووشی خەمۆكی و نەخۆشی دەرونی دەبن لە بەر ئەوە ئومێدێك و خۆزەگەییكیان هەبووە و رێگایان پێ نەدراوە كاری تێدابكەن كە ئەویش بەرژەوەندیی گشتی و عەدالەت و یەكسانیە و دژ بە رەفتار و كرداری دز و جەردە و خۆفرۆشان هەروەك ئەو عاشقە خاوێن و راستگۆیانەی كە نەگەیشتن بە مەرامیان و لە ئەنجام تەنیایی و دێوانەییان هەلبژارد بۆ نموونە ئەو عەشقەی كە شێخی سەنعان لە ناخی كوڵا بوو كە ئەویش دەورێشی و ئایینەكەی بوون ئەگەرچی كچە گاورێك لە تەمەنی 14 ساڵی توانی شێخ لە خشتە ببات و وای لێ بكات لە ژیانی واقعی خۆی لابدات، بەڵام كە دەورێشەكانی شێخ هاتنەوە بەرامبەری و چوونە ناو خەڵوەت عشقی حەقیقی خودای مەزن و دڵۆڤان شێخی تەمەن هەشتا ساڵ گەڕاوە سەر عەشقە گەورەكەی و كیژۆڵەی 14 ساڵی بە جێ هێشت چونكە عەشق و شەیدا و شێتی خودای خۆی بوو بۆیە لە ناو گاورەكان و لەگەڵ كیژڵلەیەكی 14 ساڵان نەیتوانی ژیان بەسەر ببات كەواتە خۆشی و سەروەت و سامان و چێژی ژیانی نا تەندروستی لە ژێر پێنا كە ئەویش (دەف خەلوەت خواناسی عەشقە گەورەكەی شێخ بوون) بۆیە لە كۆتاییدا لە ناو ئەواندا دۆزییەوە گەر شێتیش بوو چاك بووەوە بەڵێ وایە هەروابووە راستی و عەدالەت و حەق گووتن دوژمنی زۆرە، ئەم وتەیەش راستە كە گووتراوە (راستی كەسی پێ نەهێشتم) بەڵێ ئێمەش گەر شێت بین شانازی دەكەین كە لەنێو ئێمەماناندا دز و جەردە و گەندەل و خۆفرۆشی تێدا نیە و گەر لە عشقەوە شێت بین لە تایفەی شێخی (صنعان) بین و عەشقەكەمان خودایی بێت نەك لە سەر مساوەمە كردن بە ئاین بێت. زۆر بە داخەوە كە دز و جەردە و گەندەڵ پێناسەی ئەهلی عشق و شێتی راستگۆیی دەروێشی خانەقا و رێگای حەقیقەت و عەدالەت بكات بەڵێ گەر راستگۆیی شێتەتییە شێتین شێتی حەقیقەتین، شێتی راستین، شێتی خاك و وڵاتین، شێتی دەستی گەندەلكار و خیانەتكارانین دەروێشی رێبازی راستەقینەی بارزانین هەر ئەوەمان زانیوە و هەر ئەوەش دەزانین شێت و عاشق بە كورد و كوردستانین! یەك جار دەژین و دەمرین بۆیە خاوەن ئیرادەی خۆمانین.
❊ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ.د.ك).










