سەلاح بەیتولا ئاكرەیی
بێگومان پرنسیبی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی،ئایینی،مەزهەبی و هتد زەڕورەتێكی حاشاهەڵنەگرە بۆ بەیەكەوە هەڵكردنی ئەم فرە ڕەنگییەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە. لە هەرێمی كوردستاندا توركمان، كریستیان، ئێزیدی، سائیبە، مەندان، كورد..هتد.
چەندین سەدەیە بە شێوەیێكی ئاشتیانە بەیەكەوە دەژین. بۆیە پێویستە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئاشتی كومەڵگا دا و بو پارێزگاری كردن لە پرەنسیبی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، پێویستە هەموو هەوڵێك بخرێتە گەڕ تاوەكو ئاسایشی نیشتیمانیمان پارێزراو بێت و ڕێگە لەو كولتورە توند ئاژویانە بگیرێت كە دەبنە مایەی تێكدانی ئەم سیما جوان شارستانیەی كە لە كوردستاندا لە ئارا دایە. دوژمنان و داگیركارانی كوردستان هەمیشە هەوڵیانداوە و لە هەوڵی بەردەوامیشدان كەلە ڕێگەی تێكدانی سەقامگیری سیاسی و ئاشتی كومەڵایەتییەوە درز بخەنە نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان، چونكە ئاسایشی نیشتیمانی پەیوەستە بە ئامانج گرتنی ئەمنیەت و ئارامی هەر وڵاتێك. هەرێمی كوردستانیش گەمارو دراوە بە چەندین جوری هزری توند ئاژوو چ لە لە لایەن دەوڵەتە دیكتاتوری و توتالیتارەكانی ناوچەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بێت یان لە لایەن ڕێكخراوە تیرورستیەكانەوە. ئەمەو كاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخوشی هەبووە وهەیە لەسەر جڤاكی هەرێمی كوردستان.
بو ڕێگری كردن لە بیری توند ئاژوو جا چ سیاسی بێت یان ئایینی، دەبێ زیاتر گرنگی بدەین بە بنەماكانی ئاشتەوایی و لێبوردن و پێكەوەژیان و كولتوری دیموكراسی و هەوڵ بدەین پرەنسیبی گیانی دیموكراسی بە هێزتر بكەین لە نێوان گشت پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان، بەو پێییەی كە هەمومان چارەنوسمان یەك چارەنوسە وەك كوردستانی. ئەمەش هەروا بە ئاسانی ناهێتە دی، بەڵكو پێویستە لە ڕێگای سیستەمی پەروەردەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئایینی و…هتد.
پەیامی ڕێزگرتن لە تایەتمەندیەكانی یەكدی گشتگیر بكرێت لە كومەڵگادا وەك باشترین ڕێگا بو پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەو مەترسیە دەرەكی و نێوخوییەكان.
لە كوتاییدا پێشنیارم ئەوەیە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان كە بەشێوەیەكی گشتی ڕیفورم لە سیستەمی پەروەردە و هەموو بنەماكانی كۆمەڵگای كوردستان بكرێت، واتە لە ڕاگەیاندنی بینراو، بیسراو، نوسراو، ئەلیكترونی، پەیامی زانایانی ئایینی كە زورترین كاریگەریان لەسەر ڕای گشتیی كوردستان هەیە، دامەزراوەكانی كومەڵی مەدەنی، زانكوكان، و… هتد، و بەشێوەیێكی سیستماتیك ڕێك بخرێنەوە و وەكو چەكێكی مەعنەوی بە كاربێت لە دژی هەر هزر و بیرێك توندئاژوو لە هەرێمی كوردستاندا.









