د. قەیوان سیوەیلی
ئیتر لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەروەكو سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ترامپ داخوازی بۆ دەكرد دەبێت بە فەرمی هیچ بەرهەمێكی نەوت و گازی ئێران لە نێو بازاڕەكانی وزەی جیهان كڕین و فرۆشتنی پێوەنەكرێت. سیاسەتی ئەمریكا ئەم جارە بەزەبری هێز ڕێگەی لە هەناردەكردنی نەوتیخاو و گازی سروشتی ئێران بۆ بازاڕەكانی جیهان نەگرت بەڵكو لەرێگەی سزائابوریەكانیەوە بە گشت كڕیارەكانی نەوتی ئێرانی وت بەبێ جیاوازی وبەخشین هەركەس مامەڵە بە بەرهەمە هایدرۆكاربۆنییەكانی ئێرانەوە بكات ئەوا دووچاری سزای ئابوری دەبێتەوە و بلاك لیست دەكرێت، واتە ئیتر هیچ بانك و دامەزراوەیەكی ئابوری جیهانی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو كۆمپانیا یاخود وڵاتەدا بكات.
هەروەكو ئاشكرایە تا ئەمڕۆش دۆلار تاكە دراوی نێو سوداكەرانی بازاڕی وزەیە و ئەمریكا وەكو تاكە زلهێزی جهیان لە رێگەی سیستەمی پێكەو لكێنراوی بانكی یەوە بەفەرمی سوڕێنەر و مۆنیتەری بازاڕی دراوی دۆلار دەكات لە سەرتاسەری جیهان و هەروەكو دەزانین تۆڕی بازاڕی ئابوری جیهانی لە ڕێگەی بانكەكانەوە بەیەكەوە گرێدراوە، كەواتە هەر دامەزراوەیەك بلاك لیست بكرێت ئەوا دادەبڕیت لە گشت مامەڵەیەكی ئاسای و یاسای ئابوری جیهانی كە ئەمە سزایەكی مەزنە و كەس ناتوانێت خۆی لە قەرەی ئەم ریسكە مەزنە بدات، جا لەهەر پلەو پایەو یاخود هەر دەوڵەتێكی جیهانی بێت. پیش ساڵێك لەمەوبەر لە سەرەتای مانگی 5ی 2018دا لە كاتی چونەدەرەوەی ئەمریكا لەگرێبەستی كۆنترۆڵكردنی تەكنۆلۆجیای وزەی ناوەكی ئێران كە بە ڕێكەوتنی 5+1و ئێران ناسراوبوو، ئێران ڕۆژانە بڕی 6.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرد بەڵام ئەمڕۆ بڕی هەناردەكردنی نەوتی ئێران هەروەكو لە هێڵكاری 1 خوارەوەدا دەبینرێت بۆ ژێر یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا دابەزیوە. پاش چونەدەرەوەش لە گرێبەستەكە ئەمریكا بڕیاری كۆمەڵێك سزای بەسەر ئێراندا دا، كە هیچ وڵاتێك بوی نییە نەوت و سەرچاوەكانی وزەی هایدرۆكاربۆنی لە ئیرانەوە هاوردەبكات و بیكڕێت، بەم كارەش ئەمریكا گوایە دەیەوێت سەرچاوەكانی داهاتی ئێران، كە زۆربەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت وگازی سروشتییەوەیە وشك بكات و گوشار بخاتە سەر ئەو وڵاتە تا لەگەڵ ئەمریكا دوبارە بچێتەوە سەر مێزی دانوستان بۆ ڕێكەوتنی نوێی دوولایەنە بۆ بابەتگەلێكی وەكو كۆنتڕۆڵی تەكنۆلۆجیای ناوەكی ئێران، بەرنامەی پەرپێدانی موشەكی دورهاوێژ و دەستخستنە نێو كاروباری وڵاتانی چواردەور بەتایبەتی سوریا، لوبنان، ئێراق و یەمەن.
هێڵكاری 1:بڕی هەنارەدكردنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕی وزە
لە هەمانكاتیشدا لە سەرەتاوە كۆمەڵە وڵاتێك وەكو چین، یابان، هندوستان، كۆریای باشور، تایوان، توركیا، ئیتالیا، یونان و ئێراق لە جێبەجێكردنی دەقاودەقی ئەم بڕیارە كوتوپڕەی ترامپ بەخشێنران تابتوانن بە بەرنامە سەرچاوەیەكی تر بۆ هاوردەكەردنی سەرچاوەی سروشتی وزەی خۆیان بدۆزنەوە.
