حەكیم مەلا ساڵح
ڕاستە هەر دەسەڵاتێك چاوی ئۆپۆسیزیۆنی بە سەرەوە بێت گەشە دەكات و هێدی هێدی هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت، لە لایەكەوە هەڵە و ساتمەكانی خۆی چارەسەر دەكات و لە لایەكی دیكەوە ورد بیر دەكاتەوە و بەرنامەڕێژی دەكات بۆ بنیاتنانی هەر پڕۆژە و پڕۆتۆكۆڵێك كە لە خزمەتی خەڵكدا بێت، بەڵام ئۆپۆسیزیۆنی ڕاستەقینە نابێ پێوانەكەی یەك تای تەرازوو بێت، واتە كاری هەر ئەوە بێ دەست لەسەر كارە چەوتەكان دابنێ بەڵكو پێویستە تای دووهەمیشی هەبێ بە مەبەستی ئەوەی ببێتە هاندەری دەسەڵات بۆ بەجێهێنانی كار و ئەركی پتر،مەبەست ئەوەیە لەم تای تەرازووی دووهەمەدا قسەی بەجێ لەسەر ئەو پڕۆژانەش بكات كە دەسەڵات بنیاتی ناون و خزمەت بە ژیانی ژیارمان دەكەن.
بۆ نموونە دەسەڵاتی هەرێمەكەمان پڕۆژەیەكی ئەمڕۆیی و بە سوودی لە شار یان ناوچەیەكدا خستۆتە گەڕ، ئۆپۆسیزیۆنی دڵپاك و دڵسۆز ئەوەیە كە ئەو پڕۆژەیە لە میدیای خۆیدا بەسەر بكاتەوە و دەستخۆشانە لە دەسەڵات بكات و بە دوایدا بڵێ: ئەی بریا نمونەی ئەم پڕۆژەیە لە شار و ناوچەكانی دیكەشدا جێبەجێ بكرایە ، بەم پێیە ئۆپۆسیزیۆن بە دوو ئاراستە و دوو چاو بەرامبەر دەسەڵات دەوەستێ و لایەنی دەسەڵاتیش بە كارێكی شیاو و دڵسۆزانەی دەزانێ، بەڵام ئەگەر هەر دەستداگرتن بێت لەسەر خاڵە ڕەشەكان و بێدەنگ بوون لە ئاست خاڵە گەشەكاندا ئەوە كارێكی دروست نییە بەو پێوانەیەی كە دەبێ دوو تای تەرازووی لە دەست دابێت.بە كورتی ئۆپۆسیزیۆنی ڕاستەقینە دەبێ دڵپاك بێ نەك ڕقن، گەشبین بێ نەك نائومێد،هاندەر بێ نەك ئاژاوەچی، دۆست بێ نەك بە كینەی كۆن و دووژمنایەتی.
دەوڵەمەندێك لە هەرێمدا كە خۆی بە ئۆپۆزسیۆنكار دەناسێنێ، دەبێ بە ڕێڕەوی دەوڵمەندەكانی وڵاتانی پێگەیشتوو ببێتە یارمەتییدەرێكی چاك و پاكی دەسەڵاتەكەمان، ئەمەش بەوەی لەو سەرمایەیەی كە هەیەتی دەتوانێ ژمارەیەك كارخانە دروست بكات كە چەندین خاوەن بڕوانامەی بێكاری ناو هەرێمەكەمان تێیدا دابمەزرێن و بەمەش ئەركێك لەسەر شانی دەسەڵات كەم دەكاتەوە و ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆكاری ئاوەدان كردنەوە و خزمەتگوزاری و ڕێ ئاسانكردن بۆ پلە پلە سەركەوتنی دەسەڵات و ئەزموونەكەمان.
من ناتوانم قسە لەسەر هەموو دەشت و چیا و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمەكەمان بكەم، بەڵام دەتوانم بڵێم لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا دەشتی شارەزوور، دەریاچە و چەم، چیاكانی باڵامبۆ، هەورامان،سورێن، نووەر و شنروێمان هەیە. بە پێی پرسیار و سۆراخ لە كەسانی شارەزا قسەمان دەستكەوتووە و بەم شێوەیە دەیانخەمە ڕوو.
