سەگڤان هالو
پڕنسیپی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە یەكێكە لە پڕنسیپە گرنگەكانی گیانی دیموكراسی،
هەرێمی كوردستانیش وەك هەرێمێكی فرە ڕەنگ لە ڕووی ئایینی، نەتەوەیی،زمان و..هتد.
چەندین پێكهاتەی جیا جیای لە خۆ گرتووە. بۆیە گرنگیدان بە پرنسیپی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە پێویستییەكی حاشا هەڵنەگرە. خۆشبەختانە تاكو ئێستا ڕوحی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردنی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان جێگیرە، سەرباری ئەوەی دوژمنانی كوردستان زۆر هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن پێكەوە ژیانی ئایشتیانە لەكوردستان تێكبدەن بەمەبەستی باشتر جێبەجێ كردنی ئەجندا و نەخشە سیاسیەكانی خۆیان، بەڵام نەیانتوانیوە درز بخەنە نێوان نەتەوە و زمان و ئایین وئاینزا جیاوازەكانی كوردستان و گیانی دیموكراسی زاڵ بووە بەسەریاندا.
لە هەرێمی كوردستاندا بە یەكەوە هەڵكردن و قبوڵكردنی یەكدی بە هەموو تایبەتمەندییەكانەوە لە ئاستێكی بەرز دایە كە بە هیچ شێوەیێك بەراورد ناكرێت لەگەڵ وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان، چونكە هەرێمی كوردستان بە پڕۆسەیێكی سیاسی دیموكراسیدا گوزەری كردووە بە هەموو كەموكوڕییەكانیەوە. بەڵام دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەكان زۆربەیان هەڵگری هزری ناسیۆنالیستی عەلمانی و ئایینین، ئەمەش بێجگە لە ڕەتكردنەوەی ئەوانیتر واتە غەیری خۆیان هیچی تری لێ بەرهەم نەهاتووە و بووەتە هۆی دروستبوونی فەوزای سیاسی ، ئایینی، نەتەوەیی و زمان و …هتد. سەقامگیری سیاسی و ئاشتیی كومەڵایەتی كەوتووەتە ژێر پرسیار گەلێكەوە. هەموو ئەو نەتەوە و ئایین و زمانانەی ئەگەر دور نەڕۆین لە ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست لە 2014 وە تا ئەمڕۆ لە ژێر هەڕەشە و مەترسی تیرۆردا بونە، هانایان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا بۆ ئەوەی گیان و ماڵ و كەڕامەتیان پارێزراو بێت و گەلی كوردستانیش بە حكومەتەوە بەوپەڕی ڕێزەوە هەموویانی گرتە خۆ و ئەمە وەك نمونەیێكی زیندوو و بەڵگە لە سەر ئەم قسانە. مەبەستی سەرەكیمان لە نووسینی ئەم وتارە ئەوەیە كە پێگەی جوگرافی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە ناوچەیێك كە بیری توند ئاژۆ تیایدا زاڵە و ئەو سیما جوان و شارستانیەی هەرێمیش، دەبێ بزانین بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی ئیڕهابی فكری دایە بە هەموو جورەكانیەوە.بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێم پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكەم ستڕاتیژیەتی خۆی لە سەر بنەمای بەهێزكردنی گیانی دیموكراسی دابڕێژێت و پرەنسیپی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە ئەولەوییەتی كارەكانی خۆی دابنێت تاكو بتوانێت سەقامگیری سیاسی و ئاشتەوایی كومەڵایەتی زیاتر پارێزگاری لێ بكات، چونكە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی پەیوەستە بە بەیەكەوە ژیان و بەیەكەوە هەڵكردنی پێكهاتە جیاجیاكان لە وڵاتەكەمان.