بەڵام پاش بڕیارە نوێكەی وڵاتی ئەمریكا كە هیچ وڵاتێك ئیر لە سزائابوریەكان نابەخشێنرێت و لە سەرەتای مانگی 5ی 2019 ئەمساڵەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. وادیارە هەنگاو بە هەنگاو بڕی هەناردەكردنی نەوتی ئیران و سەرچاوە هادرۆكاربۆنیەكانی تر لە بازاڕەكانی جهیان بەرەو سفر بڕوات واتە ئەگەر كڕیار نەمێنێت ئەوا ڕاستەوخۆش ئیتر پێویست بەدەرهێنانیشیان ناكات.لە بەر ئەوی پڕۆسەی وشككردنی نەوتی ئیران و نەهێشتنی لە بازاڕەكانی جهیان لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك گەیشتە دواقۆناغ ئەوا زۆر كاریگەری لەسەر نرخی وزە نەبوو، تەنها دوابڕیاری ئەمریكا لە هەفتەی ڕابوردوودا بڕی 3%نرخی نەوتی خاوی بەرەو سەر هەڵكێشا، هۆكاری ئەم بەرزبونەوەیەش بەگشتی ناگەڕێتەوە بۆ گرفتی نێوان ئێران و ئەمریكا چونكە وڵاتی عەرەبستانی سعودی، وڵاتەكانی كەنداوی عەرەبی و ئێراق لە توانایاندا هەیە بەزوترین كات بڕی كەمبونەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی وڵاتی ئێران لە بازاڕەكاندا پڕبكەنەوە. هەرچەندە ئێران هەڕەشە دەكات كە هیچ وڵاتێك ناتوانێت بڕی نەوت وگازی ئێران لە بازاڕەكانی وزەدا پڕبكاتەوە. هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی نەوت وەكو هێڵكاری 2 هەر لە سەرەتای ساڵی 2019 وە دەگەرێتەوە بۆ دابەزنی بڕی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتی ڤینزوئلا و لیبیا و كەمكردنەوەی سیستماتیكی بڕی هەناردەی وڵاتانی ئۆپێك و روسیا، هەروەها باشتر بونی دۆخی ئابوری جیهان كە لە داهاتوشدا هۆكاری هەڵكشانی زۆر تری نرخی نەوتی خاو دەبێت. ئێستا ڕۆژانە بڕی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو دەخرێتە نێو بازاڕەكانی وزە بەڵام ئابوری جهیان پێویستی بە بڕی 102 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە كە ئەم زۆریی دواكاری لە ئاست بڕی خستە ڕوو هۆكارێكی مەزنی هەڵكشانی نرخی نەوتی خاوە لە بازاڕدا.
هێڵكاری2: هەڵكشانی نرخی نەوت لە بازاڕدا
سەرۆك ترمپ لە ڕێگەی تویتەكاینەوە هەردەم داواكاری لە وڵاتانی ئۆپێك ئەوەیە كە بڕی هەناردەكردنی نەوتی خاوی خۆیان بەرەوەسەر هەڵكێشن تا گوشار بێنێت بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕدا. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا گێژاوی كێشەی ئێران و ئەمریكا بەرەو كوێ دەچێت؟هەرچەندە چین و توركیا دەڵین كە ناچنەر ژێر ئەم دواكاریەی نوێیەی ئەمریكا و بەردەوام دەبن لە هاوردەكردنی وزە لەو وڵاتەوە بەڵام ئیتر بڕیاری كۆتایی لەلایەن ئەمریكاوە دراوە و ئەوانیش لە مل كەچكردن بۆی هیچ چارەسەرێكی تریان نییە!سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا مولود چاوشئۆغلو بۆ ئیراق و هەرێمی كوردستان نیشاندەری پێداچونەوی توركیایە بە بڕیارەكەیدا و گەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤی ئێراق و هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتی وزەكەی چونكە ئاڵۆزكردنی كێشەی ئابوری ئێستای توركیا بەزیادبونی كێشەیەكی تری وەكو وزە ئەو وڵاتە بەرەو هەڵوەشان و داڕمان دەبات، كاریگەری بڕیارە نوێكەی ئەمریكا لە سەر لیرەی توركی و دابەزاندنی لە ئاست دراوی دۆلار بەرچاوە. ترسی وڵاتانی كەنداو و هەڕەشەكانی ئێران بۆ داخستنی گەروی هۆرمز كێشەكە بە یەكجاری ئاوەها ئاڵۆز دەكات كە هیچ ڕێگەیەكی گەڕانەوەی بۆ دواوەی تێدا نامێنێت، بۆیە هەستان بەم كارە دەبێتە دواكارتی سەربازی و ڕامیاری ئێران كە گشت هاوكێشەی وزەی جیهانی تێكدەدات و مەزندەی دەرئەنجامەكانی كارێكی زەحمەتە.
❊ شارەزا لە بواری وزە