شارەزوور: دەشتێكی فراوان و بە پیتە و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ كارخانەی تیا دروستبكرێ لەسەر پەموو، تەماتە، كونجی.تووتن و گێزەر و ماسی دەریاچە و چۆمەكانی زەڵم، ڕیشێن، سیروان، تانجەرۆ چیاكان كە ناوم بردن: ئەلەمنیۆم، ئاسن، بەردی سپی و قاوەیی بیناسازی، نەوت و گەچیان تێدایە. بە تایبەتی سەرچاوەی نەوتی بانی بۆڵان و سازان ڕێژەیان زۆرە و هەروەها لە خوڕماڵ و ناوچەی تاوگۆزییدا بە شێوەیەكی بەرچاو گۆگردیان تێدایە.
ئایا ئەو دەوڵەمەندە كە خۆی بە ئۆپۆزسیۆنكار دەزانی لەسەر ئەم بەرهەمانە كارخانە بنیاتبنێ خزمەتێكی گەورە نییە بە خەڵك و دەسەڵات؟ ئەمەیە دەبێ پیشەی سەرەكی ئەوان بێ نەك بوون بە ئۆپۆسیزیۆنكار، ئۆپۆسیزیۆن بەر لە ئەو بوونی هەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی بونیادنەر نەبوو، پشێوی لێ كەوتەوە. دەوڵەمەندە ئۆپۆزسیۆنكارەكەی ئەمجارەش، ئەو كاروانەی بۆ ناگەیەنرێتە دوا هەوارگە، كەواتە لەوسەرمایەیەی كە هەیەتی خزمەتی باری ئابووریمان بكات و سیاسەتیش بە دەست سیاسەتوانانەوەیە، دەسەڵاتەكەشمان تازە خەریكی پێكهێنانی كابینەی نۆهەمە. دەوڵەمەندی ئۆپۆزسیۆنكار…ئەگەر دەتەوێ لەم قۆناغەدا وەك وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا بین ئەوە كارێكی مەحاڵە، چونكە ئەو وڵاتە پێشكەوتووانەش لە پڕێ نەبوونەتە كوڕێ، بەڵكو دەیان دەیان هەشت كابینەیان تێپەڕاندووە ئینجا گەشتوون بە ژیانی بەختەوەر لە هەموو ڕوویەكەوە.
دەوڵەمەندم دیووە لە پاڵ هەندێ خزمەتی چاكدا لێنەویووە مزگەوتێك و هۆڵێكی پرسەی گەورەی دروستكردووە، كە ئەمەیان نابێ، چونكە دروستكردنی مزگەوت، تەكیە و هۆڵی پرسە ئەركی سەرەكی سەر شانی وەزارەتی ئەوقافە، لە جێی ئەوەی ئەو پارەیەی لەوەدا خەرجكراوە بۆنموونە دەكرا كارخانەیەكی وەكو ڕستن و چنین بۆ خەڵكی ئەو گوندە درووستكردایە چونكە وەزارەتی ئەوقاف مانگانە مووچە و بەراتی خۆیان هەیە. گەل و نیشتمان چاوەڕوانی خزمەتگوزاریی سەرمایەداران و، نەك ئۆپوزسیۆنكاری و خەنجەر لە كێلان بكێشن بەرامبەر هەرێمەكەمان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەرچی زۆری ماوە بەڵام كاری زۆریش كراوە بۆ بنیاتنانی زانكۆ، پەیمانگای هونەرە جوانەكان. ڕێگا و بان بە تایبەتی بۆ گوندە دوورە دەستەكان، خۆشكردی ژیان لە سفرەوە بۆ70 تا80 زۆربوونی خەستەخانە و بنكەی تەندروستی، قوتابخانە لە هەموو شوێنێكی پێویست، فەرمانگەكان و بە ناحیە كردنی گوندی گەورە و دروستكردنی قەزا.
لەگەڵ هەموو چاكییەكان و كەم و كوڕییەكان بەزم و هەرای شەڕی ناوخۆ، كێشەی جوندولئیسلام و داعش و ناوچە جێناكۆكەكان بەرۆكی گرتیین و هێشتا تەواو بەریان نەداوین، ئێستەش لەگەڵ ئەوەی دۆخەكە ئارامە، كەچی دراوسێكانمان بە بەغدادیشەوە لەسەر چزوون بۆ ئێمە. ئەمانەش لە كۆسپە سەختەكانی سەرە ڕێی پێشكەوتنی هەرێمەكەماندان. ئیتر كو دەتوانین بگەین بە لوتكە؟ تەنیا و تەنیا كاری دەوێ و سەبری ئەیوب.









